یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان: لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراق نین    *****    *****   یەکێتی زانایانی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئان بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان لە مەراسیمێکدا بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حەمەئەمین سەراوی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان ديدارێک ئەنجام دەدەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 58 زانایانی ئایینی ساز دەکەن    *****    *****   مامۆستا شێخ جەلال بەرزنجی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن دوگۆمانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   شاندێکی باڵای ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی لەسەر سوکایەتیەکانی قاسم شەشۆ سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   مامۆستا شێخ محمد خۆشکانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر قاسم شەشۆ تۆمار دەکات   
دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید: كورد خزمه‌تێكی جوانی به‌ ئیسلام كردووه‌‌و زانایانی ئایینی كوردیش سه‌رمه‌شقن
به‌رواری دابه‌زاندن: 28/04/2015 : 11:56:56
قه‌باره‌ی فۆنت

له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا كه‌ له‌ ژماره‌ 100ی گۆڤاری (په‌یامی زانایان) بڵاوبۆته‌وه‌، به‌رێز (پرۆفیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید) شاره‌زای فكری ئیسلامی‌، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی زانایانی ئایینی‌و رۆڵی وتاری هه‌ینی له‌ ئاراسته‌ كردنی خه‌ڵك‌و، مه‌سه‌له‌ی فه‌توا‌و هه‌بوون‌و بانگه‌شه‌ كردن بۆ بێ‌ مه‌زهه‌بی‌و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی بۆ ده‌قه‌كان‌و ئه‌مانه‌‌و چه‌ندین پرسی تر.. ولامی چه‌ند پرسیارێكی داوه‌ته‌وه‌.

 

 

درێژه‌ی دیمانه‌كه‌..

 

 

پرۆڤیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید

كورد خزمه‌تێكی جوانی به‌ ئیسلام كردووه‌‌و زانایانی ئایینی كوردیش سه‌رمه‌شقی ئه‌و خزمه‌ته‌ بوون

 

دیمانه‌: مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی

 

قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی زانایانی ئایینی له‌بواری خزمه‌تكردن به‌ په‌یامی ئیسلام‌و گه‌یاندنی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌و له‌م قۆناغه‌ پڕ له‌ كێشمه‌ كێشه‌ به‌تایبه‌تی زۆر شت هه‌ڵده‌گرێ‌، هه‌روه‌ها رۆڵی وتاری هه‌ینی له‌ ئاراسته‌ كردنی خه‌ڵك‌و شیكردنه‌وه‌ی باس‌و خواسه‌كانی رۆژگار، لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای بۆ ده‌كرێ‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مه‌سه‌له‌ی فه‌توا‌و هه‌بوون‌و زۆربوونی فه‌توای سه‌خسی‌و تێكه‌ڵ كردنی شته‌كان‌و بانگه‌شه‌ كردن بۆ بێ‌ مه‌زهه‌بی‌و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی بۆ ده‌قه‌كان، بۆته‌ باسێكی گه‌رمی نێو شه‌قام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای ئایینی له‌م هه‌رێمه‌ هه‌ن‌و لێژنه‌ی فه‌تواش بوونی هه‌یه‌، ئایا ده‌كرێ‌ لابه‌لا فه‌توا بدرێن؟ ئایا خوێندنی ئیسلامی له‌ كوردستان له‌ چ ئاستێكدایه‌‌و چ جۆره‌ كاریگه‌یه‌كی هه‌یه‌؟ ئایا وتاری هه‌ینی له‌ئاست قۆناغی ئێستادایه‌؟ ئایا ئه‌و رۆڵه‌ی زانایان له‌ رابردوو هه‌یانبوو له‌م قۆناغه‌ هه‌مان رۆڵیان ماوه‌؟

 

بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌، كۆمه‌ڵێك پرسیارمان ئاراسته‌ی به‌رێز (پرۆفیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید) شاره‌زای فكری ئیسلامی‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی هه‌ڵسوراندنی یه‌كێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی‌و مامۆستای زانكۆو نووسه‌رو كه‌سایه‌تی‌و بیریاری دیاری كوردستان‌و عیراق كرد‌و، وڵامه‌كانیان له‌م راپۆرته‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر دیدی ئێوه‌ی به‌رێزه‌وه‌:

 

_ دكتۆر زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌، ده‌كرێ‌ بزانین ڕای به‌رێزتان سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی زانایان‌و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر پێشهات‌و دۆخی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ چۆنه‌؟

 

+ سوپاس بۆ ئێوه‌ش، وه‌ك مه‌علومه‌ رۆڵی زانایان له‌ گه‌یاندنی په‌یامی ئیسلام یه‌كجار گرنگ‌و گه‌وره‌یه‌، به‌پێی قۆناغه‌ مێژووییه‌كانیش ئه‌و راستیه‌ سه‌لماوه‌، كه‌ زانایان له‌رێی شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ما‌و به‌های ئایینی هه‌وڵی زۆریان داوه‌‌و ره‌نجی زۆریشیان كێشاوه‌، له‌و پێناوه‌ به‌رهه‌ڵستكاری تێكڕای ئه‌و بیرو بۆچونه‌ دژو پوچه‌ڵانه‌شیان كردووه‌، كه‌ فه‌یله‌سوفه‌ بونگه‌رایی‌و لاهوتیه‌كانی سه‌ر رێڕه‌وه‌ ئایینه‌كانی تر دایانهێناوه‌، بۆ به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌یان كتێبی جۆراوجۆرو زانستیان نوسیوه‌‌و بیره‌ چه‌پ‌و ناكۆك‌و گوماناویه‌كانیان ره‌ت كردۆته‌وه‌‌و ئایینی ئیسلامیان به‌ جوانی‌و رێكیه‌وه‌ شیكردۆته‌وه‌‌و خه‌ڵكیان لێ‌ به‌ ئاگا هێناوه‌.

 

پرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی له‌ كوردستان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گونجاو نیه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێ‌

 

زانایان تێگه‌یشتنی خۆیان له‌نێوان شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ دین‌و پێشهاته‌ دونیاییه‌كان كۆكردۆته‌وه‌، به‌ شێوازێك بوونه‌ته‌ كۆڵه‌گه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ داهێنان‌و دروستكردنی شارستانیه‌تی ئیسلامی هاوسه‌نگ، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ توێژینه‌وه‌‌و دانراوه‌ به‌ پێزه‌كانیان له‌ بواری زانستی ئیسلامی، ده‌بینین كه‌ كتێبخانه‌ی جیهانی ئیسلامی ته‌نانه‌ت جیهانی رۆژئاواشیان پڕ كردووه‌‌و جۆرێكی باش له‌ ده‌ڵه‌مه‌ندیان پێ‌ به‌خشیوه‌، به‌ كورتیه‌كه‌ی زانایانی ئایینی هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی نێو ژیان‌و پارێزگاریان له‌ بێگه‌ری ئیسلام‌و كیان كردووه‌و به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر خه‌ت بوون بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر لادان‌و ترازانێك، كه‌ روو بدات له‌لای هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا.

 

_ ئایا له‌م قۆناغه‌ زانایان هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ مه‌زنه‌ ده‌گێڕن؟ توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات‌و گۆڕانكاریه‌كان هه‌ڵبكه‌ن؟ ئه‌مرۆ و دوێنێ‌ پێكه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌؟

 

+ ئه‌و پرسیاره‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ‌، به‌ڵام من ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كاتێ‌ بارودۆخی جیهان گۆڕا، پێوه‌ره‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌ر داهات، به‌ڵام جیهانی ئیسلامی دره‌نگ له‌وه‌ خه‌به‌ری بوویه‌وه‌، سه‌یر بكه‌ ئه‌و پرۆگرامه‌ی خوێندن له‌ناو مزگه‌وته‌كان هه‌ر وه‌كو خۆی مایه‌وه‌‌و گۆڕانی به‌سه‌ر نه‌هات، زۆربه‌ی زانایان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی مزگه‌وت‌و به‌هه‌مان شێوازو چه‌شنی جاران ته‌دریسیان كرد، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ناو جیهانی ئیسلامی بۆشایه‌كی گه‌وره‌ دروست بوو، نه‌توانرا شان به‌شانی بارودۆخ‌و پێشهاته‌كان پێشكه‌وتن به‌ خوێندنی ئیسلامی بدرێ‌، ئا له‌و حاڵه‌ بۆچوونه‌ ماددیگه‌راكان هه‌لیان بۆ خۆیان قۆسته‌وه‌‌و مێشكی گه‌نج‌و جیلی تازه‌یان به‌لای خۆیان راكێشا، لێره‌وه‌ رۆڵی زانایان كزیه‌كی لێ‌ روودا، كه‌ نه‌یانتوانی نه‌وه‌ی تازه‌ له‌سه‌ر ئاراستیه‌كی جوانی گشتگیرانه‌ی ئیسلام رابێنن، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ش بوو وای كرد ته‌نانه‌ت موسڵمانانیش به‌شێكی ئایین‌و به‌ها‌و بنه‌ما شارستانی‌و باڵاكانی په‌راوێز بخه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد سارد بوون‌و لادانێكی گه‌وره‌ سه‌ری هه‌ڵدا‌و په‌ره‌سه‌نده‌كانی رۆژئاواش جێی پێكهاته‌ دینداریه‌كه‌ی گرته‌وه‌‌و كاریگه‌ریه‌كی زۆری نایه‌وه‌.

 

_ گوتاری ئایینی به‌گشتی‌و وتاری هه‌ینی به‌تایبه‌تی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ پێت وایه‌ ئه‌م خیتابه‌ له‌ئاست دۆخی ئێستا دایه‌؟

 

+ وتاری هه‌ینی به‌م دواییانه‌ ده‌كرێ‌ بڵێین به‌ سێ‌ قۆناغ تێپه‌ڕیوه‌، قۆناغی یه‌كه‌م: سه‌رده‌می وه‌ستانی فیكری لای زانایان‌و دووركه‌وتنه‌وه‌‌و بێئاگایی زانایان له‌ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و قۆناغه‌یه‌ ده‌توانم بڵێم وتاری هه‌ینی له‌ چوارچێوه‌ی شێوازی وتاری (ئیبن نه‌باته‌) تێپه‌ڕی نه‌كرد، ئه‌و شێوازه‌ وتاره‌ی نزیكه‌ی 700 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نوسراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێكی جیا له‌و سه‌رده‌مه‌، لێره‌ ئه‌وه‌م بیر كه‌وته‌وه‌ له‌نێوان ساڵانی 1950 تا 1953 من له‌ سلێمانی قوتابی بووم له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌و شاره‌ نوێژم ده‌كرد، وتاربێژی مزگه‌وت هات وتاری دا سه‌یرم كرد رێك وتاره‌كانی (ئیبن نه‌باته‌) ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی عه‌ره‌بی بوو، وه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ر لێی تێنه‌ده‌گه‌یشت، بۆیه‌ هێدی هێدی قوتابی‌و خه‌ڵكی رۆشنبیر له‌و مزگه‌وته‌ دووركه‌وتنه‌وه‌.

 

چه‌نده‌ی زانایان‌و وتاربێژان واقیعبین بن‌و ئاگاداری كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و پێشهاته‌ نوێیه‌كان بن، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌توانن كاریگه‌ری دروست بكه‌ن

 

پێم وایه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو بۆ موسڵمانان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆڵه‌كانیان له‌ مزگه‌وت دووركه‌وتنه‌وه‌‌و له‌ پابه‌ندیان به‌ نوێژو دروشمه‌ ئایینیه‌كان‌و به‌ها ره‌وشتیه‌كان به‌ره‌و كزی‌و لاوازی رۆیشتن، وه‌ فیكره‌ی عه‌لمانیه‌ت‌و دونیاگه‌رایی رووی تێ كردن، ئه‌مه‌ له‌هه‌موو عیراق وابوو.

 

قۆناغی دووه‌م: به‌شێكی وتاربێژان هه‌ستیان به‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌ كرد، بۆیه‌ هه‌ڵسان وتاره‌كانیان له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی كورت‌و له‌ چوارچێوه‌ی په‌روه‌رده‌‌و ره‌وشت‌و چه‌ند شتێكی دیاریكراو ئاراسته‌ ده‌كرد، خۆیان له‌ باس‌و خواسه‌كانی رۆژگار نه‌ده‌دا، بۆیه‌ نه‌یانتوانی به‌و شێوازه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌فكارو سیاسه‌ته‌كانی رۆژ ببنه‌وه‌، وه‌ نه‌یانتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو و ته‌ندروسته‌وه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانیان هه‌ڵبستن‌و ئیسلام به‌شێوه‌ گشتیه‌كه‌ی بگه‌یه‌نن، به‌ڵام هه‌ر چۆن بێ‌ ئه‌م قۆناغه‌ له‌و قۆناغه‌ی پێشتر باشتر بوو.

 

قۆناغی سێیه‌م: كه‌ قۆناغی سه‌ره‌تای سه‌رده‌می نوێیه‌، له‌و قۆناغه‌ كۆمه‌ڵێك وتاربێژی وا ده‌ركه‌وتن كه‌ توانیان هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوان تێگه‌یشتنی ئیسلامی راسته‌قینه‌‌و، پێشهات‌و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی بكه‌ن له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌، به‌و ئاراسته‌یه‌ توانیان كاریگه‌ری زۆر له‌ نه‌وه‌ی تازه‌ بكه‌ن، كه‌ من ئومێدم وایه‌ ئه‌و جۆره‌ خیتابه‌‌و شێوازه‌ی ئاراسته‌كردنی ئیسلام په‌ره‌ی زیاتری پی َبدرێ‌‌و كاری زیاتری بۆ بكرێ‌، چونكه‌ چه‌نده‌ی زانایان‌و وتاربێژان واقیعبین بن‌و ئاگاداری كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و پێشهاته‌ نوێیه‌كان بن، ئه‌وه‌نده‌ش زیاتر ده‌توانن كاریگه‌ری دروست بكه‌ن‌و به‌های ئایینی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ جێ‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك‌و نه‌وه‌ی تازه‌ ده‌كات‌و زیاتر خه‌ڵك به‌ره‌و باوه‌شی ئیسلام دێنێ‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌‌و جوان‌و زانستیانه‌ به‌رامبه‌ر ئایینی ئیسلام پێشكه‌ش ده‌كات.

 

فه‌توادان مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیاره‌‌و له‌ ئیسلامدا هه‌موو كه‌س بۆی نیه‌ فه‌توا بدات

 

_ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی فه‌توا ئایا هه‌موو كه‌سێك بۆی هه‌یه‌ فه‌توا بدات؟ به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ به‌ لێشاو فه‌توا ده‌درێن‌و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، یان چوارچێوه‌ی خۆی هه‌یه‌‌و كه‌سی تایبه‌تی ده‌وێ‌؟

 

+ فه‌توا مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیاره‌‌و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ دیاریكراوه‌ له‌ ئیسلامدا، هه‌موو كه‌س بۆی نیه‌ فه‌توا بدات، ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێ‌ فه‌توا بدات پێویسته‌ شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌ زانسته‌ ئایینی‌و دونیاییه‌كان هه‌بێت به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیانه‌وه‌، پێكدادان‌و تێكگیران هه‌میشه‌ له‌ ئه‌نجامی فه‌توای شه‌خسیه‌وه‌ رووده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌مزانی‌و نه‌بوونی به‌رچاو روونی‌و شاره‌زایی ته‌واو روو ده‌دات، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تووشی شۆك‌و شڵه‌ژان ده‌كا، وه‌ سه‌رده‌می ئێستا سه‌رده‌می ده‌ستێوه‌ردان‌و پشێویه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ خه‌ڵكی له‌شێوه‌ی مامه‌ڵه‌‌و هه‌ڵسوكه‌وتیان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ له‌و چوارچێوه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی دین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی دیاری كردووه‌.

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ رێگه‌ بگیرێت له‌و جۆره‌ فه‌توا‌و شێوازه‌ ره‌مه‌كیه‌ی فه‌توادان، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێ‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌توایانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌‌و لێژنه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چن، یان بگه‌ڕێیه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ی فیقهناسان، به‌تایبه‌ت له‌و كێشه‌‌و پێشهات‌و بابه‌تانه‌ی ناروون‌و داخراو و ئاڵۆزن، پێم وایه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ ئه‌ركه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌وڵی زانایانی شاره‌زا‌و پسپۆر له‌هه‌ردوو بواری زانستی‌و واقعه‌وه‌.

 

_ كه‌واته‌ پێـت وایه‌ به‌شێكی ئه‌و فه‌توایانه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی نه‌شاره‌زا‌وه‌ ده‌ره‌چن جێی مه‌ترسین، به‌مانایه‌كی تر پێت وایه‌ ئه‌و جۆره‌ فه‌توا ره‌مه‌كیانه‌ چ جۆره‌ كاریگه‌ریه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌كه‌ن؟

 

+ ئه‌و فه‌توایانه‌ی بنه‌مایه‌كی دروستیان نیه‌، یان فه‌توای ناجێگیرو گومڕاكه‌رو سه‌رشێوێنن، كاریگه‌ری خراپ‌و نه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك دروست ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ر له‌هه‌ر شتێك متمانه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر زانایان‌و فه‌توا‌و بۆچوونه‌كانیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوونێكی نامۆ‌و لاواز فه‌توا ده‌ده‌ن، یان له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی‌و ساده‌ی ده‌قه‌كان خۆیان ده‌كه‌نه‌ موفتی، بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ بنچینه‌‌و یاسا‌و مه‌قاسیدو روئیابینی‌و شێوه‌ی جێكردنه‌وه‌‌و جێبه‌جێ‌ كردنی ده‌قه‌كان قوڵببنه‌وه‌، كاره‌سات ده‌خولقێنن‌و مه‌ترسی زۆر ده‌نێنه‌وه‌.

 

هه‌ر فه‌توایه‌ك بنه‌مای دروستی نه‌بێ‌ كێشه‌ی زۆر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌كات، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر بۆچوونی شه‌خسی‌و نامۆ‌و لاواز فه‌توا ده‌ده‌ن كاره‌سات‌و مه‌ترسی زۆر ده‌خولقێنن

 

بۆیه‌ وه‌ك گوتم ئه‌و فه‌توایانه‌ی گرنگن، پێویسته‌ كۆده‌نگی زانایانی له‌سه‌ر بێ‌، یان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌ زانایانه‌وه‌ بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدرێ‌، وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و زانایانه‌ش له‌و كه‌سانه‌ بن كه‌ زانای دیندارو شاره‌زا‌و له‌خوا ترس بن‌و هیچ كات‌و له‌ژێر هیچ فشارێك كار نه‌كه‌ن‌و له‌ لۆمه‌ی لۆمه‌كاران نه‌ترسن، له‌هه‌مان كات زۆر گرنگه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌رك به‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌ بكا‌و ئاشنای واقع‌و ده‌وروبه‌رو پێشهاته‌كانی سه‌رده‌م بێت.

 

_ دكتۆر ده‌كرێ‌ بزانین رۆڵی ده‌زگا ئایینیه‌كان به‌ گشتی‌و یه‌كێـتی زانایان به‌ تایبه‌تی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ پێت وایه‌ چی بكه‌ن له‌م قۆناغه‌ بۆ باشتركردنی كاری ده‌سته‌جه‌معی‌و رێكخراوه‌یی له‌بواری ئایینیدا؟

 

+ له‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كه‌م، من پێم وایه‌ ده‌كرێ‌ برایانی به‌رێزم له‌ یه‌كێتی زانایان به‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵبستن‌و له‌كاری خۆیاندا ره‌چاوی بكه‌ن:

یه‌كه‌م: ئاراسته‌كردنی وتاربێژانی مزگه‌وت به‌ رۆشنبیریه‌كی ته‌واو مه‌عریفه‌یه‌كی جوان‌و پێویسته‌وه‌، ده‌بێ‌ ئه‌وان ئاگایان له‌و ململانێ‌ فكری‌و پێشهات‌و گۆڕانكاریانه‌ بێ‌ كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریان رووده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ رێی مینبه‌رو وتاری هه‌ینیه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه‌، ده‌بێ‌ ئه‌وان خه‌ڵكی هاموشۆكاری مزگه‌وت رۆشنبیر بكه‌ن، شاره‌زایان بكه‌ن، په‌یامیان پێ‌ بگه‌یه‌نن، بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ندبوونێكی جوان به‌رامبه‌ر دینیان نیشان بده‌ن‌و نه‌وه‌‌و رۆڵه‌كانیان له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست‌و ره‌سه‌نی ئیسلامیه‌وه‌ رابێنن تا به‌های مرۆیی‌و ره‌وشتی باڵا گه‌شه‌ بكا‌و بیانگرێته‌وه‌.

 

پێویسته‌ وتاربێژان ئاگایان له‌و ململانێ‌ فكری‌و پێشهات‌و گۆڕانكاریانه‌ بێ‌ كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریان رووده‌دات

 

ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێویستی به‌ كردنه‌وه‌ی خولی به‌رده‌وام هه‌یه‌، كه‌ خه‌ڵكی پسپۆر‌و شاره‌زا له‌ زانایانی ئایینی‌و شه‌رعزانان ئه‌و بابه‌تانه‌ شیبكه‌نه‌وه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هه‌وێن‌و پاڵپشت‌و یارمه‌تیده‌ر بۆ وتاربێژان له‌مه‌ڕ دروستكردنی كه‌شێكی له‌بار بۆ خزمه‌تی دین‌و دینداری‌و نانه‌وه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌.

 

دووه‌م: پێویسته‌ بایه‌خێكی گرنگ‌و تایبه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی فه‌توا بده‌ن، نه‌خاسمه‌ له‌و پرس‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌و فه‌توایانه‌ له‌ ژێر رۆشنایی فیقهی موقارن‌و له‌ چوارچێوه‌ی مه‌زاهیبی فیقهیه‌وه‌ بێت، نه‌ك ته‌نها پشت به‌ یه‌ك مه‌زهه‌ب ببه‌سترێ‌‌و ته‌واو، مامۆستای مزگه‌وت له‌ سنووری خۆی ده‌كرێ‌ پابه‌ندی یه‌ك مه‌زهه‌ب بێ، یان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك مه‌زهه‌ب وڵامی پرسیاری خه‌ڵك بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌‌و ناكۆكی‌و دووبه‌ره‌كی له‌ناو گه‌ڕه‌ك‌و ناو مزگه‌وت دروست نه‌بێ‌، ئه‌وه‌ كارێكی باشه‌، ئه‌وانه‌ی پسپۆڕن‌و له‌بواری فه‌توا كار ده‌كه‌ن پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی مه‌زهه‌به‌كان بۆچوونی دروست‌و گونجاو هه‌ڵبژێرن، به‌مانایه‌كی تر بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌توا‌و ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌جالی فه‌توا كارده‌كه‌ن ده‌بێ‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كۆی مه‌زهه‌به‌ فیقهیه‌كان‌و ئاڕای زانایانی پێشوو، به‌ڵام بۆ مه‌لای مزگه‌وت‌و گه‌ڕه‌ك باشتر وایه‌ له‌ سنووری مه‌زهه‌بی باوو ده‌رنه‌چێ‌‌و وڵامی پرسیاری خه‌ڵك‌و نوێژخوێنان له‌و چوارچێوه‌ بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكی له‌نێو نوێژخوێنان‌و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك دروست نه‌بێ‌.

 

ناكرێ‌ بۆ فه‌توا ته‌نها پشت به‌ یه‌ك مه‌زهه‌ب ببه‌ستین

 

سێیه‌م: كردنه‌وه‌ی خولی وه‌رزی به‌هێزكردن‌و زانستی‌و رۆشنبیری بۆ خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ئامانجی شاره‌زاكردنیان له‌ بنه‌ما‌و به‌ها گرنگه‌كانی ئیسلام له‌لایه‌ك‌و، جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌و هێڵه‌ گشتی‌و تایبه‌تانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ زۆر پێویستیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێ‌ یه‌كێتی زانایان له‌رێی مامۆستایانی ئایینی به‌و كاره‌ هه‌ڵبستێ‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونیان هه‌یه‌‌و توانای راهێنان‌و تێگه‌یاندنیان به‌هێزه‌، یان ئه‌و پرسانه‌ی گه‌رمن‌و دێنه‌ پێشه‌وه‌، پێویسته‌ به‌م دوو ئاراسته‌ زانایان جوهد بكه‌ن‌و خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ له‌ بنه‌ماكانی دینداری‌و وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌ی پێویست‌و به‌های ئه‌خلاقیه‌وه‌.

 

زانایانی ئایینی به‌پێی تێگه‌یشتن‌و جوهدیان بوونه‌ته‌ كۆڵه‌گه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ داهێنان‌و دروستكردنی شارستانیه‌تی ئیسلامی هاوسه‌نگ

 

چواره‌م: پێویسته‌ یه‌كێـتی زانایان په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگاو رێكخراو و ناوه‌ندی ئیسلامی‌و زانستی نێو جیهانی ئیسلامی دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی زانایانی ده‌ره‌وه‌ به‌ گشتی‌و عاله‌می ئیسلامی ئاشنای گه‌لی كورد بكه‌ن له‌هه‌موو روێكه‌وه‌، كورد خزمه‌تێكی جوانی ئیسلامی كردووه‌، زانایانی ئایینی خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان له‌بواری خۆیان پێشكه‌ش به‌ ئیسلام‌و موسڵمانان كردووه‌‌و له‌و بواره‌ سه‌رمه‌شق بوونه‌، قوتابخانه‌ ئایینیه‌كانی كوردستان خه‌ڵكێكی باشیان پێگه‌یاندووه‌، له‌ مێژوودا سه‌روه‌ری زۆر هه‌یه‌، ئه‌ركه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ جوانانه‌ به‌ جیهان بناسێنێ‌، له‌هه‌مان كات ئه‌ركه‌ زانایانی كورد له‌رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد داهاتووه‌ له‌ ماڵوێرانی‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌و نه‌هامه‌تی، به‌تایبه‌ت به‌ده‌ستی رژێمه‌كان‌و دراوسێكانمانه‌وه‌، شیكردنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامانه‌ ئه‌ركێكی پێویسته‌ له‌رێی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێ‌.

 

پێویسته‌ داوا له‌ بیریارو نووسه‌رانی شاره‌زا له‌ ئیسلام بكرێ‌ شت بۆ ئه‌م گۆڤاره‌ی (په‌یامی زانایان) بنووسن

 

پێنجه‌م: بایه‌خدان به‌و گۆڤاره‌ زانستیه‌ی (په‌یامی زانایان)، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ گۆڤارێكی ته‌قلیدی‌و خه‌ڵك لێی بێزار بێت یان نه‌خوێندرێته‌وه‌، پێویسته‌ داوا له‌ بیریارو نووسه‌رانی شاره‌زا له‌ ئیسلام بكرێ‌ به‌جیاوازی پسپۆڕی‌و لێهاتووییانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شت بنووسن‌و گۆڤاره‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن، تا ببێته‌ گۆڤارێكی زانستی نمونه‌یی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی راستیه‌كانی ئیسلام‌و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ فیكریه‌كان‌و شاره‌زا كردنی گه‌له‌كه‌مان له‌بواری دینداری‌و شارستانیه‌تی ئیسلامه‌وه‌.

 

_ با بێینه‌ سه‌ر پرسی خوێندنی ئیسلامی‌و بابه‌تی زانسته‌ مه‌نهه‌جیه‌كانی نێو پرۆسه‌ی خوێندن، ئایا بۆچوونی جه‌نابتان سه‌باره‌ت به‌ كۆلێژو په‌یمانگا‌و قوتابخانه‌ ئیسلامیه‌كان چۆنه‌؟ به‌پێی تێڕوانینی به‌رێزتان له‌ ئاستی پێویستن؟ یان پێویستی به‌ ده‌سكاری كردنی پرۆگرامی خوێندن هه‌یه‌؟

 

+ من ماوه‌ی پتر له‌ 44 ساڵه‌ سه‌رقاڵی خوێندن‌و وانه‌ وتنه‌وه‌م له‌ ژیانی زانكۆو له‌ناو عیراق‌و ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ زۆر پێویسته‌ چاوو بخشێندرێته‌وه‌ به‌ سیسته‌می خوێندن‌و مه‌نهه‌جی دانراو بۆ له‌مزگه‌وت‌و ته‌نانه‌ت كۆلێژو په‌یمانگا‌و قوتابخانه‌ ئیسلامیه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زاراوه‌‌و بابه‌ت‌و چه‌مكه‌كانی نێو ئه‌و پرۆگرامه‌ زۆر كۆنه‌‌و به‌كه‌ڵكی ئێستا نایێ‌‌و بۆ ئه‌م قۆناغ هاوتا نیه‌، پێویسته‌ مه‌نهه‌جێك دابنرێ‌ بۆ سه‌رده‌می هه‌نووكه‌ گونجاو بێت‌و له‌گه‌ڵ داخوازی رۆژگار یه‌ك بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێی ئه‌و پرۆگرامه‌وه‌ بتواندرێ‌ شتێك سه‌ربار بكرێ‌ له‌ ئاراسته‌كردنی عه‌قڵ‌و واقع به‌ره‌و روئیا‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش‌و پێشكه‌وتوو و پڕ له‌ داهێنان، تا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشكه‌وتن‌و گۆڕانكاریه‌ كۆمه‌ڵێك زانای لێهاتوو و رۆشنفكرو بیریاری سه‌رده‌می لێ‌ به‌رهه‌م بێت، وه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكی بانگخوازی وا دروست ببن، كه‌ بتوانن به‌ حیكمه‌ت‌و شێوازی هه‌نووكه‌یی‌و جوان‌و هاوسه‌نگ‌و میانڕه‌وه‌وه‌ په‌یامی ئیسلام به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌یه‌نن.