پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە رەوشی خراپی حاجیان دەکات

سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدەدات، حاجیانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدان. جەختیشدەکاتەوە، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ئەوقاف هۆکاری خراپی رەوشی حاجیانن.


د. سیراج خەیلانی، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند" بارودۆخی حاجیانی هەرێمی کوردستان لەم ساڵدا بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوودا زۆر خراپبووە، بەتایبەت لە رووی شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوەیاندا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بانگهێشتی وەزیری ئەوقافی کرد، سەبارەت بە خراپی رەوشی حاجیان لەگەڵیدا کۆبووینەوە و چەندین پرسیارمان ئاراستە کرد، بەڵام وەڵامەکانی وەزیر دڵنیاکەر نەبوون".


خەیلانی گوتی" ساڵانە عورف بوو، لەکاتی چوونی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵی خودا، شاندێکی پەرلەمانیش بۆ چاودێریکردنی رەوشی حاجیان یاوەری دەکردن، بەڵام ئەمساڵ سەرۆکی پەرلەمان بوو بە هۆکاری ئەوەی شاندی پەرلەمان سەفەری حەج نەکەن، لە کاتێکدا ئەمساڵ زیاتر لە 3 هەزار و 700 هاونیشتمانی سەردانی حەجیانکردووە".


خەیلانی گوتیشی"سەرۆکی پەرلەمان بەڕەوای نابینێت چەند پەرلەمانتارێک بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی حاجیان یاوەری شاندی حاجیان بکەن، بەڵام پێی ئاساییە مانگانە هەندێک لە لیژنەکان بۆ نمایشی هونەری سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن".


سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، کە وەزیری ئەوقاف لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی ئەوقاف پێیراگەیاندوون، شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوەی حاجیانیان بە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو دۆلار هەرزانتر لە ساڵانی پێشووگرتووە، گوتیشی" پرسیاری ئەوەمان ئاراستەی وەزیری ئەوقاف کرد، کە ئەو پارەیە بۆ حاجیان دەگەڕێندرێتەوە یاخود دەگەڕێنرێتەوە بۆ بودجەی وەزارەت، بەڵام ئەو پێیراگەیاندین، کە نازانن ئەو پارەیە چی لێدەکەن".


خەیلانی ئاماژە بەوەشدەکات، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ئەوقاف هۆکاری خراپی رەوشی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە، راشیگەیاند" ئەگەر شاندێک لە پەرلەمانتاران یاوەری حاجیانیانکردبا دڵنیام ، دەیانتوانی لەگەڵ بەرپرسانی حەج کۆببنەوە و رەوشی حاجیان باشتر بکەن".


ساڵانە چەندین هاونیشتمانی بەمەبەستی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن، ئەمساڵیش زیاتر لە سێ هەزار هاونیشتمانی سەردانی سعودییەیان کردووە.


 


لە رووداو وەرگیراوە