یەکێتی زانایان: پێویستە مەرجەعەکانی شیعە رۆڵی مێژووییان بگێڕن

یەکێتی زانایان: پێویستە مەرجەعەکانی شیعە رۆڵی مێژووییان بگێڕن


بسم الله الرحمن الرحيم


(يَاأَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)


ماوەیەکە گرژی و ئاڵۆزیێك لە نێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی دروست بووە لە دوزخورماتوو، کە دواجار کۆمەڵێك کاری نەرێنی لێوە دروست بوونە، لە کاتێكدا ئێمە چاوەڕوان بووین بە حیکمەتی سیاسەتمەداران و هەوڵی مەرجەعەکانی شیعە ئەم باسە زوو کۆتایی بێت، بەتایبەتی کە گەلی کورد هیچ کاتێك کێشەی مەزهەبی لەگەڵ هیچ مەزهەبێکی عێراقدا نەبووەو، هەمیشە هاوڵاتیانو زانایان و سیاسەتمەدارەکانی کوردستان بە چاوی رێزەوە تەماشای مەزەبە جیاوازەکانیان کردووە، هەمووانیش لە کاتی تەنگانە خۆیان لە باوەشی کوردستان گرتۆتەوە.


لێرەوە وەك زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی هەر کارێکی تائیفی و فیتنەگێڕی، هیوادارین مەرجەعەکانی شیعە رۆڵێکی کارا ببینن، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن بە حەڵاڵکردنی خوێنی کوردستانیان لەلایەن کەسانێکی گێرەشێوێن لە پەنای مەزەب و، سوکایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەییەکانی ئەم گەلە نەکرێت، بە تووندی بەرپەرچی ئەو هەوڵە نەگریسانە بدەنەوە، کە سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکەن، کە رۆژانە لەژێریدا شکست لە دوای شکست بە تیرۆریستان دەهێنن، هەروەك پێویستە پارێزگاری لەو مێژووە بکەن، کە شێخ محسن الحکیم لە ناخۆشترین رۆژدا نەیهێشت فەتوای حەڵاڵکردنی خوێنی کورد بدرێت.


 


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان


22/11/2015