یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان سیمینارێکی تایبەت بەناونیشانی (هەڵوێستە ئایینی و نەتەوەییەکانی مەلا کورد) ساز دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عباس زەردەهاڵی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین سیمینارێکی هاوبەش لەسەر مەترسییەکانی مین ساز دەکەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە ستافی نوێی کۆمەڵەی قوڕئانخوێنانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان ئیدانەی هێڕشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان: بە توندی ئیدانەی ئەو هێڕشانەی سەر کوردستان و بارەگاو هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا سفر محمد سعيد کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی مێرگەسەری کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی "حاجی سەنیە" لە شاری هەولێر کرایەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات   
هێمن سورچی
به‌رواری دابه‌زاندن: 27/02/2026 : 23:32:31
قه‌باره‌ی فۆنت
شکۆی ژن لە نێوان دیسکۆرسی ڕۆژئاوا و ئاینی ئیسلام

لە مێژووی ڕۆژئاوایەکان بەردەوام یەکسانی جێندەرو مافی ئافرەت و یەکسانی کۆمەڵایەتی گەنگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام بۆ کەسێک کە بچێتە نێو مێژوو و تێکست و هەژومونی پراکتیکیانەی ئەوروپایی و ئەمریکایەکان بۆی دەردەکەوێت کە ئەم جۆرە گەنگەشانە تەنها پرۆپاگەندەی سیاسی و تیرۆرێکی فکرین دژ بە ئیسلام. بە پێچەوانەوە،  ئەوان خاوەنی مێژوویەکی درێژی میسۆجینی و لێوانلێو لە ڕق و کینەن بەرامبەر ئافرەت و بەردەوام ئافرەتییان وەک کاڵا سەیر کرووە نەوەک وەک مرۆڤێکی ئاسای. لە کۆنەوە  بۆ سەردەمی نوێ، زۆر بیرمەند، فەیلسوف، شارەزای ئاینی و نووسەری ڕۆژئاوایی ژنانیان وەک بوونەوەرێکی لاواز و فریودەر و ناعەقڵانی و  پاسڤ و مەترسیدار وێناکردووە. کاتێک ئەم بۆچوونانە بە گشتی لێکدەدرێنەوە، دەردەکەوێت کە ئەمە گوزارشت دەکات لە ئایدیۆلۆژی ڕۆژئاواییەکان و سەلمێنەری ئەوەن کە بانگەشەکانی ئەوان تەنها بۆ نمایشکردنی ئافرەتە بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسی و بازرگانی، ئەگەرنا شکۆ و ڕێزی ئافرەت لە کەلتور و ئایدیۆلۆژیایی ئەوان بوونی نیە. خۆم زۆر لەم ئافرەتانەی ئەوانم دواندووە کە موسلمان بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، هەمووی هۆی موسڵمان بوونیان بۆ ئەم شکۆ و ڕێزە دەگەڕێننەوە کە ئیسڵام بۆ ئافرەتی دیاریکردووە.

لە بیرکردنەوەی یۆنانیی کۆن، ژنان زۆرجار وەک مەترسییەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی پیشان دراون. هێسیۆد  (Hesiod)  کە یەکێکە لە فیگەرە هەرە گرنگەکانی مێژوو و ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییەکان، ژنان وەک بوونەوەرێکی فریودەر وێنا دەکات و هۆشداری بە پیاوان دەدات کە هەرگیز متمانە بە ئافرەت نەکەن چونکە متمانە کردن بە ئافرەت وەک ئەوە وایە متمانە بە کەسێکی فریودەر بکەیت. هەروەها فەیلەسوفی یۆنانی پلاتۆ کە ئێستاش هەموو ئەوڕوپا شانازی پێیەوەدەکات، ژنبوونی لە هەرە پایە نزمەکانی کۆمەڵگە پیشان داوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ کۆیلەکانی هاوتاکردووە. بە هەمان شێوە سۆفۆکلێس کە دانایەکی گەورەی یۆنانییەکانە، پێداگری دەکات لەسەر بێڕێزیکردن بە ئافرەت بەوەی بە بۆچوونی ئەو باشی و جوانی ژن لە بێدەنگی و گوێڕایەڵی و دووربوونەوە لە ژیان و کایە گشتییەکان دایە. هەروەها بە باوەڕی ئەرستۆ،  پیاوان سرووشتیەن باشترن و دروستکراون بۆ حوکمڕانی، لە کاتێکدا ژنان لاوازن و دەبێت حوکم و فرمانیان بەسەر دا بکرێت. ئەم بنەمایانە لە تیۆلۆژیا و ئاینی کریستانەکانیش بوونیان هەیە. تۆماس ئەکویناس ،  (Thomas Aquinas)  ئافرەتی وەک بوونەوەرێکی کەم و ناتەواو ناساندووە. لە لایەکیترەوە مارتن لووتەر ژنانی وەک مرۆڤێکی پلە نزم بینیوە و سەروەری پیاوانی وەک فەرمانی خودایی وێنا کردووە. نووسەران و بیرمەندانی سەردەمی نوێ و ڕۆشەنگەری، سەرەڕای گرنگی دان بە عەقڵ و پێشکەوتن، هێشتا هەر ڕۆڵی ئافرەتییان بە کەم زانییوە. ژان-ژاک ڕوسۆ ئافرەت وەک مەخلوقێکی مەترسیداری سۆزدار پیشان دەدات کە هەم خۆشەویستی و هەم ڕقیشیان مەترسییە بۆ پیاوان. کاتێک ژنان داوای بەشداریکردنیان کرد لە ژیانی فکری و سیاسی، دژایەتی پیاوە ڕۆژئاوایەکان زیاتر بوو. ناپۆلیۆن بۆناپارت وەک کۆیلەی پیاوەکان ناوی هێناون و یەکسانیی ڕەگەزی بە شێتایەتی ناساندووە. هۆنۆرێ دو بالزاک دەڵێت ئافرەتان کۆیلەن بەڵام دەبێت زیرەکانە وەک نمایش بەکاریان بهێنین. لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمیشدا، ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو. ناتانیەل هاوثۆرن، پیێر-جۆزێف پرودۆن، شارڵ بودلێر، و فریدریک نیچە هەریەکەیان بە جۆرێک ژنیان وەک بوونەوەرێکی فریودەر، کەم‌عەقڵ یان تێکدەر وێنا کردووە. تەنانەت نووسەری مۆدێرن و ئەمریکی  کورت ڤۆنگوت بە گاڵتەجاڕی سوکایەتی بە ئافرەت دەکات و وەک هۆیەکی تێکدەری کایەکانی ژیانی دەبینێت.

لەوانەیە کەسانێکی زۆر هەبن، بەتایبەت ئەوانەی وەلائی ڕۆژئاوایی و ئەمریکییان هەیە، ڕەخنە بگرن و بڵێن ئەم شتانەی باست کردوون تایبەتن بە سەدەکانی ڕابردوو و ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دۆسیەی جێفری ئێپستاین و ئەو تاوانانەی لە دوورگەی شەیتان ئەنجام دران، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی ترسناک لادا: میسۆجینی ڕۆژئاوایی تەنها لە نێو کتێبەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی ڕێکخراوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و جەستەی ژنان لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا. ئەم دوورگەیە، کە وەک ناوەندێکی "نێودەوڵەتی" بۆ کۆیلایەتی سێکسی و سوکایەتیکردن بە کچانی مێردمنداڵ بەکاردەهات، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لای نوخبەی سیاسی و سەرمایەداری ڕۆژئاوایەکان، ژن هێشتا وەک "کاڵایەکی سێکس" و "ئامرازێکی چێژ" دەبینرێت، نەک مرۆڤێکی خاوەن شکۆ. ئەو ناوانەی لە لیستەکەی ئێپستاین بوون — لە سەرۆک کۆمارە پێشووەکان، شازادەکان، ملیاردێرەکان و ناودارانی بواری زانست و هونەر — هەمان ئەو کەسانەن کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بانگەشەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی ژنان دەکەن. هەر بۆیە، ئەم فەزاحەتە چەند ڕاستییەکی تاڵمان بۆ دەسەلمێنێت:

دووڕوویی سیاسی: ئەو سەرکردانەی لە ڕۆژدا باسی "یەکسانی جێندەری" دەکەن و بودجەی ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان تەرخان دەکەن، لە شەودا و لە دوورگەیەکی دابڕاودا خەریکی کڕین و فرۆشتنی کچانی ژێر تەمەنی یاسایی بوون. ئەمە دەسەلمێنێت کە "مافی ژن" بۆ ئەوان تەنها کارتێکی گوشار و نمایشێکی سیاسییە.

کۆیلایەتی نوێ: ئەگەر لە کۆندا ئەرستۆ و پلاتۆ و هاوئاوازەکانیان ژنیان وەک "کۆیلە" دەبینی، ئەوا لە سەدەی بیست و یەکدا ئەم تێڕوانینە لە فۆرمی بازرگانی سێکسیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئێپستاین و هاودیدەکانی سیستەمێکیان دروست کردبوو کە تێیدا ژنان وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات و بێدەنگ مامەڵەیان پێوە دەکرا.

پەیوەندی میسۆجینی و سەرمایەداری: دوورگەی شەیتان ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکە ڕۆژئاواییەیە کە "هەموو شتێک بە پارە دەکرێت"، تەنانەت شکۆی مرۆڤایەتی ژنانیش. ئەمە درێژکراوەی هەمان ئەو فەلسەفەیەیە کە ژن وەک "پاسڤ" و "ژێردەستە" دەبینێت.

لە کۆتاییدا، دۆسیەی دوورگەی شەیتان تەنها تاوانێکی کەسی نییە، بەڵکو گەورەترین فەزاحەتی مێژووی مرۆڤایەتییە لە سەردەمی عەولەمە و چەرخی بەناو دیموکراسیدا. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو ڕق و میسۆجینییەی هێسیۆد و ڕوسۆ و نیچە بنەماکەیان داڕشت، هێشتا لە ناو دەمارەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوادا دەسوڕێتەوە و تەنها ماسکەکەی گۆڕاوە. ئەو سیستمەی نەتوانێت پارێزگاری لە شکۆی کچانی خۆی بکات و بەرپرسە گەورەکانی تێوەگلابن لەو جۆرە تاوانانە، هیچ شەرعیەتێکی نییە کە بانگەشەی دادپەروەری و یەکسانی بۆ جیهان بکات.

زانیمان کە ڕۆژئاوییەکان وئەمریکاییەکان چۆن وەک گورگێگ لە پێستی مەڕ خۆیان حەشارداوە بۆ سوکایەتیکردن و بە کەم تەماشاکردنی رۆڵی ئافرەت و شکۆی ئافرەت، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە نیشانی بدەین ئاخۆ ڕوانین و دیدی ئیسڵام چی یە لەسەر ئافرەت. ئایا ئاینی پیرۆزی ئیسڵام چۆن ڕێزی لە ئافرەت گرتووە و وەک خاتوون و شاژنی ماڵ بەرزەوەی کردوون. کاتێک گوزەرێک بە نێو قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر و هاوەڵانی دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئاینی پیرۆزی ئیسڵام چەندە ئافرەتی بە گەورە و پیرۆز و شکۆمەند و خاتوون وێناکردووە. ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کاتێکدا هات کە مرۆڤایەتی لە تاریکییەکی چڕدا دەژیا، بەتایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتدا کە وەک کاڵایەکی بێبایەخ و سەرچاوەی شەرمەزاری سەیر دەکرا. ئیسلام هات و ئەم تێڕوانینە چەوتەی گۆڕی بۆ سیستمێکی پڕ لە ڕێز و شکۆ، کە تێیدا ئافرەت وەک نیوەی دانەبڕاوی کۆمەڵگا و تەواکەری پیاو ناسێنرا. بناغەی ئەم ڕێزلێنانە لە قورئانی پیرۆزدا بە یەکسانیی مرۆیی دەست پێ دەکات؛ خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت کە هەردوو ڕەگەز لە یەک بنچینەی پیرۆز دروست بوون: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ» (النساء: ١). ئەم یەکسانییە تەنها لە دروستبووندا نییە، بەڵکو لە لێپرسینەوە و پاداشت و سزاشدا ڕەنگی داوەتەوە، کاتێک دەفەرموێت: «فَاسْتَجَابَ لَهُمْ رَبُّهُمْ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِّنكُم مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَىٰ  بَعْضُكُم مِّن بَعْضٍ» (ئال عیمران: ١٩٥)، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئافرەت خاوەن قەوارە و ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەتی و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو و پیاودا نییە لە وەرگرتنی پاداشتی چاکەدا.

ئیسلام شۆڕشێکی دژی نەریتی کچ‌ بەکەم زانی بەرپا کرد و ئەوەی وەک تاوانێکی گەورە ناساند: «وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ» (التکویر: ٨-٩)، و لە بەرامبەردا پەروەردەکردنی کچانی کردە هۆکاری ڕزگاربوون لە ئاگر و کلیلی بەهەشت، وەک پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: «مَنْ عَالَ جَارِيَتَيْنِ حَتَّى تَبْلُغَا جَاءَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَنَا وَهُوَ كَهَاتَيْنِ - وضم أصابعه -» (صحیح مسلم). لە ڕووی مافە داراییەکانەوە، ئیسلام سەربەخۆیی ئابووریی بۆ ئافرەت چەسپاند؛ مافی میراتی بۆ بڕیاردا لە کاتێکدا پێشتر لێی بێبەش بوو: «لِّلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ» (النساء: ٧)، و مارەیی کردە دیاری و مافێکی ڕەهای ئافرەت: «وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً» (النساء: ٤).

لە لایەکی ترەوە، سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) لوتکەی میهرەبانی و پاراستنی شکۆی ئافرەت نیشان دەدات. ئەو ئافرەتی بە هاوتای پیاو دانا و فەرمووی: «إِنَّمَا النِّسَاءُ شَقَائِقُ الرِّجَالِ» (صحیح أبي داود)، و لە دواین وتاری ژیانیدا لە (حجة الوداع) وەسیەتی لەسەر کردن و فەرمووی: «اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ خَيْرًا» و «اتَّقُوا اللَّهَ فِي النِّسَاءِ» (صحیح مسلم). هەروەها پیاوچاکی بەستەوە بە مامەڵەی باش لەگەڵ ئافرەت دا: «أَكْمَلُ الْمُؤْمِنِينَ إِيمَانًا أَحْسَنُهُمْ خُلُقًا، وَخِيَارُكُمْ خِيَارُكُمْ لِنِسَائِهِمْ» (سنن الترمذي). بۆ دایکانیش، گەورەترین پلەی ڕێزلێنانی دیاری کرد کاتێک فەرمووی: «الزم رجلها، فثم الجنة» (سنن النسائي)، و سێ جار ناوی دایکی پێش باوک هێنا بۆ شایستەیی چاکەکردن.

ئیسلام بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی ئافرەت، سزای توندی بۆ بوختانچییەکان دانا: «وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً» (النور: ٤). لە ژیانی هاوسەریدا، قورئان فەرمانی کردووە بە چاکەخوازی: «وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ» (النساء: ١٩) و وەک سەرچاوەی ئارامی و میهرەبانی وەسفی کردن: «وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً» (الروم: ٢١). جگە لەمەش، مافی زانست و خوێندنی بۆ فەرز کردن: «طَلَبُ الْعِلْمِ فَرِيضَةٌ عَلَى كُلِّ مُسْلِمٍ»، و مافی ڕەزامەندی لە هاوسەرگیریدا پێ بەخشین: «لا تُنْكَحُ الأَيِّمُ حَتَّى تُسْتَأْمَر، وَلا تُنْكَحُ الْبِكْرُ حَتَّى تُسْتَأْذَن» (صحیح البخاري). بەم شێوەیە، ئیسلام ئافرەتی وەک "قواریر" (شوشەی ناسک) وێنا کرد: «رُوَيْدَكَ بِالقَوَارِيرِ»، کە دەبێت بەوپەڕی ناسکی و کەرامەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک بارێکی گران یان کاڵایەکی بێبەها. ئیسلام ئافرەتی کردە هاوبەش لە چاکە و خراپە و ئەرکە گشتییەکاندا: «وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ  يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ» (التوبة: ٧١). ئەم هەموو بەڵگانە پێکەوە دەیسەلمێنن کە ئیسلام پارێزەری ڕاستەقینەی شکۆ و مافەکانی ئافرەتە لە هەموو سەردەمێکدا.

لە کۆتاییدا، کاتێک بەراوردێکی ورد لە نێوان فەرهەنگی مادیی ڕۆژئاوا و فەرهەنگی مەعنەویی ئیسلام دەکەین، ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە؛ ڕۆژئاوا لە ڕێگەی فەلسەفە و مۆدێرنیتەوە، ئافرەتی لە ژێردەستەیییەکی کۆنەوە بۆ کۆیلایەتییەکی نوێ و مۆدێرن گواستەوە کە تێیدا جەستە و شکۆی ژن بووەتە کاڵای بازرگانی. بەڵام ئیسلام، بە دەقە پیرۆزەکانی، ئافرەتی لە هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک ڕزگار کرد و کردی بە ستوونی خێزان و کۆمەڵگە. جیاوازیی نێوان ئەم دوو دیدگایە، جیاوازیی نێوان "بەکارهێنان" و "ڕێزلێنانە". هەر بۆیە بۆ ئافرەتی موسڵمان، گەڕانەوە بۆ بەهاکانی ئایینەکەی، تەنها ئەرکێکی ئاینی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو کەرامەتە مرۆییەی کە مێژووی ڕۆژئاوا لێی زەوت کردووە. خوشکانی موسڵمان پێویستە وریا بن و نەبن بە نێچیری ئەو دروشمە بریقەدارانەی کە ڕۆژئاوا بە ناوی ئازادییەوە دەیانفرۆشێتەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئازادت بکەن لە بەهاکانت بۆ ئەوەی ببیت بە کۆیلەی حەزەکان. شکۆی تۆ لەوەدایە کە شاژنی ماڵەکەت و پارێزەری کەرامەتی خۆت بیت، نەک ئەوەی جەستەت بکەیتە نمایشێک بۆ چاوی تێنووی بازاڕە مادییەکان. شانازی بە حەیا  و ئیمانەکەتەوە بکە، چونکە ئەوانە ئەو قەڵغانەن کە خودا بۆ پاراستنی پیرۆزیی تۆ دایناون لە جیهانێکدا کە مرۆڤایەتی تێیدا هەرزان کراوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ سیستمێک وەک ئیسلام شکۆی بۆ نەگەڕاندوویەتەوە. بزانە کە تۆ نیوەی کۆمەڵگە و پەروەردەکاری نیوەکەی تریت، کەواتە گەورەیی خۆت لە پایەبەرزیی ئایینەکەتدا بدۆزەرەوە و مەبە بە بوکەڵەی فەرهەنگێک کە هەرگیز ڕێزی لێ نەگرتوویت.