ئەمرۆ 24ی1ی2026 لە دیدارێکدا بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەگەڵ بەرێز دکتۆر مورشید شێخ مەعشوق خەزنەوی کەسایەتی دیاری ئایینی کوردستانی رۆژئاوا، رەوشی ئایینی و رۆڵی زانایانی ئایینی و دواپێشهاتەکان و بارودۆخی ئێستای کوردانی سوریا تاوتوێ کراو هەردوولا نیگەرانی خۆیان لەهەمبەر دۆخی کوردستانی رۆژئاوا خستە ڕوو.
لەم دیدارە بەرێز دکتۆر مورشید خەزنەوی لەرێی سەرۆکی یەکێتی زانایان، پەیامی خۆی و خەڵکی رۆژئاوای بەرامبەر هەڵوێستی زانایانی ئایینی لە کوردستان دەربڕی، کە لە وتاری هەینی و هەڵمەتی کۆمەکی و هاوکاریکردن پاڵپشتییەکی گەورە بوون بۆ کوردانی رۆژئاوا، ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان و زانایانی ئایینی لەبیرناکرێ و جێی شانازی و پێزانینە.
لە بەشێکی تری گفتوگۆیەکان باس لە هەستیاری قۆناغەکەو شێوازی گوتاری کورد و رۆڵی زانایانی ئایینی لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان بە شێوازێکی ئاشتیانە کرا، کۆک بوون لەوەی کورد مافی خۆیەتی داوای مافەکانی خۆی بکات و نەبێتە قوربانی سیاسەتەکان.