أبو أمامة الباهلي دەگێرێتەوە كە پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (أنا زعيمٌ ببيتِ في رَبَضِ الجنةِ لمَن تَرَكَ المِراءَ وإن كان مُحِقًّا، وببيتِ في وسطِ الجنةِ لمَن تركَ الكذبَ وإن كان مازحًا ، وببيتٍ في أعلى الجنةِ لمَن حَسُنَ خُلُقُه) . پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: من كەفیلم لە دەستەبەركردنی ماڵێك لە دەوروپشتی بەهەشت بۆ ئەو کەسەی کە واز لە مشتومڕ و موناقەشەكردن دەهێنێت، تەنانەت ئەگەر هەقیش بێت، وە ماڵێک لە ناوەڕاستی بەهەشت بۆ ئەو کەسەی کە واز لە درۆ دەهێنێت، تەنانەت ئەگەر گاڵتەیش بکات، وە كەفیلم لە بەدەستهێنانی خانوویەک لە لوتکەو سەرووی بەهەشت بۆ ئەو کەسەی کە ڕەوشت بەرزو ئاكار جوانە. لەڕاستیدا وازهێنان لە مشتومڕو موناقەشەكردن؛ برایەتی و تەبایی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و تەنانەت تەبایی خێزانیش دەپارێزێت لە لێكترازان و ئاژاوەو كێشەو گرفت، درۆكردنیش ئەگەر بە گاڵتەش بێت لە پێگەو ڕیزو حورمەتی كەسە كەمدەكاتەوە لە نێو كۆمەڵگە، وە لوتەكەی ئەو هەموو كردەوانە ڕەوشت بەرزیی و ئاكار جوانییە چونكی ڕەوشتی بەرزی هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە. بێداری لەڕاستیدا ئەو مشتومڕە لەم سەردەمەی ئێستاماندا بۆتە خواست و باسی سۆشیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تەنانەت بۆتە دیاردەیەكی زەق، ڕۆژانە زؤربەی زۆری چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لە ڕێی لایفی ڕاستەوخۆو و بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤدیۆوە، مشتومڕو موناقەشەیەكی زۆر دەكەن لەسەر هەندێك بابەت كە پێویست ناكات ئەنجام بدرێت، لە كاتێكدا ئەو كۆمەڵگەیە موسڵمانە كارێك بە یەكتر دەكەن، با بە بەدەواری شڕی نەكردووە، بیریان چۆتەوە كە پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: من كەفیلم لە دەستەبەركردنی ماڵێك لە دەوروپشتی بەهەشت بۆ ئەو کەسەی کە واز لە مشتومڕ و موناقەشەكردن دەهێنێت، تەنانەت ئەگەر هەقیش بێت .....هتد. جێی خۆیەتی ڕووی دەمم بكەمە ئەو مامۆستاو مەلایانەی هەر یەكەیان سەر بە ڕەوت و ڕێبازێكی فیقهی جیاوازن، كە چی بەیەكتر دەكەن لەو سۆشیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەوە، بەڕاستی جاری وا هەیە شەرمت بە خۆدا دێت، وەك ئەوەی ئەو بەڕێزانە، ئەو فەرموودەیەیان نەخوێندبێتەوەو ڕاڤەیان نەكردبێت لەسەر مینبەر بۆ موسڵمانان لە ڕۆژی هەینی دا، یان لە وتارو ئامۆژگاری ڕۆژانەیاندا، بەداخەوە، خۆیان هێناوەتە ئاستێكەوە كە كەس ناخوازێت و حەزی پێی نیە بگاتە ئەو ئاستەیان، لە قسە پێ وتن و بچوك كردنەوەی یەكتر. تكایە لە پێناو خودا ئەو شەڕەی سۆشیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕابگرن، بۆچی مامۆستا و مێزەر بەسەری قەدرگران لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) ئەو فەرموودەیە جیبەجێ ناكەن، بۆ ئەوەی بەهەشت مسۆگەر بكەن بۆ خۆتان با لایەكتان بێدەنگ بێت لە ئاستی ئەوی تر، با كاردانەوەتان نەبێت. د. سیروان ئەحمەد كركوكی |