ئەمرۆ 8ی12ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکگتەبی تەنفیزی؛ پێشوازی شاندی هاوپەیمانی مەسیحی بەسەرپەرشتی ئانۆ عەبدۆکا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن کرد.
لە دانیشتنێکدا هەردوو باسیان لە دوا پێشهاتەکانی کوردستان و رەوشی پێکەوەژیانی ئایینی کردو تیشک خرایە سەر پێویستی پاراستنی کەلتوری پێکەوەیی و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی لەمەڕ ئەم پرسەو قوڵکردنەوەی ئەم کەلتوورە لە کوردستان.
لەبەشێکی تری دانیشتنەکە باس لەو کردە بێڕێزیەی لە چەند رۆژی رابردوو کرا، کە لەلایەن کەسانێکی نەفس نزمەوە بە مەبەستی شێواندنی ئارامی کوردستان؛ سوکایەتی و کاری تێکدەرانەیان بەرامبەر گۆڕستانی مەسیحیەکانی گوندی هەرمۆتەی کۆیەو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئیدانەکردنی ئەم کارەو تەئکید لەهەماهەنگی کرایەوەو دڵنیایش درا لەوەی ئەو جۆرە کارانە کار ناکەنە سەر رەوشی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوەرۆکی دانیشتنەکە خرایە ڕوو، تێیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای ئیدانەکدرنی ئەو سوکایەتیە، رایگەیاندن: سوکایەتی کردن بە مرۆڤ بە زیندوویی یان مردوویی کارێکی ناڕەواو پێچەوانەی شەرعەو ئەرکی هەموو لایەکە پێکەوەژیان بپارێزین و رێز لە یەکتر بگرین و ئەو جۆرە کردانە دووبارە نەبنەوە.
لەلایەن خۆشیانەوە شاندی ناوبراو سوپاسی هەوڵوێستی یەکێتی زانایانیان کردو جەختیان لەسەر هەماهەنگی وکاری پێکەوەیی کردەوە.