د.عبدالله شێرکاوەیی بەکارهێنانی ئایین و زاراوەی ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوان و ستەم و کاری نامرۆڤانە بەتایبەت بەرامبەر هاوڵاتیانی ناو وڵاتی خۆت، بەر لە هەر لێکدانەوەیەکی تر گەورەترین تاوانە بەرامبەر خودی ئیسلام ئەنجام دەدرێت، چونکە ئیسلام ئامرازی شەڕو کوشتارو خوێنڕشتن نیە، بەڵکو ئایینی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە، ئایینێکە راشکاوانە دەستدرێژی بۆ سەر خوێن و ماڵ و کەڕامەتی مرۆڤی قەدەغە کردووە، تەنانەت لەکاتی جیهادیش رێگەی نەداوە ئافرەت و منداڵ بکوژرێن و شار بەدەر بکرێن، یان سوکایەتی بەکەزی کیژۆڵەیەک بکرێت و لەبەهای مرۆڤبوونی کەم بکرێتەوە. ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی سوریا بەناوی دین کردی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد، هەمان ئەو ستەمە بوو سەدام بەناوی سوڕەتی ئەنفالەوە بەسەر گەلی کوردی موسڵمانی داهێناو پتر لە 180 هەزار کەسی ئەنفال و کیمیاباران کرد، ئاخر بەکارهێنانی چەمکی ئایینی (فتوحات) کە لە سیاقی فەرمودەو قۆناغێکی دیاریکراودا بەکار هاتووە بۆ بێباوەڕو دووڕوەکانی مەککە کە تا سەر ئێسقان دژی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بوون، بەچ لۆژیکێک رەوایە بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردی موسڵمان بەکار بهێندرێتەوە؟ ئەمە ناراستەوخۆ کافراندنی گەلی کوردو دوورخستنەوەی کوردە لەدین و حوکمدانێکی کوێرانەو، لە ئیسلامدا باجێکی قوڕسی هەیە، خۆیان دەڵێن شەڕەکە سیاسیە، ئەی چ عەجەب ئایین و مزگەوت و منارەو زاراوەی ئیسلامی وەک ماکینەی گڕدانی ئاگری فیتنە بەکار دێنن و بۆیاغی کاری دڕندانەی خۆیانی پێ دەکەن؟ ئەمە لەرووی ئەخلاقی و شەرعییەوە کارێکی ناڕەوایە، ئەمە لێدانە لە دین نەک دینداری بێت! ناشیرنکردنی ئیسلام و تەکبیرو فتوحات و ئایەتی قورئانە لەژێر دروشمی دینداری ئایدۆلۆژی و مەسلەحەتخوازی! ئیسلام ئەمانەتە بەر لەوەی تەبلیغ بێت، ئەوانە چۆن لەخوا ناترسن وا غەدر لە ئیسلام دەکەن و ئەو ئەمانەتە گەورەیە لەبەر چاوی جیهان نابوت و ناشیرین دەکەن، ناهەقی نیە بڵێین بە نیسبەت ئەو بەناو موسڵمانانەی لەبەرگی داعشی و نمایشی ریشپۆشی بۆ گەوجاندنی خەڵک دین بۆ کارەسات و لێدان و ماڵوێرانی بەکار دێنن، کورد گەلێکی موسڵمانی عەیار بیست و چوارە. خۆشبەختانە هۆشیاری کوردو دیندارانی کوردستان لەپاڵ هەموو هەوڵەکان هاتنە دەنگ و بەرپەچی ئەو شێواندن و فەتوا سەقەتەی ئەوقافی سوریایان دایەوەو دەنگدانەوەی گەورەی بەگوێی جیهانی ئیسلامی و بانگخوازە ئیسلامیەکان و ناوەندە ئایینیەکانی سوریا چرپاند، کە پەڵەیەکی رەشە بۆ دامەزراوەی ئایینی سوریا، ئاماژەیەکی نامۆشە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات، چونکە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، ئەم دەنگدانەوەیە وایکرد دوای دوو رۆژ ئەوقافی سوریا بە بڕیارەکەی دابچێتەوەو بەیانێکی تر دەربکات و پاساو بۆ کارە قێزەونەکەی پێشتریان بێننەوە. ئەوەی مەبەستمە لەم وتارە ئەوەیە؛ با هەموو دوژمنانی کورد دڵنیابن لەوەی کورد هەرچیەکی بەسەر بێت! واز لە دۆزی رەوای خۆی ناهێنێت و دەسبەرداری شوناس و مافی خۆی نابێت، ئەوەی لە رۆژئاڤا رویدا هەستی هەموو کوردانی دونیای کۆکردەوەو ئازارو دەنگی کوردی بەهەموو جیهان گەیاند، ئێستا لەهەموو کات زیاتر کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکەی یەکهەڵوێست و پشتیوانی یەکترە، ئەمە ئومێدێکی گەورەو پێشوەچوونێکی تازەیە لە ئاراستەی هزری نەتەوەیی میللەتی کورد، کە بەهەموو جیاوازییەکانەوە لەسەر بەهاناوەچوونی هاواری کوردانی رۆژئاڤا، دلێرانە هاتنە مەیدان و هاودەنگ بوون. گرنگە عاقڵانە هەنگاو بنێین و واز لە رق و کینەو ململانێی ناوخۆیی بێنین، چ ئەوانەی بەبیانووی هەستی دینداری رەخنە لە نادیندارێک دەگرن، یان ئەوانەی بەپاساوی نەتەوەیی لە ئایین دەدەن، بێ ئاگا لەوەی ئایین هانی بەرگری لە گەل و نیشتمان دەدات و هەستی نەتەوەپەروەری بە بەشێک لە دینداری دادەنێت، ئەرکی هەمووانە لەئاست پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بین و بە ئیرادەیەکی گشتییەوە لە ئاسۆ بڕوانین. کورد وەگ گەلێکی موسڵمان ئاشتیانە ئیسلامی وەرگرتووەو لەم چوارچێوەیەدا ئینسانیانەش بیر دەکاتەوە، بۆیە هیچ کات ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بۆ لێدان و چەواشەکردن و ستەم و قەتلوعامی کەس بەکار نەهێناوە، ئەگەرچی بەناوی ئیسلامەوە ناهەقی گەورە بەرامبەر کورد کراوە، تەنانەت قەت خێرو خۆشی لە عەرەبی شۆڤێنی و تورک و فارس و رژێمە شیعی و سوننیەکان نەبینیوە، وڵاتانی زلهێزی دیکەی دونیاش هەر لێ گەڕێ، هەموویان بەرژەوەندی خۆیان بەلاوە گرنگەو بە قەزیەی کوردی ناگۆڕنەوە، کە کار گەیشتە سەر مافی نەتەوەی کوردیش، هەمووان دەبنەوە یەک و وەک دڕک لەپێی کورد رادەچن و رەحم بە کورد ناکەن. بەکورتی تێگەیشتین چی دەگوزەرێ و چۆن دەگوزەرێ، بەڵام لەم قۆناغە ناتواندرێ کورد بە بێدەنگی قەتلوعام بکرێت، دەنگی کورد دەنگدانەوەی هەیە لە جیهان و کاردانەوە دروست دەکات، کەواتە سەردەم سەردەمی ئەوەیە "کوردانە" بیر بکەینەوەو خۆمان دۆستی خۆمان بین و یەکگرتن و تەبایی نێو ماڵی خۆمان بکەینە هەوێنەی ئومێدی ئایندەو چیتر بە دروشمی بێ ناوەرۆکی عەرەبی موسڵمان و بانگەشەی گەلانی دیموکراسیخواز نەخەڵەتێین. |