پێویستی مرۆڤایەتی بە نووری پێغەمبەر (د.خ)

 

پێش هاتنی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) خەڵک لە دۆخێکی ناهەموارو پڕ لە ئاڵۆزی و ناعەدالەتی و پشێوی و نەفامی و دواکەوتوویی دەژیا، یاسای خێرو شەڕ، هەق و باتیڵ، دادو ستەم لە ئاستێکی شپرزەیی خۆی دەبینیەوەو هەموو شتێک لەدەست ئەوانە بوو کە بەهێزبوون لەناو کۆمەڵگە، لەلایەکی ترەوە بتپەرستی و بێ دینی و داروخانی رێسای کۆمەڵایەتی و بەهای ئەخلاقی و سەرگەردانبوونی خێزان و نادادی؛ تەنگی بە مرۆڤ و کۆمەڵگە هەڵچنیبوو، ئاسۆیەک بۆ ژیان و تروسکایەک بۆ باسی ماف و ئازادی و کەڕامەت نەمابوویەوە.

بە نمونە قوڕئان باسی ئەو کەسانە دەکات، کە هەواڵی لەدایکبوونی کچیان پێ دەگەیشت یەکسەر رەنگیان رەش هەڵدەگەراو هەستی شەرمەزاریان بۆ دروست دەبوو، چونکە کچ مایەی شەرمەزاری بوو، بۆیە یان دەبوو لەناو ئەو کەشە شەرمەزارییە بمانایەوە، یانیش کچەکە زیندە بە چاڵ بکەن! خوای گەورە دەفەرموێ: (وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ يَتَوَارَىٰ مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَىٰ هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلَا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ) النحل: 58-59. واتە: خۆ ئه‌گه‌ر مژده‌ى بوونى كچ بدرێت به‌ يه‌كێك له‌و نه‌فامانه‌، رووى گرژو تاڵ ده‌بێت ‏و ره‌ش داده‌گيرسێت ‏و سينه‌ى پرِ ده‌بێت له‌ خه‌م‏ و په‌ژاره‌، له‌ داخ‏ و خه‌فه‌تى ئه‌و مژده‌ ناخۆشه‌، خۆى ده‌شارێته‌وه‌ له‌ خەڵكى و به‌ته‌نها (بيرده‌كاته‌وه‌): ئايا بیهێڵێته‌وه‌ به‌ زه‌ليلى و سووكى و بێ نرخى، ياخود زينده‌ به‌چاڵى بكات و بيخاته‌ توێى خاكه‌وه‌، ئاگاداربن؟! ئاى كه‌ چه‌نده‌ خراپه‌ ئه‌و بڕياره‌ى كه‌ ده‌يده‌ن! (وه‌چه‌و نه‌وه‌ى خۆيان زينده‌ به‌چاڵ ده‌كه‌ن).

ئەگەر ئەمە وێنایەک بێت لەو کۆمەڵگە دواکەوتووەی پێش هاتنی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت)، تێدەگەین مرۆڤایەتی لە چ ئاستێکی تاریک پەرستی و نەفامی و دۆزەخێک ژیاوە، ئیدی خوای گەورە وەک رزگارکردنی مرۆڤایەتی و راستکردنەوەی رێڕەوی مرۆڤبوون و گێڕانەوەی بەهاو کەڕامەت و دانانی چوارچێوەی بەندایەتی و هۆکاری هیدایەت؛ پێغەمبەری ئیسلامی بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی نارد، تا وەک فریادڕەسێکی کەم وێنە ببێتە مایەی رزگاری مرۆڤایەتی و نەهێشتنی ستەم و نادادی.

هەر لەبەر ئەوەشە خوای گەورە مننەتی ناردنی پێغەمبەراتی بەسەر ئیماندارانەوە دەکات، دەفەرموێت: (لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) يل عمران:164. واتە: سوێند بێت بێگومان خوا منه‌تى ناوه‌ته‌ سه‌ر ئيمانداران كاتێك پێغه‌مبه‌رێكى بۆ ره‌وانه‌ كردوون له‌ خۆيان ئايه‌ته‌كانى ئه‌ويان به‌سه‌ردا ده‌خوێنێته‌وه‌، دڵ و ده‌روونيان پاك ‏و پوخت ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها فێرى قورئان ‏و داناييان ده‌كات، به‌ڕاستى پێشتر له‌ گومڕاييه‌كى ئاشكرادا رۆچوو بوون.

لە راستیدا خودای گەورە مرۆڤی خەڵق کردوە و ڕێنمونیشی کردوە بۆ ڕێگەی ڕاست، چونکە مرۆڤ خۆی بەتەنها ناتوانێ ڕێگەی خراپ لەباش جیا بکاتەوە، بەڵکو پێویستە پشت ببەستێ بە نووری پێغەمبەرایەتی کە خودا ناردویەتی بۆ مرۆڤایەتی، مرۆڤ لە دوو جەمسەرەی لایەنی ڕۆحی و لایەنی ماددی پێکهاتووە، لایەنی ماددی بە خواردن و خواردنەوە بۆی دەستەبەر دەبێ، بەڵام کەلێنی لایەنی ڕۆحی تەنها بەنوری پەیام و پەیامبەرێتی پڕدەبێتەوە، خودا خۆی خاڵقی مرۆڤەکانەو هەر خۆیشی دەزانێ چ شتێ بۆ لایەنی ڕۆحی و لایەنی ماددی و پێویستیەکانی باش و بەکەڵک و بەسوودە.

ویستی خوای پەروەدگار وابووە پێغەمبەرێک وەک دوایەمین پێغەمبەر بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی بنێرێت، کە هەڵگری خەسڵەت و خاسیەتی تەواوی پێغەمبەران و، پەیامەکەشی هەڵگری هەموو شەریعەت و پەیامی کتێبە ئاسمانیەکان تر بێت، ئەمەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی و حیکمەتی گەورەی تێدایە، سەرباری ئەوەی هاتن و پەیام و رێبازی پێغەمبەری ئەکرەم (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ تێکرای جیهان و هەموو سەردەمەکان، هێمای رەحمەت و بناغەی دانانی مافی مرۆڤ و رزگاری و سەعادەتی ئینسانیەت بووە، وەک خوای گەورە ئاماژەی بۆ کردووەو دەفەرموێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبیاء:107، واتە: ئه‌ى محمد (درودی خوای لێ بێت) ئێمه‌ تۆمان ره‌وانه‌ نه‌كردووه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ببيته‌ ره‌حمه‌ت‏ و به‌ره‌كه‌ت بۆ هه‌موو جيهانه‌كان (جيهانى ئاده‌ميزاد و گياندار و رووه‌ك‏ و په‌رى و...هتد).

ئەو جیهانەی پێویستیەکی حەتمی بە پێغەمبەرو پەیامی ئایینیە بۆ وەرگرتنی ئیرشاداتی ئاسمان و بەرێوەبردنی ژیانی سەر زەمین، تا بە هۆیەوە مرۆڤ لەمانای بوون و هاتنە دونیا خۆی بگات و مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێت و رێی هیدایەت و رزگاری و پاڵفتەو تەزکیەی ناخ و دەروونی بزانێت، لەو سۆنگەوە دەکرێ بڵێین پێویستی مرۆڤایەتی بە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەرێی دوو خاڵی سەرەکیەوە دەرەکەوێت:

یەکەم: بەو پێیەی عەقڵی مرۆڤ سنووردارەو بەتەنها ناتوانێ دەرکی هەموو ئەو بنەماو بەهاو هێڵە گەورانەی هیدایەتی راستەقینەو پەیوەست بەهەردوو دونیا بکات، وە بە شێوەی رەهایی توانای یەکلایی کردنەوەی هەندێ بابەتی جەوهەری نیەو، پێویستی بە راسپاردەی سەماوی هەیە.

دووەم: لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە شارستانیەت و زانست و هزرو عەقڵ بگەنە ترۆپکی پێشکەوتن و گەشەو ئاستی باڵاوە، دەبینین ناکۆکی و ململانێ و تێکگیران و پێکدادانی جۆراوجۆر لەنێو مرۆڤایەتی بوونی هەیەو، ئاست و چەندو چۆنایەتی ئەمانەش رێژەیی و جیاوازە.

لەنێو ئەو جەنجاڵی و ناڕۆشنی ئاراستەی ژیان و شارستانیەت و بۆ دۆزینەوەی رێی راست و گەیشتن بە هیدایەت، مرۆڤ پێویستی بە دەستگرو رێنیشاندەرو نمایندەو پێشەنگێک هەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێت هەموو ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە دەبنە مایەی نەجات و بە تێپەڕ بوونی زەمەن گۆڕانیان بەسەردانایەت و وەک مەعدەن دەمێننەوە.

روونە کە ئیسلام و پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) بەکۆمەڵێک بەرنامەو بنەماو بەهای نەگۆڕەوە هاتوون، هیچ کات و هیچ هۆکارو بارودۆخێک لەو ژیانە کەمیان ناکاتەوەو بەهای خۆیان لەدەست نادەن، بۆ نمونە بنەمای سەرەکی عەقیدەو بیرو باوەڕ باس لەوە دەکات خوا یەکە، ئەم بنەمایە بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستاو پاش ئێستا هەمان شتەو گۆڕانی بەسەر نایەت هەرچەند گۆڕان بە سەر زروف و زەمەن بێت، بەهەمان شێوە چەمکی ئەخلاق و بەها مرۆییەکان، رەوشت و ئاکارە جوانەکان، عەدل و عیفەت، عیلم و عەمەلی باش بەردەوام گەوهەرو نایابن و بەهای خۆیان هەیە، هەر بارودۆخێک لەدونیا روو بدات ئەو بەهایانە وەک خۆیان دەمێننەوەو کەم ناکەن.

بەمانایەکی تر هەرچیەک هەیە لە باشەو خێرو جوانی و رێکی، چ ئەوەی هەستی پێ دەکەین و بوونی هەیە لەسەر ئەرزی واقع، یان بە خەیاڵی مرۆڤ دادێت، لەڕێی ئیسلام و پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) بە ئۆممەت گەیشتووە، بە پێچەوانەشەوە هەرچیەک ناشیرین و شەڕو خراپەو نەگونجاو بێت لەگەڵ پێگەو سروشتی ژیان، ئەوە مرۆڤی لێ هۆشیارو ئاگادار کراوەتەوە، لێرەوەیە خوای گەورە منەتی ناردنی پێغەمبەرمان بەسەر دەکات، چونکە هەموو بەهاو جوانیەکانی ژیان و هۆکارەکانی ئاسوودەیی دەروونی و، بەرچاوو ڕوونی لە دیاردەو شتە خراپەکان بەهۆی ناردنی پێغەمبەرەوەیە، کە بۆشاییەکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤایەتی پڕ کردۆتەوەو دونیای بە نوری هیدایەت روناک کردووە.

کەواتە ئەگەر بمانەوێ لەهەموو رووێکەوە رێی باشتر بدۆزینەوەو بە ئەنجامی باش بگەین، وە ئاراستەی ژین و ژیانمان بەرەو گەیشتن بە بەهاو بنەمای دروست و رەسەن بڕواو، دوور بین لە ئاریشەو گرفت و دەردی دەروونی و دونیایی، وە ببینە براوەو سەرفرازی ئەبەدی هەردوو جیهان، ئەوە ئێستا لەهەر کات پتر پێویستمان بە شوێنکەوتەیی و پێشەنگی و رابەرێتی پێغەمبەر(درودی خوای لێ بێت) هەیە، چونکە هەر ئەو باشترین نمایندەو مامۆستاو سەرمەشقی کاروانی بەختەوەری و دین و ژینە، وەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز فەرموویەتی: (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) الأحزاب: 21، واتە: سوێند به‌خوا به‌ڕاستی له‌ پێغه‌مبه‌ری خوادا چاكترین نموونه‌ی ته‌واو و رێكوپێك هه‌یه‌ تا چاوی لێ‌ بكه‌ن‏ و شوێنی بكه‌ون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌زامه‌ندی خوایان مه‌به‌سته‌، سه‌رفرازی قیامه‌ت ئاواتیانه‌، هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام یادی خوا به‌زۆری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‏ و زمانیان پاراوه‌ به‌یادی خوداوە.

*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان.