پێشبڕكێ‌ لەسەر گەورەترین درۆ

دوێنێ‌ لە خۆمەوە دەسكاری رادیۆی نێو ئۆتۆمبێلەكەم كرد بە مەبەستی بردن بۆ سەر كەناڵی رادیۆیەكی تر، خۆ و بەخت كەوتە سەر بەرنامەی ڕادیۆیەك كە كچێكی پێشكەشكاری لەسەر بوو هەر پێدەكەنی و مەجلیسی زۆر گەرم بوو لەگەڵ بەشداربووانی، وتم بابزانم چییە، دەمێك گوێم گرت باس باسی درۆی نیسان بوو، بێژەرە كچەكە بە بە خەڵكە بەشداربووەكەی دەگوت ئەمڕۆ چەند درۆوت كردووە؟ چەند خەڵكت فریو داوە بە درۆی گەورە؟ یەكێ‌ دەیگوت ئەمڕۆ بە فڵان كەسم وت ئەو كەسەت مردووە، یەكێ‌ دەیگوت ئەمڕۆ بە یەكێكم وت ئۆتۆمبێلی براكەت وەرگەڕاوە و واو وای لێهاتووە، كچەكەش لەبەر خۆیەوە پێی دگوتن دەستان خۆش درۆی باشتان كردووە، یەكێ‌ تەلەفۆنی كرد بێژەرەكە پێی وت چەند درۆت كردووە ئەمڕۆ؟ كەسەكە وتی: من هیچ درۆم نەكردووە، بێژەرەكە پێی وت: چۆن دەبێت، مەگەر نازانی ئەمڕۆ یەكی نیسانە و ڕۆژی درۆیە؟ دەبێت درۆ بكەی لەم ڕۆژەدا، بێژەرەكە بە خەڵكی دەگوت خۆی لەم ڕۆژەدا مرۆڤ درۆی چاكی بۆ دێت.


كە ئەم چەند قسەیەم بیست لە دڵی خۆم وتم، قوڕ بەسەر ئەو گەلەی كە ڕاگەیاندنی وەك ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانەی هەیە، بۆیە حاڵی وا خۆشە، دڵنیام هەر ئەم ڕادیۆیەش ئێستا داوای دەوڵەتی كوردی دەكات بەڵام چ دەوڵەتێك دەوڵەتێك بەو مەرجەی كە هاوڵاتیانی لەسەر درۆی گەورە ڕاهاتبن.


لە هەندێ‌ وڵاتانی جیهان ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی گەمژەكان ناوی دەركردووە، كەچی لە وڵاتی ئێمە بە ڕۆژی درۆ بەناوبانگە و زۆر بە شانازیشەوە یادی دەكرێتەوە لە ڕاگەیاندنەكان.