چوار موسڵمانی چیچانی له خۆشه‌ویستی ماڵی خوا‌و رێزی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی -دروودی خوای له‌سه‌ر بێت- به‌یه‌كه‌وه بڕیاریان داوه: به‌پێ حه‌جی ماڵی خوا بكه‌ن‌و زیاڕه‌تی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر بكه‌ن‌و، تائێستایش هه‌زاران كیلۆمه‌تریان بڕیووه.
رۆژنامه‌ی (ئه‌لڕیاز)ی سعودی له هه‌واڵێكی سه‌رنجڕاكێشدا بڵاوی كرده‌وه: 4 موسڵمانی شیشانی به ناوه‌كانی: (وه‌ڕایۆڤا جوبڕائیل‌و، ئالتمیڕۆڤ شه‌عران‌و، ڤیتایۆڤا فه‌خرودین‌و، شیایۆڤا ویسمه‌رد) په‌یمانیان داوه: وه‌ك ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیه‌ك بۆ ماڵی خوا‌و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر -دروودی خوای له‌سه‌ر بێت- هه‌روه‌ها وه‌ك زیندووكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌ریتی حه‌جكردنی باپیرانیان، به پێ حه‌ج بكه‌ن‌و سواری هیچ كام له هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه نه‌بن.
له درێژه‌ی هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه: ئه‌م حاجیانه رێكه‌وتی 17\6\2010 له كۆماری چیچانه‌وه به‌ڕێكه‌وتوون‌و، له‌وێشه‌وه بۆ ئازه‌ربایجان‌و، پاشان به‌ره‌و ئێران‌و، دواتر توركیا‌و، ئینجا سوریا‌و ئێستایش له شانشینی ئورده‌نن‌و عه‌ممانی پایته‌ختیان جێهێشتووه‌و نزیك بوونه‌ته‌وه له سنووری شانشینی عه‌ره‌بی سعوودی‌و، تا ئێستا 3400 كیلۆمه‌تریان بڕیووه‌و به‌رده‌وامن له رۆیشتن. |