ئایا زانست لە خۆیدا مەبەستە؟

ئەم پرسیارە دەبوا زۆرێک لە بەناو ئاکادیمی و نازناوی پرۆفیسۆری و شتی قەبەی تر ئەم پرسیارەیان لەخۆیان بکردایە و ڕۆژێ لە ڕۆژان هەڵوێستەیێکیان بکردایە، بەڕاست بوونی شەهادە سەلمێنەری زانابوونی کەسەکەیە یان بروانامە تەنها سەرچاوەیەکە بۆ زیاد کردنی داهات و دەخلی فەردی، من لە زوەکەوە جەختم لەسەر ئەوە کردووەتەوە لە زانکۆکاندا هەمیشە پەیڕەوی ئەوە دەکرێت کە بڕوانامە بۆ هەمووان بەڵام زانست بۆ ئەوەی دەیەوێت (الشهادە للجمیع والعلم لمن یرید)، دیسان دەڵێم ئایا زانست لەخۆیدا مەبەستە مرۆڤ بۆی بکۆشێ یان دەبێت زانست بمانگەیێنێتە شوێنێک کە بەزانست نەبێت ناگەین، زانست بۆیە گرنگە گەیێنەرە نەک مەبەستی سەرەکی هەرکات ئێمە زانستمان وەک گەیێنەر وەرگرت و مامەڵەمان لەگەڵ کرد ئەوکاتە ئەو تەمەنەی کە بەخەرجمانداوە لەجێگەی خۆیدا بووە ، مامۆستای مرۆڤایەتی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لە فەرموودەیەکدا کە سەیدنا ئەنەس بۆمان دەگێڕێتەوە فەرموویەتی: (مَنِ ازْدَادَ عِلْمًا وَلَمْ يَزْدَدْ هُدَى لَمْ يَزْدَدْ مِنَ اللَّهِ إِلا بُعْدًا) هەرکەس بەپلەکانی زانستا سەرکەوت بەڵام ئەم زانستە نەبووە مایەی هیدایەت و ڕێنمایی، ئەوە هیچی لە خواوە بۆ زیاد نەبوو تەنها دوور کەوتنەوە نەبێت.

ئەوە ڕوونە کە زانست دوو جۆرە یان دوو بەشە، زانستی حضوری: ئەو زانستەیە کە پێش زانراوەکە بوونی هەیە.

زانستی حصولی: ئەوەیە کە دوای زانراوەکە دێتە بەرهەم.

نموونەیەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم دوو حاڵەتە.

 تۆ برسیتە هەستکردنت بەبرسییەتی ئامادەیە نەک وێنای برسییەتی، کاتێک لای کەسێک باسی برسییەتی دەکەی وێنای برسییەتەکەت گەیاندووەتە زیهنی کەسی بەرامبەر نەک حاڵی برسی بوونەکە، بۆیە ئەویش هەوڵدەدات پارویەکت بۆ ئامادە بکات ودەرخواردت بدات، بۆیە تۆ لێرەدا وێنای برسیەتیت گەیاندە بەرامبەر نەک خودی برسییەتی، ئەگەر خودی برسی بوونەکەت بگەیاندایە بەو پاروەکەی نەئەدا بەتۆ و بۆ خۆی دەیبرد لە کەمترین حاڵەتدا نیوەی پێدەدای، چونکە ئازاری برسی بوونی پێگەیی بوو، دەی برسی بوونەکە بۆ تۆ دەرک کردنەکەی زانستی حضورییە و گەیاندنی وێنەکە بۆ زیهنی بەرامبەر زانستی حصولییە، بۆیە زانستی حەزوری شتێکە و زانستی حسولیش شتێکی ترە.

بەکورتی.

١- زانست لەخۆیدا مەبەست نییەو دەبێت گەێنەر بێت.

٢- هەر زانستێک مرۆڤ نەگەیێنێتە پلەی پەرواکاری و خواناسی زانستەکەی لە دواڕۆژدا سودێکی بۆی نییە، باسەکە باسی ئیرادەی خوانییە ، خوا خۆی چۆن مامەڵە دەکات کاری ئێمەنییە.

٣- زانا ئەو کەسەیە لە خوا نزیکە و بەو ئەندازەیە خوا دەناسێ کە خۆی ناساندووە لە قورئان و لەسەر زاری پێغەمبەرەوە.

٤- دووریمان لە خواوە هۆکاری سەرەکی نەزانین ونەناسنە.

٥- دیارە کە زانستەکان بەشێوەیەکی گشتی لە خۆیدا مەبەست نییە تەنها دەبێت بمانگەیێنێتە ڕەزامەندی خوا.