سەردەمی باوكسالاری گوزەشت... ئێستا سەردەمی بابە سالارییە

باوك، كێ بوو.... بابە، كێیە؟

باوك.... لەهەژدە ساڵیدا ژنی هێناوە. شەش كوڕو پێنج كچی، هەیە، دایكی منداڵەكانیش، لەماڵەوە، بەبێ نەشتەرگەری، هەموو منداڵەكانی بووە.

بابە.... لەچل ساڵیدا هاوسەرگیری كردووە، هاوسەرەكەشی دوو كچی بەنەشتەرگەری فەتحولبەطن، بووە.

باوك.... نەمناڵ، نەدراوسێ، بەبیجامەوە نەیدیبوو، دوای نوێژی بەیانی، بەپێ دەڕۆشت‌و بیست نانی گەرم‌و مەنجەڵێك ماستی كوردی دەهێنا.

بابە.... سەعات نۆ بە سێ چارەكێكەوە، بەسەیارە دەچێ بۆ سەمونخانەو شەش سەموون‌و خامە‌و پاكەتێكی پەنیری كیری، دەهێنێت.

باوك.... لەماڵەكەیدا خۆیدا، لەسەر دۆشەكی لۆكە‌و بە لێفەو سەرینی پەڕی خۆیەوە، نەبوایە، لەهیچ شوێنێكیتر، نەده مایەوەو خەوی لێنە دەكەوت.

بابە.... لەهەفتەیەكدا تەنها سێ شەو لەماڵی خۆیانە. لەسەر سیسەم دەنوێت‌و پشتی طوببی، بەكاردەهێنێت‌و بەردەوام شەقیقەی هەیە‌و سەری دەیەشێت.

باوك.... هەرچی لێبنرایە، دەیخواردو زیاتر حەزی لەساوەرو دۆ بوو، ناوبەناویش نیسكێنەی پێخۆش بوو.

بابە.... هەموو ئەو خواردنانە ناخوات كە بەپاشگری (ێنە) كۆتاییان دێت.

باوك.... كە لەبازاڕ دەهاتەوە، لانی كەم، سێ لەمنداڵەكانی، بەرەو پیری رایدەكردو شتەكانیان لێوەردەگرت‌و بەخێریان دەهێنایەوە.

بابە.... نوكە دەكا، لەدەرگا دەدا، هەربانگ دەكات‌و كەس وەڵامی ناداتەوە. ناچار بەشەش عەلاگەكەی بەدەستەوەیە، خۆی لەسەرلا، دەرگای حەوشەی دەكاتەوە.

باوك.... دوای نیوەڕۆ، خۆی لەپێشەوەو كوڕە گەورەكەی، سەیارەكەی، بۆ لێدەخوڕێ‌و دەچێ بۆ تەعزێی شێخ ئەنوەری كۆنەدراوسێیان.

بابە.... خێزانەكەی سەیارە، لێدەخوڕێ‌و بابە خۆشی، كچە ساوەكەی؛ بەمەمە شیرەكەوە، لەباوەشدایەو، دەیبەن بۆ ماڵی خەزوری. لەوێشەوە خواحافیزی لەسازان خان (هاوڕێی خێزانەكەی) دەكەن كە وابڕیارە، دوانزەی مانگ بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا، بۆ لای مێردو كچەكەی.