من شافیعی کوردستانم

من شافیعی کوردستانم

گەر خۆشویستنی نیشتیمان

پیاسەی ڕۆحم

بۆ ژوانگەی،

سەربەخۆیی و بوون بە سوڵتان

لە فەرهەنگی شێواوتانا

ڕافزییبوون

دەگۆڕێ بە ناونیشانم

چاك بمناسن

من بیدعەچی و

ڕێبەری ڕافزییەکانم

بەناوی خواو

کەرامەتی مرۆڤەوە

مۆری کوفر

لەژێر دەستەیی دەدەم و

هاوار دەکەم

کوا کۆماری کوردستانم؟

گەر گیانیشم

لە ئەم ڕێبازەدا دانا

دوای مردنیش

دەیکەم بە پاسەوانێکی

قەت نەخەوتووی

گێڵگەی

سەوزی خەونەکانم

*كاتی خۆی هەندێ کەسی کاڵفام، لەسۆنگەی خۆشویستنی زۆری ئیمام شافیعی، بۆ ئال و بەیتی پێغەمبەر (د.خ)، ناو و ناتۆرەی ڕافزیان خستبووە شوێنی! (کە لە مێژوودا وەك ئاوەڵناوێکی نەرێنی بۆ شیعەی دوانزە ئیمامی بەکارهاتووە)