یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی  ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   ئەنجومەنی باڵای فەتوا: ڕێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌و فیدیه‌ی ساڵی 1445هـ = 2024م دیاری دەکات   
مەلا دلشاد سەیدا سورچی
به‌رواری دابه‌زاندن: 19/08/2020 : 15:18:02
قه‌باره‌ی فۆنت
کۆچکردنی پێغەمبەر ( د.خ ) لە مەککەوە بۆ مەدینە.. پەندو ئامۆژگاری

  پێغەمبەرمان محمد ( دروودی خوای لەسەر بێت ) هەڵگری پەیامێکی ئاسمانی بوو بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی، ئەم پەیامە ئاسمانییە هەر هەمووی لە خزمەت و بەرژەوەندی مرۆڤ دایە، جێبەجێ کردنی مایەی سەرفرازی و خۆشبەختی دنیاو قیامەتی مرۆڤە.

هیچ لایەنێکی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ لەم ئاینەدا پشت گوێ نەخراوە..، بەڵکو ئاینێکی گشتگیرە، هێڵە گشتیەکانی بۆ بۆ هەموو بوارەکان داناوە.

پێغەمبەر ( د.خ ) سەرەتا لە شاری مەککە دەستی بە بانگەوازی بۆ ئەم ئاینە کردو بۆ ماوەی سێزدە ساڵ بەردەوام بوو لە هەردوو قۆناغی نهێنی و ئاشکرا.

ئەم پێغەمبەرە ( د.خ) لەسەر بانگەوازی کردنی بۆ ئاینی ئیسلام دژایەتی زۆری کرا، ئابڵووقەی ئابووری درا، جۆرەها ناوو ناتۆرەی لێ نرا، جاری وابوو بە شێت، جادووکەر، درۆزەن ... ناو دەبرا، بەڵام پێغەمبەرمان ( د.خ ) کۆڵی نەداو بەردەوام بوو تاکو خودای گەورە ئیزنی دا کە لە شاری مەککەوە کۆچ بکات بۆ شاری مەدینە ( يثرب ) کە ئەم کۆچە بووە وەرچەرخانێکی مێژووی و دەسپێکی پەیام و ژیانێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتیداو بووە وێستگەیەکی گرنگی سەرکەوتن.

ئەم سەرکەوتنەو وەرچەرخانە مێژوویە بەرهەمی شەوو رۆژێک نەبوو، هەروەها لەپڕێک رووی نەدا، بەڵکو بەرهەمی پەیام و بانگەوازو خەبات و هەوڵ و تێکۆشانی پێغەمبەرو هاوەڵە بەڕێزەکانی بوو.

لەلایەکی ترەوە بە دیاریکراوی سەرکەوتنی پێغەمبەر ( د.خ ) لەم کۆچەداو بوونی کۆچەکە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ژیانی مرۆڤایەتیداو دروستکردنی دەوڵەتی مەدینەو کۆمەڵگایەکی پڕ ئاسایش و دادپەروەری و بەرهەمهێنانی رۆشنبیری کەلتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی چەند هۆکارێکی گرنگ و رێنماییەکی ئاسمانی لە پشتەوە بوون کە هەر کەسێک بیەوێت سەرکەوتوو بێت پێویستە جێبەجێیان بکات و دەستیان پێوە بگرێت، لەمانە:

لەکاتی کۆچکردن ( ٲثناء الهجرة ):

چەند هۆکارێک و فاکتەرێک هەبوون لە رووی لۆجستی و رووحی کە بوونە هۆی سەرکەوتنی پێغەمبەر و ئەبوبەکری راستگۆ لەکاتی کۆچکردندا:

۱- زەمینەسازی: هەر کەسێک یان تاقمێک مەبەستی بێت پەیامێک بگەیەنێت یان ئامانجێک بپێکێت پێویستە پێشتر زەمینەسازییەکی تەواوی بۆ بکات.

پێغەمبەر ( د.خ ) پێش ئەوەی کە کۆچ بکات بۆ شاری مەدینە ئەم خاڵەی لەبەر چاو گرتبوو، هەر ساڵ لە کاتی هاتنی زیارەتکارانی ماڵی خودای گەوە بەردەوام هەوڵی دەدا کە پشت و پەنایەک و هێزێک و هەوادارێکی زۆر بۆ خۆی دروست بکات، بۆیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام لە کاتی هاتنی زیارەتکارانی ماڵی خودا لە ناویان دەگەڕاو بانگەوازی بۆ پەیامەکەی دەکرد تا وای لێ هات دەستێکی بەهێزی لە شاری مەدینەی پیرۆز بۆ خۆی دروست کرد.

هەروەها پێغەمبەر ئەو شوێنەی دیارکرد کە دەیەوێت کۆچی بەرەو بکات، کە شاری مەدینە بوو.

۲- پلانڕێژی ( التخطيط ) و گرتنەبەری هۆکارەکان ( الٲخذ بالٲسباب ):

ئەم خاڵەشیان خاڵێکی زۆر گرنک بوو لە گرتنەبەری کە بووە هۆی سەرکەوتنی پێغەمبەر لە کۆچەکەیدا، چونکە ئەبێت بۆ هەر ئامانجێک و پێکانی ئەبێت مرۆڤ پلان و نەخشەرێگای ئامادەکراوی خۆی هەبێت و لەسەری بڕوات.

ئەگەر تەماشای پێغەمبەر بکەین دەبینین کە چۆن پلانی ئامادەکراوی خۆی ۆ ئەم کۆچەی هەبووە، وەک:

ٲ- دەرچوونی پێغەمبەر ( د.خ ) بە دەمامکەوە ( ملثماً ) تاكو ئەگەر کەسێک بینی نەیناسیتەوە.

ب- ئیمامی عەلی لە ماڵەوە لە شوێنی خۆی جێ هێشت تاکو دوژمنانی وا تێبگەن کە محمد لە ماڵەوەیە.

ت- پێغەمبەر لە باشووری مەککە بەڕووی یەمەن دەرچوو پاشان بەرەو مەدینە سووڕایەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێکیش بیانبینیت بە هەڵە بڕوات بە دوایاندا.

ث- ئەسمائی کچی ئەبوبەکر خواردن و حواردنەوەو هەواڵی بۆ دەبردن، چونکە ئەوکات خەڵک لەم جۆرە رووداوانە چاودێری ئافرەتانیان نەدەکردو باو نەبوو کە ئافرەت ئەم جۆرە کارانە بکات.

ج- شوانێکیان ( عامر بن فهیرە ) تێگەیاندبوو کە ئاژەڵەکانی بە شوێن و رێگاو شوێن پێکانیان بهێنێت تاکو هیچ شوێنەواری هیچ کەسێک دیار نەبیت.

۳- پشت بەستن بەخوا ( التوكل علی الله ):

تەنها زەمینەسازی و گرتنەبەری هۆکاری لۆجستی و حسی بۆ مرۆڤی موسوڵمان بەس نیە، بەڵکو پێویسته موسوڵمان هەمیشە سەرەڕای ئەمانە پشت بەخوای گەورە ببەستێت جا لە هەر پێگەو مەقامێک بێت، بۆیە دەبینین کاتێک کە پێغەمبەرو ئەبوبەکر لە ئەشکەوتدا دەبن و کافرەکان لێیان نزیک دەبنەوە ئەبوبەکر بە پێغەمبەر دەڵێت لێمان نزیک بوونەوە دەمان بینن.

پێغەمبەر ( د.خ) ئارامی دەکاتەوەو پێی دەفەرموێت: ما ظنك بٳثنین الله ثالثهما؟

واتە: ئەی ئەبوبەکر تۆ چی دەڵێیت بەرامبەر دوو کەس کە خودا سێیەمیانە؟

خودای گەورە دەفەرموێت: ( الا تنصروه فقد نصره الله ٳذ ٲخرجه الذين كفروا ثاني اثنین ٳذ هما في الغار ٳذ يقول لصاحبه لا تحزن ٳن الله معنا فٲنزل الله سكينته عليه وايده بجنود لم تروها وجعل كلمة الذين كفروا السفلی وكلمة الله هي العليا والله عزيز حكيم ) التوبة / ٤۰

ئەم خاڵانە لەو خاڵە گرنگانەن کە پێغەمبەر ( د.خ) بۆ کۆچ کردن گرتیە بەر کە بوونە هۆکاری سەرکەوتنی لەم کۆچەدا.

پاشان کۆمەڵە خاڵێکی تری گرنگ هەن کە بوونە هۆکاری بە تەواوەتی سەرکەوتنی پێغەمبەر ( د.خ ) لە پاش گەیشتنی بۆ شاری مەدینە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

۱- دروست کردنی مزگەوت:

هەر بە گەیشتنی پێغەمبەر ( د.خ ) بە شاری مەدینە یەکەم کاری لە پێشینەی دروست کردنی مزگەوت بوو، کە بووە مەڵبەندێک بۆ بەستنەوەی مرۆڤ بە خوداوە لە لایەک و بەستنەوەی مرۆڤ بە مرۆڤەوە لە لایەکی ترەوە.

ئەم مزگەوتە بووە مەڵبەندێک کە هەرچی پەیامی گرنگەو هەرچی کاروباری موسوڵمانانە لێرەدا بەڕووی خەڵکیدا روون بکرێتەوە، کە ئەمەش بووە بەهێزترن ئەڵقە بۆ بەستنەوەی موسوڵمانان بەیەکترییەوەو بووە شوێنێک کە هاونیشتیمانی سادەو بەرپرس لێرەدا لەژێر کەش و هەوایەکی روحی و ئیمانی یەکتری ببینن و کاروبارەکانیان رایی بکەن.

پێغەمبەر ( د.خ ) لەکاتی دروستکردنی مزگەوت پەیامێکی گەورەی بە گوێی موسوڵماناندا چرپاند.

ئەویش ئەوە بوو کە شوێنی مزگەوتەکە زەوی دوو کەسی یەتیم بوو، سەرەڕای ئەوەی کە پێیان خۆش بوو پێشکەشی بکەن بەڵام پێغەمبەر پەسەندی نەکرد بەڵکو لێیانی کڕی، تاکو لەژێر هیچ ناوێک و هیچ بیانوویەک کەس موڵکی کەس زەوت نەکات.

لێرەدا پێویستە ئێمەی موسوڵمان و کۆمەڵگاکەمان حکومەت و دەستهەڵاتداران رۆڵی مزگەوت بگەڕێنینەوە، پەیامی راستەقینەی ئیسلام لە مزگەوت وەربگرین.

۲- دروست کردنی برایەتی لە نێوان کۆجبەران و خۆجێیەکان:

لەبەر ئەوەی کۆجبەران ماڵو حاڵی خۆیان جێ هێشتبوو،، بێ مەئواو لانە بوون و تاکێکی نوێ بوون لەم شارەدا (مەدینە ) لە دوورە وڵاتی خۆیان، لە ئیسلامیشدا پێویستە کەسی لێهاتوو و هەبوو چاوی لە کەسی هەژارو ئاوارە بێت، بۆیە پێغەمبەر برایەتیەکی توندو تۆڵ و بەهێزی لە نێوان کۆجبەرەکان و خۆجێیەکان دروست کرد کە هەر کۆجبەرێکی بێ شوێن و ماڵ پێویسته خۆجێیەک شوێنی بۆ پەیدا بکات و بژێوی ژیانی بۆ دابین بکات.

خەڵکی شاری مەدینە بە سینگێکی فراوان و موسوڵمانانە ئەمەیان وەرگرت، لە هەمان کاتدا کۆجبەرەکان ئیرادە بەهێزو چاو کراوە بوون، کاتێک خۆجێیەکان ماڵ و سامانی خۆیان لەسەر عەرز دەکرد دەیانگۆت خودا بەرەکەت بخاتە ماڵ و سامانتان بەڵکو بازاڕمان پیشان بدەن بۆ ئەوەی ئیشێک بدۆزینەوە.

ئەم خاڵە پێمان دەڵێت کە هەمیشە برایەتی لەنێوماندا هەبیت، دەستی یەکتری بگرین، لەهەمان کاتدا ئیرادە بەرز بین، عیززەتی نەفسمان هەبێت، نەبینە بار بەسەر ملی کەسدا، هەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆمان بدەین.

۳- دەستووری مەدینە لە نێوان موسوڵمانان ( کۆچبەرو خۆجێیەکان ) و ناموسوڵمانەکان بە تایبەت جوولەکەکان:

نیشتیمان و ئاین دوو شتی لێک جیاوازن، خودای گەورە داوای لە تێکڕای بەندەکانی خۆی کردووە کە ببنە موسوڵمان، ئاینی ئیسلام تاکە ئاینێکی خوداییە، هیچ ئاینێکی تر پەسەند نیە و خودا بەهیچ ئاینێکی تر رازی نیە، لە هەمان کاتدا خودای گەورە مرۆڤی ئازد کردە کامە ئاینەو کامە هزرە ئایدۆڵۆژیا هەڵدەبژێرێت، ئەمەش مانای وانییە کە هەموو ئاینەکان راستن، نەخێر ئاینی تەواو ئاینی ئیسلامە، بەڵام خودای گەورە دەیەوێت خەڵک ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئاین تاکو کۆمەڵگایەکی موسوڵمانانەی خاوێن بەرهەم بهێت نەک کۆمەڵگایەک پڕ بیت لە دوو رووەکان ( منافق ).

پاشان ئەم دونیایە بەهەشت و دۆزەخی بەدواوەیە، خەڵک ئەبێت ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی بیرو باوەڕیدا تاکو دادپەروەری خودای گەورە دیار بێت و کەس گلەیی نەکات لە بەزۆر سەپاندنی هەر ئاینێک بەسەریدا.

ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە نیشتیمان نیشتیمانی هەموو هاوڵاتیانە، هەموویان لەناویدا دژین و بەیەکەوەش پێویستە بەرگری لێ بکەن.

بۆیە دەبینین پێغەمبەر ( د.خ ) دەستوورێک یان بەڵگەنامەیەکی لەنێوان موسوڵمانان و نا موسوڵمانان نووسی کە دان بە هاونیشتیمانیبوونی هەموو کەسێک دادەنێت و هەر کەسێکیش ئازادە لە هەڵبژاردنی ئاینی خۆی، بۆیە لە شاری مەدینە پێکەوە ژیانێکی ئاینی و هزری جوانی بەرهەم هێنا کە بووە بەردی بناغەو نموونەی کۆمەڵگای بەیەکەوە ژیان.

ئێستاش ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتانی ئیسلامی و کوردستانی خۆمان پەیڕەو دەکەین لە پێکەوە ژیان هەر ئەو کارەی پێغەمبەرو پەیامی ئیسلامە نەک دیعایەو قسە بریقەداو بێ کردەوەکانی خەڵکانی تر، ئێمە بیرو باوەڕو رێڕەوەی ژیانمان لە ئیسلامەوە وەردەگرین، هیچ سەرچاوەیەکی تر پەسەند نییە، و هیچ ئایدیایەکیش قبوڵ نیە کە هانی توندوتیژی بدات.

بەڕاستی ئەمەشیان ئەمڕۆ زۆر گرینگە بۆ ئێمەی موسوڵمان و کوردستانی کە هەر هەموومان بێ تەماشا کردنی ئایدۆلژیاو ئینتیمای حیزبی و ئاینی لەم وڵاتەدا بەیەکەوە بژین و دادپەروەری هەبێت و بەرگری لێ بکەین و خۆمان بەخاوەنی بزانین، نەک پەراوێز خستنی تاقمێک و ماف پێنەدانیان و تاقمێکیش خۆی بە هەموو شت بزانێت، تاقمەکەی تریش لە رقان و کاردانەوە لە بەرامبەر ستەم و ستەمکاری ئینتیمای بۆ وڵات لەدەست بدات.

بەڕێزان: سبەی پێنج شەممە / ۲۰ / ۸ / ۲۰۲۰ / دەکاتە سەرەتای ساڵی کۆچی، یەکی مانگی محرم ساڵی ۱٤٤۲ ی کۆچی.

ئایا لەیادی کۆچی پێغەمبەرماندا ( د.خ ) چی بکەین؟

پێویستە هەموو موسوڵمانێک بەچاوو مێشکی عیبرەت و پەند وەرگرتن و کردنە کەتەلۆکی ژیانی خۆی تەماشای کۆچی پێغەمبەر لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینەی پیرۆز بکات، هەوڵ بدات زۆرترین سوودو پەندی لێ وەربگریت.

ئەمڕۆ پێویستە موسوڵمان لە یادی کۆچی پێغەمبەردا کۆچ لە چەند شتێک بکات:

۱- کۆچکردن لە گوناهو تاوان و رێگای شەیتان بەرەو چاکەو چاکەخوازی و ئاینی پاکی ئیسلام.

۲- کۆچکردن لە گەندەڵی بەرەو چاکسازی.

۳- کۆچکردن لە تەمبەڵی و کارنەکردن بەرەو کارکردن و کارایی و داهێنان.

٤- کۆچکردن لە ئیهمالی و گرنگی پێ نەدان بەرەو رێکی و ئیتقان و گرنگی پێدان.

٥- کۆچکردن لە کاری هەڕەمەکی و عیشوائی بەرەو کاری رێکخراوی و لە پێشینەکان ( ٲولویات ).

٦- کۆچکردن لە توندو تیژی و بیدعیەچیاتی بەرەو وەسەطیەت و میانڕەوی ئیسلام.

۷- کۆچکردن لە رق و کینەو دژایەتی بەرەو خۆشەویستی و برایەتی.

۸- کۆچکردن لە پەراوێزخستنی یەکتری بەرەو خوێندنەوەو حیساب بۆ یەکتری کردن.

۹- کۆچکردن لە ستەم و ستەمکاری بەرەو دادپەروەی ئیسلام.

بەڕێزان کۆچی پێغەمبەرمان زۆرترین پەندو ئامۆژگاری و نەخشەڕێگای تێدایە، هەر لە دڵسۆزی بۆ خوداو ئاینەکەی، و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و برایەتی راستەقینە بۆ خودا، خۆ بەختکردن لەپێناوی ئیسلام ... زۆری تریش کە ئەگەر هەمووی باسبکەن لەوانەیە چەند بەرگێک لەخۆ بگرێت، بەڵام ئێمە لێرەدا ئیکتیفا بەم بەشە گرنگە دەکەین.

داواکارین لە خودای گەورە کە ئەم یادە ببیتە وێستگەیەک بۆ باڵا دەستی ئیسلام و گەڕانەوەی شکۆ بۆ موسوڵمانان، ببێتە مایەی برایەتی و تەبایی و دادپەروەری و لێبوردەیی.

وداوا لە خودای گەورە دەکەین کە ئەم بەڵایەو پەتاو ڤایرۆسە لەسەر تێکڕای جیهانیان لا ببات.