ڕووناکبیر و سەنگەرگۆڕینی ئایینی!

هەندێك ڕووناکبیری کورد لە هەڵوێستێکی گاڵتەجاڕانەدا، کە پێدەچێت پاشخانێکی فیکری ئایینی لاوازیان هەبووبێت، تەنانەت زۆر کەس ئینتیمای ئایینی ڕاستەقینەشیان نازانێت، بڕیاریاندا بە شێوەی کاتی و ڕەمزی ببنە ئێزیدی!، ئامانجیشیان لەو کارە زۆر ڕوونە، کە هەموو تاکێکی کوردی موسڵمانی هۆشیار بە ئاشکرا دەیزانێت، ئەوانە لە پشت زەقکردنەوەی ئەو بابەتە، دەیانەوێت ڕای گشتی موسڵمانان و شەقامی کوردی بورووژێنن، بێجگە لەوەش مەرامی شاراوەی دیکەشیان لە هەگبەدایە و بەو ئاراستەیەش ئەو سیناریۆیەیان داڕشتووە، کە من بە دووری نازانم مەبەستیان بێت جۆرێك لە بارگرژیش لەسەر پرسی پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی بخوڵقێنن.

پێموایە لەو دۆخە تایبەتەی هەرێمی کوردستانی پێدا دەڕوات، کە دەخوازێت هەموومان وەکو یەك تیمی دڵسۆز و بە یەکڕیزییەوە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە هەستیارەکان بکەین، پێویست بوو ئەو ڕووناکبیرانە بابەتیانەتر و وردبینانەتر و بەرپرسیارانەتر هەڵوێست بنوێنن، نەوەكو بەو شێوازە نامۆیە خۆیان نمایش بکەن، چونکە ئاسانتر بوو بۆیان دوور لە ئینتیمای ئایینی، بە زۆر شێوازی جیاوازی دیکە، هاوسۆزی خۆیان بۆ برا ئێزیدییەکان دەرببڕن، کە هەموومان بە پەسندمان زانیووە و کاریشمان بۆی کردووە، بە تایبەت کە ئەوان بە حیساب توێژێکی کراوە و هۆشیاری ناو کۆمەڵگان و دەبێت زۆر زیاتر پەرۆشی سەقامگیریی کۆمەڵگا بن و ڕێگە بگرن لە ورووژاندنی بابەتێکی لەو چەشنە، بەڵام بەو کارەیان، گومانیان خستە سەر شایستەبوونی خۆیان بۆ سیفەتی ڕووناکبیریی، زیاتریش خۆیان بەر بەرچاوی کۆمەڵگا ناشیرین کرد.

لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر ئازادییە گشتییەکانی مرۆڤ، بەڵام شتێکی زۆر نالۆژیکی و ناشایستەیە، کەسانێك بە شێوەی کاتی بچنە سەر ئایینێکی تەواو جیاواز!، بە تایبەت کە لە ژینگەیەکی زۆرینە موسڵمان و بەناو موسڵمانێتییەوە ئەو سەنگەر گواستنەوەیە ئیعلان بکەن، کە ئەو جۆرە گوزارشتکردنە لە هەڵوێست و بیروبۆچوون، لەگەڵ پرەنسیپ و پێوەرەکانی ڕووناکبیربوون یەکناگرێتەوە، نەخاسمە لەو ئانوساتە دژوارەی وڵاتەکەمان پێیدا گوزەر دەکات، دڵنیاشم ئەوان بە تەواوەتی لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو ئایینە تێنگەیشتوون و زانیاری پێویستیشیان لەسەر دابونەریت و لایەنە کلتوری و فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردانی ئێزیدی نییە، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروستانە خوێندنەوەیان بۆ پرسی ئێزیدیبوون بکردبا، بە تەئکید ئەو بڕیارە هەڵەیان نەدەدا و خۆیان نەدەکردە کەرەستەیەكی هەرزان بۆ گاڵتەجاڕی و خۆڕیسواکردن!.