یەكێتی زانایانی ئاینی داوای زیادكردنی موچەی مامۆستایانی ئاینی دەكات

كوردیو-سلێمانی-كاروان كەریم

ماوەی چەند مانگێكە یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان داوای زیادكردنی موچەی مامۆستایانی ئاینی دەكات و بۆئەو مەبەستەش داوایەكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردوە بەڵام تائێستا داواكاریەكەیان جێبەجی نەكراوە .

لەوبارەوە جەعفەر گوانی وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئاینی تایبەت بەكوردیوی راگەیاند:ئێمە ماوەیەك لەمەوبەر داواكاریەكمان دایە حكومەتی هەرێم وەڵامیان داینەوە، بەڵام وەڵامەكە نە بەڵێ‌ و نە نەخێر بوو ،وتیان دیراسەی دەكەین ولەگەڵ سەرجەم فەرمانبەران موچەكەتان چاك دەكرێت و هەوڵ ئەدەین ،بۆیە ئێمە تائێستا بێ‌ هیوا نەبوین وبەردەوام دەبین لەسەریشی.

وتەبێژی یەكێتی زانایان رونیشیكردەوە ، زیادكردنی موچە بەپێی بروانامەیە، بەڵام پێچەوانەی هەموو فەرمانبەران مامۆستایانی ئاینی دەرفەتی هیچ كارێكی تریان نیە، ئەگەر مامۆستایەكی ئاینی پەیوەست بێت بەدەوامی خۆیەوە ئەوا بواری كاركردنی تری نیە ،ناتوانێت نیوەرۆ لەمزگەوت بێت و دواتر بچێت بۆ كارو ئێوارە دیسان لەمزگەوت بێت و شەو بچێتەوە سەركار،بۆیە پێمان وایە بونی هەندێك موچەی زیادە وەك دەوامی ئیزافی پێویستە كەلەهەموو فەرمانگەكان ئەوە هەیە،كەهەر فەرمانبەرێك دەوامی زیادەی كرد موچەی زیادەی پێ‌ دەدرێت .

جەعفەر گوانی وتیشی : لەناو موچەی زانایانی ئاینی پلە نیە،بۆنمونە لە قوتابخانەكان بەرێوبەر هەیە،جێگری بەرێوەبەر هەیە،ئەو بەرێوبەرە نەسریەكی تایبەتی هەیە لەموچەكەی،جێگرەكەی بەهەمان شێوە، بەڵام لەمزگەوت مامۆستایانی ئاینی كۆمەڵێك ئەركی گرنگیان لەسەرشانە دەبێت چاودێری بانگ بێژو خزمەتگوزار وپاك وخاوێنی مزگەوت و هەموو لایەنەكان بكات ،كەچی بەرێوبەری مزگەوتەكە هیچ حسابێكی بۆناكرێ‌ و دینارێكی بۆخەرج ناكرێت بەپێچەوانەی هەموو دام ودەزگاكان، جائەوە كۆمەڵێك داواكارییە خستومانەتە روو هیچ نەبێت وەكو فەرمانبەرێكی ئاسایی حساب بۆ مامۆستایانی ئاینیش بكرێت.

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی كەئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان كردوە یەكێتی زانایان داوای رێژەی 20%بۆپێش نوێژوتارخوێنان و ،رێژەی 15% بۆپێش نوێژان دەكەن.