" ئاماژە" یەعنی چی؟

’ ئاماژە پێدان’ لەو وشانەیە كە لە زمانی كوردیی ئەمڕۆی ڕۆشنبیرانی گەرمێنێ دا زۆر دەبیسترێ. من لە ژیانی خۆم دا كە لە گەڵ كوردان ژیاوم ئەو لۆغەتەم لێ نەبیستوون، جا نازانم لە چیەوە ھاتووە. بە بێ شك ئەگەر لەو كەسانەی ئەو كەلیمەیە زۆر تیكرار دەكەنەوە بپرسی ئاماژە لە كوێ ڕا پەیدا بووە، نایزانن. ئەوەندەی دەزانم خەڵك لە ژیانی خۆیان دا نایڵێنەوە و لەمەو پێشیش نەبووە.

من پێم وایە ’ ئاماژە’ دەبێ ھەمان " ئیمەیج" یان’ ئیماجین’ ی ئینگلیسی بێ (چۆنی نووسراوە ئاوای بخوێنەوە و ج بە ژ تەلەففوز كە!). دیارە ھێنانی وشەیەك لە ئینگلیسییەوە لە حاڵێك دا خۆمان لە كوردی دا نەمانبێ، ئیشكالێكی نیە. بەڵام سەیر ئەوەیە وەختێك ئەو ڕۆشنبیرانەمان وشەیەك دێنن وای دە كار دەكەن كە ڕیشە و بناغەكەی نەناسرێتەوە. ئیمەیج بە مەعنای تەسەوور كردنە. ئەوە فیعلێكە كە لە نێو زەینی ئینسان دا دەكرێ. یانی ئێمە لە نێو مێشكی خۆمان دا وێنەیەك لە شتێك چا دەكەین.

وەك بۆمان ڕوون بۆتەوە كە لە نێو خۆمان دا قەدەرەێكە دەگوترێ " ئاماژە پێدان"، مەقسەدیان لە ئیشارە پێكردنە. ئیشارە پێكردن كە لە زمانی خەڵك دا ھەیە مەعنای ئەوەیە پەنجە ڕاكێشی بۆ شتێك لە دیوی دەرەوەی زەین دا. تۆ لە لای من ڕاوەستاوی، لەو بەری چۆمی كەرێك دەگەوزێ. دوور بە دوور ئیشارە بە كەرەكە دەكەی و دەڵێی ھۆو گوێدرێژە ئی ماڵە فڵان كەسییە. لەو حاڵەتە دا كە ئیشارە دەكەی شتەكە لە دەرەوەی زەینی من و تۆیە.

ئەگەر لە جیاتی ’ ئیشارە كردن بە كەر’ بڵێین " ئاماژە بە كەرێك دەدەم" یانی لە نێو زەینی خۆم دا تەسویری كەرێك چا دەكەم. ئەوە ھیچ ڕەبتی بەوە نیە كە لە دوورەوە حەیوانێك ھەبێ و لە خۆڵێ دا بگەوزێ و بزەڕێنێ و ئێمەش پەنجەی بۆ ڕاكێشین.

كەوابوو ئیشارە و ئاماژە دوو وشەن كە لە دوو جیھەتی دژ بە یەك دان. ئیشارە قامك ڕاكێشانە بۆ شتێك لە دەرەوەی زەینی ئێمە. ئاماژە دروستكردنی شتێكە بە قووەی تەسەور لە نێو مێشكمان دا.

ڕاكردنی ڕووناكبیران لە دەست زمانی خەڵك
نموونەیەكی دیكە لە وشە قەرز كردن یان دزین وشەی پزیشك ـە. كەس نازانێ پزیشك لە چیەوە ھاتووە. من پێم وایە ئەوەش ئینگلیسی یە. تۆ بە ئینگلیسی دەنووسی فیزیشن كە بە مەعنای تەبیب دێ، ئەوەڵ حەڕفی كە دەینووسی پ و ھ پێكەوە دێن و بە ف دەیخوێندرێنەوە. بەو جۆرە پیزیشن (فیزیشن) لە ئینگلیسی دا لە پزیشك نزیكە و دەردەكەوێ كە پێك مەڕبووتن و مەعناكەیان یەكە.

ڕووناكبیرەكانمان لە دەست زمانی خەڵك ھەڵدێن و خۆ ڕادەپسكێنن. ئەو فەقیرانە خۆ دە كەلێن و كولێنی وا دەھاوێن كە سەر لە مۆلەكەی سەیر و عەجایب دەر دێنن. مەسەلەن لە جیاتی تەبیب یان حەكیم یان دوكتور دەڵێن: نۆژدار!!! لە فارسی دا وشەی " نوشدارو" ھەیە كە لە دوو وشەی نوش + دارو پێك ھاتووە و بە مانای دەرمانێكە كە لە شووشەی دایە و بۆ شیفا دەخورێتەوە. ڕووناكبیرانی خۆمان بە خەیاڵی بەتاڵی خۆیان وە دوی دۆزینەوەی كوردیی ڕەسەن كەوتوون. ھەر بۆیە بە تەبیب یان دوكتور دەڵێن نۆژدار. لێرە دا دوكتورێك بە دەیان ساڵ خوێندن و شەھادە و خزمەتی مەتەب و نەخۆشەوە كراوە بە دەرمانی نێو شووشە و پێی دەڵێن نۆژدار.

چاكتر وایە ڕووناكبیرانمان لە سەر بنج و بناوانی دابی خەڵك بڕوێن و قەرار بگرن. بە خەڵكی خۆ قایل بن و شەرمیان بە باب و باپیرانیان نەیە. ئەو خەتەی گرتوویانە ڕووەو ھەڵدێرە. ئەڵبەت ھەڵدێرانەكە بۆ زمانی میللەتەكەیە دەنا ئەوان ماشەڵڵا لە برەو ناكەون و دەور و دوكانیان لە ھەموو سەردەمێك دا ئاوەدانە. بە ڕاستی ئەمن ئەگەر بزانم ھەر چی قسەی زاری خەڵكەكەمە ھەمووی عەیبە و دەبێ فڕێ بدرێ و لە دەرەوە كەلیمەمان بۆ بێنن ئەدی كورد خۆی چی ھەیە؟ كوردی لە كوێیە؟

ئەوەی لە مێدیاكانەوە بە كوردی بە ئێمەی دەناسێنن قسەی زاری خەڵكەكەمان نیە. ناشتوانن ئیددیعا بكەن كە لە لەوحەیەك لە بن عەرزییان دەرھێناوە و قەدیمییەكانمان وایان قسە كردووە. ئەوەی ئەوان بە كوردایەتی بە ئێمەی دەفرۆشنەوە ڕاكردنە لە ھەر چی كورد ھەیەتی و پێوەی دەناسرێ.