لەم ڕۆژانەدا لە جیهاندا یادی لە دایکبوون و سەری ساڵی نوێی میلادی بوو و بەم بۆنەیەشەوە زۆربەی زانا و بانگخوازانی ئیسلام بە ڕێزەوە ڕەچاوی هەستی باوەڕدارانی مەسیحی شوێنکەوتوانی گەورەمان عیسا پێغەمبەر «عليه السلام، وصلى الله على نبينا محمد وآله وسلم» یان كرد و لە ڕوانگەی وەڵامدانەوەی چاکە بە چاکە و ڕەخساندنی دەرفەتی بەرینتر بۆ بانگەوازی ئیسلامی و بە جێهێنانی مافی هاونیشتیمانی و دراوسێیەتی باش و مرۆڤایەتی پیرۆزبایی یادەکەیان لە مەسیحیەکان کرد. لە بەرانبەردا خەڵکانێکی نەزان و تێنەگەیشتوو لە جیهانی ئیسلامی و هەندێک لەوانەش کە بۆ گوزەرانێکی باشتر و دادگەر تر یان بەدیهێنانی حەز و ئارەزوەکانیان یان دابینکردنی دواڕۆژێکی ڕوناکتر بۆ ماڵومنداڵەکانیان ژیانکردنیان لەسایەی ئایندارانی مەسیحی هەڵبژاردووە ، هێرشێکی ناڕەوایان کردەسەر ئەو زانا و بانگخوازانە و شەلم کوێرم ناپارێزم کەسایەتی و خێزانەکانیان و تەنانەت شێوەی ڕوخسار و قەد و باڵا و ڕوخساریش کە خواکردە درانە بەر تانە و جوێن و گاڵتەپێکردن . ئەوەندەی دیقەتی تێچێنەکانی سۆشیالمیدیام داوە "عەرەبی و کوردی" ڕێک ئەو تێبینیەم بیر دەکەوێتەوە کە برایەکی بەڕێزم پزیشکر نەخۆشیە دەرونیەکانە باسی جۆرەخەڵکێکی دەکرد دەکرد دەیگوت چەکێک بگرە دەستەوە و جوێن بدە و بەخێرایی لە شێوەی هێرشبردن بڕۆ ئەو جۆرە کەسانە بێئەوەی بزانن مەسەلە چیە و بێئەوەی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە و پرسیاربکەن و تێبگەن شوێنت دەکەون و جوێن دەدەن و پەلاماردەدەن . هەرچەندە زانا و بانگخوازە ڕەسەن و ڕاستەقینەکان بەردەوام شەو دەدەنە دەم ڕۆژ لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئیسلام و پیشاندانی جوانیەکانی و بنەماکانی گەورەیی و میهرەبانی خوداو پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن و دابینکردنی مافی مرۆڤەکان و ئاشتیخوازیدان . لەبەرانبەردا هەمیشە کەسانێکی تێنەگەیشتوو لە چەمکەکانی حیکمەت و موجادەلە بەباشترین و مەوعیزەی حەسەنە و بیڕڕ و قیسط ی قورئانی پیرۆز بەناوی ئیسلامەوە لاف و گەزاف لێدەدەن و گوتار دەدەن و تێچێن دەکەن و هەڵەشەییانە ڕێسی هەوڵ و جوهد و جیهادی ئەو زانا و بانگخوازە دڵسۆزانە بە خوری دەکەن. ئەوەی کەزۆر مایەی پێکەنینە هەڵبەتە لە ڕاستیدا گریانە کە بڕوامان وابێت ئاینی ئیسلام بەم جۆرە بیرکردنەوانە و بە ئیدیعای ئەو جۆرە کەسایەتیە دۆنکیشۆتیانە بە دنیادا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە گەورەترین ئاین لە جیهاندا لە کاتێکدا وەک گوتویانە ئەمانە دۆستت بن هەرگیز دوژمنت ناوێت . هیوادارم وا تێنەگەن زۆر ڕەشبینم، گومانم نیە خوای گەورە پەیامەکەی خۆی هەر سەردەخات و نورو ڕوناکیە پیرۆزەکەیشی پیشانی هەموو عالەم دەدات، { فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً ۖ وَأَمَّا مَا يَنفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الْأَرْضِ ۚ كَذَٰلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الْأَمْثَالَ } . |