ئا: عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د شێركاوه‌یی
ماوه‌یه‌كه هه‌واڵی رۆیشتنی گه‌نجانی كورد بۆ سوریا‌و خۆرئاوای كوردستان به‌ناوی جیهاده‌وه بۆته ده‌نگۆیه‌كی به‌ربڵاوی زۆرێك له راگه‌یاندنه‌كان، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ش بڵاوكرایه‌وه كه به‌ره‌ی ئه‌لنوسڕه فه‌توای حه‌ڵاڵكردنی ماڵ‌و كوشتنی كوردانی ده‌ركردووه، ئه‌مه‌ش گۆڕانكاری‌و مه‌ترسی زۆری به‌سه‌ر كوردانی ناوچه‌كه‌و بگره زیانی گیانی زۆری به‌دوای خۆیه‌وه هێنا، ئه‌گه‌رچی به‌ڕای چاودێران ئه‌و شه‌ڕه زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه كوردانی خۆرئاوا په‌لكێشی نێو كێشمه‌كێشی سوریا بكهنو ئه‌و ئارامیه بشێوێنن، كه كوردانی سوریا تا راده‌یه‌ك به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاره‌كانی دی هه‌یانه، له‌هه‌مان كات هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیانه ده‌ره‌نجامی تێكچوونی ره‌وشی سیاسی‌و نێوخۆی سوریان‌و قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته لێره‌وه باسی لێوه بكه‌ین، فه‌توای جیهادو رۆیشتنی گه‌نجانی كورده بۆ سوریا به‌ناوی جیهاده‌وه، چونكه به‌پێی پێوه‌ره شه‌رعیه‌كان بێت جیهادیش یاسا‌و چوارچێوه‌و بنه‌مای خۆی هه‌یه‌و خه‌ڵكی ساده‌ش بۆی نیه فه‌توای له‌و جۆره ده‌ر بكات، به‌ڵكو ئه‌وه پێویستی به مهرجهعو لێژنه‌ی باڵای فه‌تواوه هه‌یه كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، كه‌واته ده‌پرسین رۆیشتنی گه‌نجان به‌و ناوه‌وه تا چه‌ند شه‌رعیه؟ ئایا ئه‌و رۆیشتنه به‌ناوی جیهاده‌وه تا چه‌ند ره‌وایه؟ ئه‌رێ بنه‌ماكانی یهاد چین‌و ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ چیه؟ مه‌ترسی ئه‌و جۆره فه‌تواو ههنگاواوانه خۆی له‌چی ده‌بینێته‌وه؟ ئایا ئه‌ركی مامۆستایانی ئایینی له‌و باره‌وه چیه‌و پێویسته چی بكرێت؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر ده‌خه‌ینه به‌ر دیدی ژماره‌یه‌ك مامۆستای به‌رێزی ئایینی‌و بۆچوون‌و هه‌ڵوێستیان له‌و باره‌وه ده‌خه‌ینه به‌ر دیدی خوێنه‌ری به‌رێزه‌وه:
دكتۆر مه‌لا مادح به‌رزێوه‌یی:
ئیسلام بابه‌تی جیهادی رێك خستوه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك نهیشێوێنیو به هه‌وستی خۆی ههڵینهسوڕێنی
سه‌ره‌تا به‌رێز دكتۆر مه‌لا مادح بهرزیوهیی پێش نوێژ‌و ئه‌ندامی ئه‌جومه‌نی زانستی‌و له وه‌زاره‌تی ئهوقافو مامۆستای په‌یمانگای زانسته ئیسلامیه‌كان له باره‌ی جیهادو یاسا‌و بنه‌ماكانی له ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا گوتی: جیهاد له ئیسلام دا جۆرێكی پیرۆزه له خودا په‌رستی ودروشمێكی دیاری موسڵمانانه‌و، له به‌ر پیرۆزی ئه‌م خودا په‌رستیه وه‌سفی ( فی سبیل الله ) ی بۆ دانراوه، واته ئه‌و كاتی جیهاد شایسته و ته‌واوه ئه‌گه‌ر له پێناو خودای گه‌وره بێت، وه‌هیچ ئامانجی دونیایی تێدا نه‌بێت، وه به‌و مه‌رجه‌ی له گه‌ڵ بناماكانی شه‌رعی پیرۆزی ئیسلام تێك بكاته‌وه‌و ئامانجه‌كه‌ی بپێكی.
بۆیه زانایانی مالكی ( رحمهم الله) له په‌رتوكه‌كانیان جیهاد له پاش روكنه‌كانی ئیسلام باس ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك عیبادهت سه‌یریان كردوه، زانایانی مه‌زهه‌به‌كانی تری ئه‌هلی سوننه و جه‌ماعه‌ت( رحمهم الله) به سزا‌و تۆڵه‌یان داناوه، بۆیه له گه‌ڵ په‌رتوكی سزا‌و و تۆله باسیان كردوه.
خوداوه‌ندی گه‌وره رێگای رون‌و ئاشكرای بۆ جیهاد داناوه، كه ببێته هۆی زاڵبون به سه‌ر نه‌فس و هه‌وا به تایبه‌ت له كاتی سه‌ركه‌وتن كه مرۆڤ هه‌ست به شكۆمه‌ندی و سه‌ربه‌رزی ده‌كات، كه له وانه‌یه جۆرێك له ریا و خۆ به زل زانینی تێدا بیت، هه‌ر بۆیه پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ( درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له كاتی فه‌تحی مه‌ككه سه‌ری سوپاس و ملكه‌چی بۆ خودای خۆی دانواند، وله كاتی كه موسڵمانان (قبرس) یان فه‌تح كرد و دیله‌كانیان هێنا به ده‌ست به‌ستراوی، (أبو الدرداو) ره‌زای خودای لێ بیت گریاو فه‌رموی : ئه‌مانه خاوه‌ن موڵك و ده‌ستهه‌ڵات بون له به‌ر بێ ئه‌مری خودا به‌م حاڵه گهیشتنو فه‌رموی :( به‌نده‌كان چه‌ند بێ نرخ ده‌بن له لای خودا ئه‌گه‌ر فه‌رمانی ئه‌ویان شكاند).
بۆیه ده‌توانین بڵیین: جیهاد له ئیسلامدا به‌رزترین ره‌وشته‌كانی جه‌نگاوه‌رانی تێدا ده‌بینرێت، وه له‌و ره‌وشته به‌رزانه : نه‌كوشتنی ئافره‌ت و منداڵه، له بوخاری و موسلیم دا هاتوه: ( وجدت امرأه مقتوله فی بعچ مغازی رسول الله~ فأنكر رسول الله (صلی الله علیه وسلم)قتل النسا‌و والصبیان)، واتا له یه‌كێك له غه زاكانی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ژنێكی كوژراو دیترا، پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) زۆر پێی ناخۆش بوو، كه ئافره‌ت ومنداڵ بكوژرێن.
زانایان كۆ ده‌نگن له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه قه‌ده‌غه‌یه‌و حه‌رامه ژن‌و منداڵ بكوژرێن
بۆیه ئیمامی نه‌وه‌وی دهفرمووێ:( أجمع العلما‌و علی العمل بهژا الحدیپ وتحریم قتل النسا‌و والصبیان إژا لم یقاتلوا) واتا: زانایان كۆ ده‌نگن له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كار به‌م فه‌رمایشته بكرێت وقهدهغهیهو حه‌رامه كه ژن و منداڵ بكوژرێن ئه‌گه‌ر شهر نه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها نه‌هی كراوه له شێواندنی لاشه‌ی مردوان و كوژراوه‌كان كه پێی ده‌گۆتری ( المپله)، له بخاری دا هاتووه: ( عن عبدالله بن یزید عن النبی (صلی الله علیه وسلم) ( أنه نه‌ی عن النهبی والمپله)، بۆیه سه‌ر برینی كوژراوه‌كان و شێواندنی لاشه مردووان له گه‌ڵ جیهادی ئیسلام دا تێك ناكاته‌وه.
هه‌روه‌ها چاكه‌كردن له گه‌ڵ دیل كراوه‌كان و نهكوشتنیان ، چونكه پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) دیلی نه‌كوشتووه.
به به‌ڵگه‌ی ئایه‌تی : (( ویگعمون الگعام علی حبه مسكینا ویتیما واسیرا)) الانسان /8
هه‌روه‌ها نابێ نامه هه‌ڵگر و ( سه‌فیر) بكوژرێن، بۆ نمونه: كاتی كه ئه‌بو سفیان به قاسید هاته مه‌دینه پاش شكاندنی سولحی حودیبیه، كه‌س ده‌ستی بۆ درێژ نه‌كرد گه‌رچی ئه‌و كاتی موسڵمان نه‌ببو.
هه‌روه‌ها پاراستنی په‌یمان له گه‌ڵ دوژمنان تا ئه‌وان ده‌یشكێنن.
ئه‌مه‌و و چه‌ندین رێنمای جوانی تر هه‌ن كه نیشان ده‌ده‌ن ئیسلام چۆن بابه‌تی جیهادی رێك خستوه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك نهیشێوێنی و به هه‌وستی خۆی ههڵینهسوڕێنی، و بۆ مه‌رامی دونیا به‌كاری نه‌هێنێ، به‌ڵكو هه‌ر وه‌كو خۆی بمێنێ كه خواپه‌رستی و گوێ رایه‌ڵی یه بۆ فه‌رمانی خودا بۆ جێگر بوونی دادپه‌روه‌ری له دونیادا.
مامۆستا مه‌لا محمد ئێنه‌یی:
جیهاد ههوهسو ئاره‌زو نیه تا له‌و گۆڕه خه‌ڵك فه‌توا دهربكاتو بڵێ ئه‌مه جیهاده‌و جیهاد نیه
هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌لا محمد ئێنه‌یی ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای فه‌توا له یه‌كێتی زانایان سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌و رۆیشتنی گه‌نجان به‌ناوی جیهاده‌وه بۆ وڵاتی سوریا گوتی: سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌و رۆیشتنی گه‌نجان بۆ وڵاتێكی دیكه به مه‌به‌ستی جیهاد، به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێویست به‌وه ده‌كات، كه پێناسه‌ی جیهاد له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه بزانین، جیهاد به مه‌فهومه جهنگیهكهی واته شهڕكردنو جه‌نگان له‌گه‌ڵ ئه‌و كافرو بێباوڕانهی، كه دژی ئیسلامنو به‌ربه‌ره‌كانی ئیسلام دهكهنو رێگه به بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام ناده‌ن، كه‌واته جیهاد ههوهسو ئاره‌زو نیه تا له‌و گۆڕه خه‌ڵك فه‌توا دهربكاتو بڵێ ئه‌مه جیهاده‌و جیهاد نیه.
زانایان ده‌ڵێن له‌سێ حاڵه‌ت جیهاد واجبه:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر كافره‌كان هاتنو ویستیان شار‌و وڵاتی موسڵمانان داگیر بكه‌ن.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌نێوان موسڵمان‌و كافران رووی دا ئه‌وكات ده‌بێ ئینسانی موسڵمان لای موسڵمانان بگرێ.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر پێشه‌واو ئیمام‌و ئه‌میری موسڵمانان بڕیاری دا جیهاد بكرێ.
پێویسته ئێمه شه‌ڕی تائیفی‌و سیاسی‌و جیهاد لێك جیا بكه‌ینه‌وه
یان له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) هاتووه، كه مه‌سه‌له‌ی ئیزنی جیهادی به‌ستۆته‌وه به دایك‌و باوكه‌وه، چونكه له‌چه‌ندین فه‌رمووده هاتووه، كه پێغه‌مبه‌ر به یارانی فه‌رمووه، ئه‌گه‌ر دایك‌و باوكتان مه‌وجودن واته له ژیاندان برۆن یان خزمه‌تیان بكه‌ن یانیش ئیزن له‌وانه‌وه وه‌ربگرن، كه‌واته ئیسلام چوارچێوه‌و یاسای تایبه‌تی بۆ مه‌سه‌له‌ی جیهاد دیار كردووه، پێویسته له گه‌ڵ باسكردنی جیهاد ئه‌و یاسایانه له‌یاد نه‌كرێن، له‌لایه‌كی تره‌وه زانایان قسه‌ی زۆریان له‌سه‌ر جیهاد كردووه‌و شرۆڤه‌ی بایهتیو زۆریشیان له‌سه‌ر نواندووه، بۆیه گه‌رانه‌وه بۆ ئیسلام‌و مه‌سه‌له‌ی تێگه‌یشتن له جیهاد پێویستی به هۆشیاریو خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچوون هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێستا له سوریا‌و سه‌ر سنوور‌و نێوانی كورد‌و جه‌بهه‌ی ئه‌لنوسڕه رووده‌دات، له‌سه‌ر دین نیه، به‌ڵكو ململانێی سیاسی‌و شه‌ڕو پێكدادانی سیاسیه‌و له‌و پێناوه‌ش سته‌مێكی یه‌كجار زۆر‌و گه‌وره له‌و گه‌له ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ پرسی جیهاد ئه‌وه ده‌بی گه‌وره زانایان‌و مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی بڕیار بده‌ن، نه‌ك كه‌سێكی ساده‌و نه‌شاره‌زا، ده‌بی ئێمه شه‌ڕی تائیفی‌و سیاسی‌و جیهاد لێك جیا بكه‌ینه‌وه، بۆیه پێویسته هه‌مووان هۆشیار بن‌و به‌دوای قسه‌ی خه‌ڵك نهكهونو خۆیان له‌و گۆڕه به كوشتن نه‌ده‌ن.
د. محمد عه‌بدوڵڵا پێنجوێنی
هیچ هۆكارو پاڵنه‌رێكی دروستی شه‌رعی ئێستا له گۆڕێ نیه بۆ ناردنی خه‌ڵك بۆ ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستی جیهاد
دواتر به‌رێز مامۆستا د. محمد عه‌بدوڵڵا پێنجوێنی به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگای زانسته ئیسلامیه‌كانی سلێمانی له‌و باره‌وه گوتی: ئه‌وه‌ی كه به‌ناوی جیهاده‌وه خه‌ڵكێك بچێت یان خه‌ڵكێك بنێرێ، ئه‌وه‌یان پێم وایه پێویستی به بڕیاری ورد هه‌یه‌و هه‌ر له‌سه‌ر پێوه بڕیاری له‌باره‌وه نادرێت، ده‌بێت ره‌وشی ئه‌و وڵاته زۆر به‌جوانی دیار بێت بۆ راستی‌و دروستی واقع، باش هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كرابێت، ئه‌و كات فه‌توای له لایه‌ن ده‌سته‌ی زانایانه‌وه دهربچێتو بكرێته بڕیاری كۆتایی‌و پێویستی رۆژگار، ده‌نا هه‌ر كه‌س بۆ خۆی له‌مه‌ڕ بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌وه بڕیار بدات شتێكی ره‌وانیه، وه هیچ رێدهرێك به‌دی ناكهمو پاڵنه‌رێكی دروستی شه‌رعی ئێستا له گۆڕێ نیه بۆ ناردنی خه‌ڵك بۆ ئه‌و وڵاته به مه‌به‌ستی جیهاد.
ئه‌وه‌شی كه چووه‌وه‌و ده‌چێت پێم وایه له‌ده‌ره‌نجامی كاریگه‌ری هه‌موو ئه‌و راگهیاندنانهیه كه زۆر باس له هاوبه‌شی خه‌ڵكانی وڵاتانی تر دهكرێتو هه‌ندێ لاوی ئه‌م وڵاته‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست دهبێتو ده‌چێت، ئه‌مه پاڵپشتی‌و ریدهرو پاڵنه‌ره، نه‌ك فتوای زانایان.
ئاڵاندنی ئه‌م بابه‌ته به زانایانه‌وه خۆی بۆ خۆی سته‌مه، هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی سیاسی‌و راگهیاندنو سیاسهتكارانهوه هه‌یه بهرووێكی تره‌وه هێنده په‌یوه‌ندی به زانایانه‌وه نییه. جگه له‌مه‌ش فتوای جیهاد په‌یوه‌ندی به‌ژیانی گهلانو خه‌ڵكه‌وه هه‌یه وه‌ك زانایان اصول ده‌فه‌رموون: ده‌بێت هه‌موو زانایان ئوممه‌ت له‌سه‌ری كۆك بن‌و ئه‌هلی راوێژ‌و زانست بڕیاری له‌سه‌ر بدهنو ئاراستهكارو ئاڵا‌و دروشم‌و قیاده‌و ئامانج ده‌بێت روون‌و شه‌رعی بن، ئه‌مانه‌ش هیچیان به‌روونی دیار نییه.