یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   ساڵیادی رادیۆی (دەنگی زانایان) لەهەموو لایەک پیرۆز بێت    *****    *****   مامۆستا مەلا حمدامین بەرگرکەیی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە سەر رەوشی کوردانی رۆژئاڤا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەنجام دەدات    *****    *****   دیداری سەرۆکی یەکێتی زانایان و شێخ مورشید خەزنەوی و تاوتوێکردنی رەوشی کوردانی سوریاو هەڵوێستی زانایان    *****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە کۆمەڵێک مامۆستاو قوتابی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەددین دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوەو چەند پرسێکی گرنگ و هەنوکەیی تاوتوێ دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەت بە پێکەوەژیان لە زانکۆی نۆڵج دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان سیمینارێک بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی ساز دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان لەسەر رووداوەکانی حەلەب پەیامێک بڵاو دەکاتەوەو ئیدانەی هێڕشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین چالاکیەکانی ساڵی 2025 بڵاودەکاتەوە    *****    *****   گۆڤاری ئەلیکترۆنی تایبەت بە چالاکیەکانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2025دا   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 11/01/2026 : 18:41:37
قه‌باره‌ی فۆنت
لە نێوان دوو (شەرع) دا چما سوریا وا دەکات؟

 

هێڕشەکانی سەر حەلەب بەتایبەت هەردوو گەرەکی کوردنیشنی شێخ مەقسودو ئەشڕەفییە، بەتەنها رووداوێکی سیاسی و کاتی نیە، بەڵکو دیوێکی ترو دیرۆکێکی قوڵتری هەیەو پەیوەندی بە برینی ساڕێژنەبوو و قەیرانێکی ڕیشەدارەوە هەیە، کە بەستراوەتەوە بە میراتی عەقڵیەت و تێڕوانینی رەوت و رژێمە خۆپەرستەکانەوە، بەشێکیان بەناوی عروبە و بەشێکیان بە ناوی ئیسلامەوە قەت ئامادە نین دوورو نزیک دان بە کورد و مافە رەواکانی بنێن.

ئەوەی بەرامبەر کورد کراوەو دەکرێت، بەهەموو پێوە ئەخلاقی و ئینسانیەکان پێشێلکاری و زوڵمێکی گەورەیە، ئامانجی هەرە سەرەکیش سەرکوتکردن و شکاندنی ئیرادەی کوردو شێواندنی شوناس و دیمۆگرافیایە، هاوکات بەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر کورد هێنراوەو دێت، کورد وەک گەلێکی خۆڕاگرو بەئیرادە لەسەر خاک و ناسنامەی خۆی ماوەتەوەو سازشی نەکردووە، لە مێژووشدا وابووە ئەوەی ستەمی کردووەو مافی کوردی پێشێل کردووە شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە، ئەوەشی بەرگری لە ماف و مانەوەو کەڕامەتی کورد کردووە بۆتە رەمزی شانازی کوردو مرۆڤایەتی.

کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و کەلتوری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە، ئیسلام نەکاتە ئامراز بۆ ئەجێندای سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی تایبەتی، بەڵکو لە ئایینەوە ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بووە، کە مرۆڤایەتی بەو هەموو تیرەو هۆزو گەل و نەتەوەیە، ئیرادەو ویستی خوای پەروەردگارە لەپێناو ئامانجێکی گەورە، کە خۆی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و یەکتر قەبوڵکردن و ئاشنایەتی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) الحجرات:13.

لەگەڵ ئەمەدا بەدرێژایی مێژوو کورد ستەمی لێ کراوەو خاکی پارچەو داگیرکراوەو مافی خوراوە یان نەدراوە، وەلێ لە جیهانی ئیسلامی کەسێکمان نەبینی پاڵپشتی قەزیەی کورد بکات و ئەوەی ئیسلام پێی بە ڕەوا دەبینێ قسەی لەسەر بکات، رۆژێک هەڵوێستێکی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی ئیسلامیمان نەبیست، بڵێ بەپێی ئایینی ئیسلام کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە کە گەلانی تر هەیانە، لەوەش زیاتر سیاسیەکانیان وەک دروشم جاری وا هەیە موجامەلەی کورد دەکەن، بەڵام لەرووی پراکتیکیەوە تا سەر ئێسقان دژن و قسەو بڕیاریان بستێک لە خۆیان تێپەڕ نابێت! دوا نمونە دۆخی رۆژئاوایە؛ کە هەمووان چاوەڕوانی زۆرمان لە سوریای نوێ هەبوو، بەتایبەت لێکتێگەیشتن و پێنگاڤی گرنگ و ستراتیژی نرا لەپێناو سەروەری یاساو چەسپاندنی دادپەروەری و مافی پێکهاتەکان لە بونیادنانەوەی وڵاتدا، بەڵام بەداخەوە نەک گرێنتی پاراستنی مافی کورد نەدرا، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی خەونی کوردو شکاندنی ئیرادەی ئەو نەتەوەیەی پتر لە هەشت سەدەیە مێژووی هەیەو خاوەنی ئەو خاکەیە، قەڵای دیمەشق و قوتابخانەو شوێنەواری ئەو شارەو بوونی سوریا وەک ناوەندی بڕیار لەسەردەمی سوڵتان سەلاحەددین ناوچەکە، هێمای ئەو راستیە دەردەخات کورد پێکهاتەیەکی نامۆو میوان نیە، بەڵکو نەتەوەیەکی خاوەن ماڵی سەر خاکی خۆیەتی دەیەوێ بەئازادی و کەڕامەتەوە بژێت و شوناسی خۆی بپارێزێت، چونکە ئەم دیرۆکە لە چوارچێوە مێژوودا تەنیا چالاکیەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕەسەنایەتی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.

لەسەر ئاستە ئایینیەکەش؛ کورد نمونەیەکی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتکردنی ئیسلام و توڕاسی ئیسلامی، خشتێکی جوانی هەیکەلی دینداری راستەقینەو جیهانی ئیسلامی بووە، لەگەشەپێدانی شارستانیەت و هەڵکەوتەی هەزارەها سەرکردەو زانای پایەبەرزی ئایینی و پاڵپشتی رێبازی زانستی و تەبلیغ و پەیڕەوی ئایینی و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان، قەت نەبووە کورد بە ناوی ئایین و نەتەوەوە ستەمی لە کەسێک کردبێ یان هەڕەشەو مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و کیانی لایەنێک و دەوڵەتێک، هەزار ساڵ پترە رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی دین و ژینی گەلەکەمان ئەرێنی بووەو هەوڵی تەواویان داوە رەحمەتی ئیسلام پیشان بدەن و چوارچێوەیەکی دروست و زانستی دونیابینی و دینداری نەتەوەی کورد بگوازنەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، کە لەناو کورددا ئایین نەک تەنها فاکتەری یەکڕیزی نەتەوەیی، بگرە هۆکاری ئاشتیخوازی بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

کەچی گەل و وڵاتی تر بەناوی ئیسلامەوە زوڵمی گەورەیان لە کورد کردووەو دەکەن و زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە، وێڕای پارچە پارچەکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزانەوە، پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و تەهجیرو تەعریب و تەرحیل و کوشتوبڕی زۆرو دروستکردنی لەمپەرو مەینەتی جۆراوجۆر لەوێڕانکردنی شارو دێهات و گۆڕینی دیمۆگرافیاو سەپاندنی هێزو رێگە نەدان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەیان بەربەستی تر! بەشێکی ئەو مێژووە تاڵەیە کورد لەگەڵی ژیاوە، بە مانایەکی تر کورد بەس بۆ ئەوەی بژێت دەریایەک خوێنی بۆ مافی خۆی و پارێزگاری لە بوونی خۆی رشتووەو هەزارەها رۆڵەی ئەو میللەتە بۆتە قوربانی رێی رزگاری کوردستان، کەچی نەک کەس بەناوی ئیسلامەوە بەجواب نەهات! بگرە زۆربەشیان رەوایەتیان دەدا بەو کردە وێرانکەرو شۆڤێنی و پاکتاویانەی بەرامبەر کورد کراوەو دەکرێت، خۆ ئەگەر چەند وڵات و لایەن و گروپێک هەڵوێستی جوان و موسڵمانەیان پیشان دابوایەو بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردبا، ئێستا دەمانگوت بێ کەس نین و ویژدانی مرۆڤایەتی بەرامبەرمان زیندووەو ئەوانە بە چاوی ئیسلامەوە سەیری میللەتان دەکەن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ برای موسڵمانی خۆیان هەمان شتیان دەوێت! وەلێ بەداخەوە..

ئێستا لە ئاست ئەو هێڕشانەی سەر کورد لەحەلەب بەشێکی زاناو کەسایەتی ئایینی و بانگخوازو موسڵمانی سوریا، بەری چاویان لێڵ بووەو جاڕی جیهاد بەرامبەر کورد لێ دەدەن و بە وتنی (الله أکبر) پاڵپشتی کومەڵکوژی کورد دەکەن و ئەو ستەمە گەورەیە دەشەرعێنن بەرامبەر کوردانی رۆژئاڤا، وەک بڵێی کورد هەر موسڵمان نەبێت بەلایانەوە وا دەهۆڵی شەڕی بۆ دەژەنن! چ عەجەب ئەوانە چۆن لە ئیسلام حاڵی بوون و بە چ ویژدانێکەوە رێگە بە ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوشتن و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدەن؟ مەگەر کورد موسڵمان نیە؟ پێکهاتەیەکی رەسەن و خاوەن مێژووی خۆی نیە لەم وڵاتە؟ لانیکەم مرۆڤ نیەو مافی ژیانی نیە؟ ئەی ئەو هەموو ئایەت و فەرمودانەی باس لە ماف و برایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و پاراستنی کەڕامەت و گیان و ماڵ و سامان و نەژاد دەکەن چ لێ دەکەن؟ چۆن وڵامی خوا دەدەنەوە تا فەتوای لەناوبردنی کورد دەربکەن؟ چۆن بەناوی سیاسەت و بەرژەوەندی، پاساو بۆ ستەم دەهێنرێتەوەو چاوپۆشی لێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا لە ڕووی شەرع و ئەخلاق و مرۆییەوە کارێکی رەتکراوەو ناپەسندو تاوانەو بەدڵنیاییەوە ئیسلام بەرییە لەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نادروستانە.

بۆ کەسێک کە بانگەشەی دیکتاتۆری و بێ دینی و هەڵپەرستی بکات، لێی چاوەڕوان دەکرێت ستەم و تاوانکاری ئەنجام بدات، بەڵام کەسێک خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان و میراتگری پێغەمبەری رەحمەت بزانێ و نازناوی (شەرع) لەخۆی بنێت، نەک نەنگی و شوم و شەرمەزاری وپەڵەیەکی رەشە، بگرە کارەساتێکی مرۆیی هەرە مەزنە بێ ویژدانانە بەربیتە گیانی نەتەوەیەکی موسڵمان، کە داوای ژیان و ماف و کیان و خاکی خۆی دەکات و خوای باڵادەست ئەو مافەی پێداوە.

لەنێوان ئەو (شەرع)ە کە لە بەرگی ئایینی خۆی نمایش دەکات و عاتیفەی دینی بەکار دێنێت بۆ لێدان و کوشتن و هێڕشکاری و نەهێشتنی کورد، لەگەڵ (شەرع)ی خوا -جل جلاله- کە هەموو ئەمانەی حەرام و مرۆڤەکانی بە یەکسانی خەڵق کردووەو دادپەروەریی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی و ستەمی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کردووەو ڕێزی لە مرۆڤ گرتووەو مافی هەمووانی پاراستووە، نێوانیان ئەرزو ئاسمانە! ئەگەر ریش و دینداری ئەو رووکەش و نمایش نیە، بۆ لەجیاتی شەڕ؛ بژاردەی ئاشتی پەیڕەو ناکات و بە یەک چاوو سەیری هاوڵاتیانی ناکات و پاڵپشتی داواو مافی کوردی موسڵمان ناکات؟ ئەگەریش ئامانج دەوڵەتی خیلافەت و پابەندی دیندارییە چما لە (جبل الشیخ) کە خاکی سوریایەو ئیسرائیل داگیری کردووە نوقەی لێوەنایەت!؟

ئەوەی روو دەدات لە حەلەب تەنها پاککردنەوەی چەند گەڕەکێک نیە وەک دەڵێن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەمارۆی ناوچەکەو شەڕی کورد و تێکشکاندنی ئیرادەیە، لەبەر ئەوە بە نیسبەت کورد ویژدانی مرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی و ئیقلیمی بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە دایە، لەوەی پاڵپشتیکردنی کورد تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نیە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن.

 

د.عبدالله شێرکاوەیی

بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.