یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی  ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   ئەنجومەنی باڵای فەتوا: ڕێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌و فیدیه‌ی ساڵی 1445هـ = 2024م دیاری دەکات   
کوردۆ شابان
به‌رواری دابه‌زاندن: 24/09/2020 : 19:14:02
قه‌باره‌ی فۆنت
ئیبن ئادەمی باڵەك.. ئوستادی شەریعەت و داهێنەری ئەندازەی ماتماتیك

بەرایی

لەمێژە ناسنامەیەكمان بۆخۆمان دابڕیوە و دەبێژین، ئێمە گەلێكین، جگە لە چیاكانمان، پشتوپەنای دیكەمان نییە و بێگانەیش ددانیان بەمەدا ناوە، كەچی مەحموود دەرویش، شاعیری ناوداری فەلەستینی پێمان دەڵێ: “كورد هیچی دیكەی نییە، جگە لە با” كە زۆر كەس بە سەركێشی یان جیاواز لەوەی خۆمان بەخۆمان بڕیوە، ئەوەی دەرویشیان لەقەڵەم داوە، لەكاتێكدا ئەگەر بۆ جارێكیش چووبێتینە سەر چیا، دەزانین ئەوەی لەو لووتكانە هەڵمان دەسووڕێنێ، بایە. تا ئاڕاستەی با، بمانبا، هەمووی بە هیی خۆمان دەزانین.

هەموو چیاكانی كوردستان كە ڕەنگە بەپێی زەویناسی یەك ڕەگیان هەبێ، كاتێك قووچ دەبنەوە، لە چەند لووتكەیەكی ناودار لەناو كورددا جێیان داكوتییوە. هەر یەكە لەو لووتكانە، سەرچاوەی شارستانی و كانگای ژیان بوون. هەڵگورد، یەكێكە لە بەرزترین لووتكەكانی باشووری كوردستان و بنارەكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش درێژ دەبێتەوە و ئەو دەڤەرەی سەرچاوەی لووتكەكەیە، پێی دەگوترێ باڵەك كە دەڤەرێكی خاوەن ناسنامەی تایبەتیی خۆیەتی.

درێژایی ئەو بایەی لە لووتكەی هەڵگوردەوە تاكی كوردی هەڵسووڕاندووە، وەك مەحموود دەرویش دەیڵێ، سەدان كیلۆمەتری بڕیوە. تاكی كورد، باگردێن ئاسا، بۆ هەر شتێك لە لووتكەوە گلۆر بووبێتەوە، هەتا ئاڕاستەی با شنەی هاتبێ، لەگەڵ خۆیدا كۆی كردووەتەوە. ئیبن ئادەم، تاكێكی خەڵكی ئەو لووتكەی هەڵگوردەیە، بە مەرامی گەڕان بەشوێن زانستدا، لەگەڵ با شۆڕ بووەتەوە و لە هەر شوێنێك زانستی لێ بووبێ، بەبێ زێدەگۆیی دەتوانین بڵێین هەمووی كۆكردووەتەوە و لەسەر هەموویشی كتێبی نووسیوە. ئەگەر ئیبن سینای بوخارا، بە ئاسۆیی بەرەو گەیشتن بە زانستەكانی سەردەم گەڕابێت، ئیبن ئادەمی باڵەكیی كوردی خۆمان، بە ستوونی هەمان ئەو گەڕانانەی كردووە و ئەگەر دەردی بێ دەرمانی كورد نەبوایە، ئەوەی لەڕووی زانستەوە پێشكەشی كردووە، ڕەنگە هیچی لە ئیبن سینا كەمتر نەبووبێ.

ئیبن ئادەم كێیە؟

موحەممەد ئادەم عەبدوڵڵا محەممەد یوسف عوسمان ئەلیاس حوسێن، بە ئیبن ئادەم ناسراوە. لە ساڵی 1750ی زایینی (هەندێكیش دەڵێت ساڵی 1747) لە “ڕوست” كە یەكێكە لە گوندەكانی دەڤەری  باڵەكایەتی، لەدایك بووە. هەر لە سەرەتاكانی تەمەنییەوە، لەلایەن مەلا ئادەمی باوكی دەستی بە خوێندن كردووە و هەر زوو هەستی كردووە، لەگەڵ شەپۆلی با، بەرەو كانگاكانی زانست لەو سەردەمەدا دەیبات و یەكەم وێستگەی دوای حوجرەكەی باوكی، چووەتە مەدرەسەكەی مەلا موحەممەد عەبدوڵڵای بایەزیدی بۆ باكووری كوردستان و لەوێ ماوەیەكی باش دەمێنێتەوە، پاشان لای مەلا ڕەسوولی گۆرانی، مەلا عەبدووڵای شێخانی، مەلا عەبدوڵڵای گڕاویی خوێندوویەتی و هەر لەڕێگەی گەڕان بەشەوێن زانستدا، ساڵی 1778ز دەچێتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ماوەیەك لە مەهاباد خوێندوویەتی كە بۆ ئەو سەردەمە مەدرەسەی ئەو شارە وەك زانكۆ وابووە. فێرخوار هەر وانەی ئایینی پێ نەدراوە، بەڵكوو زانستەكانی فەلەكناسی، ماتماتیك، فیزیا، ئەندازەیی، نەحوو، سەرف و زۆر زانستی دیكەی خوێندووە و لەپاڵ عەرەبی، فێری فارسیش بووە. هەر لەوێ ساڵی 1780ز ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و دواتر ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەری باڵەكایەتی لە گوندەكانی ئەو دەڤەرە دەست بە پیشەی مەلایەتی دەكات و دواتر لە ڕواندز كە ئەو وەختە پایەتەختی میرنشی سۆران بووە، نیشتەجێ دەبێ.

گەوهەرێك لە تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە دەركەوت

ئیبن ئادەم هەر لە تەمەنی 30 ساڵییەوە، دوای ئەوەی هەموو زانستەكانی ئەو سەردەمە كە پێی گوتراوە دوازدە عیلم تەواو دەكات، جیاواز لە مامۆستای ئایینیی كلاسیك، بۆچوونی خۆی لەسەر نەوەك تەنانەت بابەتە شەرعییەكاندا هەیە، بەڵكوو تێڕامانی فەلسەفی و بیردۆزی ماتماتیك و ئەندازەییشی هەبووە كە دواتر دەبنە سەرچاوەی زانست لە زانكۆكانی دەوڵەتی عوسمانی. ئەم هزرانەی خۆی لە بوارە جیاوازەكاندا دەنووسێتەوە و دەست بە تەئلیف دەكات، ئەمەیش وای كردووە مستەفا بەگ (باوكی پاشای كۆرە) ڕێزی تایبەتی بگرێ وەك شانازییەكی نیشتمانیی ناوچەكەی خۆیان تەماشای دەكات و هەوڵ دەدات هەموو پێداویستییەكانی بۆ جێبەجێ بكات. قۆناغی نووسینی ئیبن ئادەم ئیدی لێرەوە دەست پێ دەكات تا كۆتایییەكانی تەمەنی و زیاتر لە 50 بەرهەم لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێ.

پێوەندیی تاڵ و شیرینی ئیبن ئادەم و پاشا

مستەفا بەگ، میری سۆران، بەهۆی ئەو هەموو ڕێزەی لە ئیبن ئادەمی دەگرت و دەیزانی خاوەنی پێگەیەكی زانستی و مەعریفی گەورەیە، دوای ئەوەی ململانێی ناوخۆی لە میرنشینەكەی دروست دەبێ، داوا لە كوڕەكەی دەكات، ئەو مامۆستایە بناسێ كە لە ڕواندز مەدرەسەیەكی هەیە و هەموو دەڤەری باڵەكایەتی لای ئەو دەخوێنن و سوود لە تواناكانی بكات. دەچێتە خزمەتی ئیبن ئادەم و داوای لێ دەكات، كوڕەكەی بۆ گۆش بكات، چونكە دەیەوێ بیكاتە جێنشینی خۆی. ئەوەی لە زانست و هۆشیاری و مەعریفەیە لای پاشای كۆرە، بەهۆی ئیبن ئادەمەوە فێری بووە، ئەو نەوەك تەنیا مامۆستا و خاوەنی خوێندنگەیەكەكی گەورە بوو، بەڵكوو مەرجەعی باڵای هەموو حوكمێكی ناوچەكە بوو، ئەمەیش وای كرد كاتێك پاشای كۆرە دەبێتە میری سۆران، بە فەرمی دەیكاتە موفتیی میرنشینەكەی.

پێوەندیی بەهێزی ئیبن ئادەم و قوتابییەكەی كە پاشای كۆرەیە، تا ئەو كاتە دەخایەنێ كە پاشا داوای لێ دەكات فەتوای بۆ بدات بەناوی بەرهەڵستییەوە، هەموو ئەوانە قەتڵوعام بكات كە ناچنە ژێر فەرمانەكانییەوە، ئیبن ئادەم ئەوە ناكات و ڕازی نابێت فەتوای كوشتن بدات، ئیدی لێرەوە پێوەندییەكەیان لاواز دەبێت، ئینجا بۆ ئەوەی لەدەست جەوری پاشا ڕزگاری بێت، دەست لە پۆستەكەی هەڵدەگرێ كە موفتیی میرنشینی سۆرانە و پێشنیازیش بۆ پاشای كۆرە دەكات مەلا موحەممەد ئەفەندی شێخ سلێمان كە ناسراوە بە مەلای خەتێ، بكاتە موفتی. مەلای خەتێ قوتابی و پەروەردەی دەستی ئیبن ئادەم بووە و زانیویەتی دانایی و حیكمەتی زۆری هەیە لە بڕیارداندا.

دوای نەمانی لە پۆستەكەی، زۆرتر دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی پاشای كۆرە، بۆیە بەناچاری ڕواندز بەجێ دەهێڵێ و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی “ڕۆست” كە زێدی خۆیەتی و دواتر لەوێش نەماوە و چووە بۆ گوندی “دێلزە” و لەوێ مەدرەسەیەكی بچووك دادەنێ و زۆرتریش خەریكی نووسین دەبێ. هەر لەوێش دەمێنێتەوە تا كۆچی دوایی دەكات.

ئیبن ئادەم و بۆچوونی ئایینی

بەپێی ئەو بەرهەمانەی لەدوای خۆی بەجێ ماون، ئیبن ئادەم لەسەر عەقیدەیەكی ئیسلامیی یەكتاپەرستیی توند بووە كە پێی وا بوو، ئەو هانا و هاواربردنانەی بۆ شێخ و گۆڕ و پەڕۆ و جادوو دەكرێن، بڕوادار لە ئایینەكەی پێی دێتە دەرەوە، ئەمەیش وای كردووە، زۆر كەس بە یەكەم سەرهەڵدانی بیری سەلەفی هەژماری بكەن. هەڵبەت كاتێك باسی بیری سەلەفی دەكەین، نابێ ئەو ئیسلامییە ڕادیكاڵانە بێنە هزرمانەوە كە لەپێناو دەوڵەتی ئیسلامی خەڵكیان كوشتووە، بە بەڵگەی ئەوەی، هەموو كێشەكانی لەگەل پاشای كۆرە لەسەر ئەوە دەستیان پێ كرد كە ئامادە نەبوو فەتوا بۆ كوشتن بدات. لەوەیش گرینگتر ئەوەیە، كەسێكی نیشتمانپەروەر بووە.

ئیبن ئادەم و سوڵتانی عوسمانی

لە یەكێك لە كتێبەكانی خۆیدا، ئیبن ئادەم باسی ڕووداوێك دەكات كاتێك سوڵتان سەلیمی عوسمانی، پرسیارێك ئاڕاستەی زانایانی عێراق و كوردستان دەكات كە وەڵامەكەی ئەستەم بووە و بە نیشانەی لێهاتوویی هەركەسێك دایناوە ئەگەر وەڵامەكەی بزانێ، بۆیە یەكسەریش دەیكاتە والیی خۆی لە بەغدا. دوای ئەوەی زۆربەی زانایان پرسیارەكەیان پێ دەگات و ناتوانن وەڵامی بدەنەوە، بۆ ئیبن ئادەمی دەنێرن، ماوەی تەنیا ڕۆژێكی پێ دەچێ، وەڵامەكە دەداتەوە، بەڵام نەوەك لەبەر ئەوەی زۆری بەلاوە گرینگ بێت بچێتە بەغدا و ببێتە والی، تەنیا ویستوویەتی بیسەلمێنێ، وەڵامی هیچ پرسیارێكی لێ عاسی نابێ. بەڵام دیارە فەقێكانی وەك خۆی نابن و خەڵاتەكەیان پێ گرینگە، یەكێكیان وەڵامەكە دەباتەوە بۆ سوڵتان و خەڵاتەكەشی پێ وەردەگرێ.

توانا و لێهاتوویی زانستی ئیبن ئادەم

ئەوەی ئیبن ئادەم لە هەر زانایەكی دیكە ڕەنگە بە شێوەیەكی بەرچاو جیا بكاتەوە، فراوانیی توانا زانستییەكەی بووە لە هەموو ئەو بوارانەی لەو سەردەمەدا پێیان گوتراوە زانست. سیبغەتوڵا حەیدەری زانای ناودار دەڵێ: ئەگەر هیچ زانستێك لە دونیادا نەمابوایە، ئیبن ئادەم دەیتوانی لە بە دەستنووسی خۆی هەمووی بنووسێتەوە. ئەوەی جێگەی داخە، بەشێكی زۆری بەرهەمەكانی فەوتاون، هەندێكیان كەوتوونەتە ئاوەوە و جارێكی دیكە دەرهێنراون و پارێزراون، تەنانەت باسی دیوانێكی شیعری دەكرێ، بەڵام هیچی نەماوە. وێڕای شارەزایی لە كوردی، فارسی و عەرەبی، پسپۆڕی زانستە ئایینییەكان بووە، شارەزای زانستەكانی زمان، فەلسەفە، زانستی وێژەیی، ماتماتیك، ئەندازیاری، فیزیا، فەلەكناسی، كۆمەڵناسی بووە.

بەرهەمەكانی

وەك پێشتر گوتمان، زۆرێك لە بەرهەمەكانی ئیبن ئادەم فەوتاون، پسپۆڕان دەریان خستووە كە زیاتر لە 100 كتێبی دانراوی لە بوارە جیاوازەكاندا هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستە لەبەردەستن، نزیكی 50 دانەن. ئەمانە بەشێكیانن:

علم الكلام والمنطق: شرح اثبات الواجب فی علم الكلام، مرآة المأمول فی المنطق، میقات المعقول فی شرح مرآة المأمول فی المنطق، حواشیه: علی حاشیة عبدالحكیم بن شمس الدین الهندی علی شرح الشمسیة وعلی حاشیة للسید شریف الجرجانی.

علم الفلك والهندسة والحساب: تعلیقات علی الجغمینی، حاشیة علی اشكال التأسیس للسمرقندی، شرح خلاصة الحساب لبهاء الدین العاملی، حاشیة علی شرح الروزنامة (التقویم) الجدیدة والقدیمة، روزنامة (التقویم)، تشریح السیارات، مفتاح المغیب فی العمل بالربع المجیب، تذكرة الاحباب فی العمل بالاسطرلاب، مفتاح التنجیم فی شرح التقویم، مرآة المعقول.

علم النحو: مصباح الخافیة فی شرح نظم الكافیة، والكافیة لابن الحاجب الكردی أما نظم الكافیة فهی للشیخ معروف النودهی، تعلیقات علی شرح السیوطی علی ألفیة ابن مالك، تعلیقات علی حواشی الفوائد الضیائیة لللاری، تعلیقات علی حواشی الضیائیة لعصام الدین الاسفراینی، حاشیة علی دیباجة شرح الانموذج.

الصرف والبلاغة: تعلیقات علی الجاربردی فی شرح الشافیة لابن حاجب الكردی، تحریر البلاغة، شرح تحریر البلاغة، تعلیقات علی المطول للتفتازانی.

مصنفاته الاخری: شرح فرائض شرح المنهج فی الفقە، كتاب فی الوضع والبیان والآداب، مشكاة المنقول فی اربعة فنون النحو والصرف والعروض والمنطق، مجالس النوامیس فی المواعظ، سلسلة الذهب عن تاریخ حیاته، كتاب فی التاریخ، زبدة الاسرار، تهذیب الاصول الی مدارك العقول، شرح الهدایة، شرح ذات الشفاء.

قوتابییەكانی:

ئیبن ئادەم بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی كاروانی تەمەنیدا فەقێی هەبووە، ژمارەی قوتابییەكانی زۆر زۆرن، بەڵام ئەوانەی بە نەمری ناویان دەنێنێتەوە، بریتین  لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی كە لە شارەزوورەوە بۆ خوێندن گەیشتووەتە لای ئیبن ئادەم، هەروەها مەلای خەتێ كە مێژوویەكی زۆری لەگەل میرنشینی سۆران هەیە، سێیەمیش كە دەبێ باس بكرێ، مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە، باوكی مەلای گەورەی كۆیەیە، چونكە لە زانستی ئیبن ئادەم و فیكری ئەو بەر مەلای گەورەش كەوتووە.

هێڵکاری بە واکۆم لەلایەن: ئازەر عوسمانەوە.