کونسوڵی هەنگاریا سەردانی زانایان دەکات

رۆژی دووشەمە (23/11/2015) دکتۆر جابا فیزیکینی کونسولی گشتی هەنگاریا سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی کرد، ئەمەو لە کۆبوونەوەکەدا کە دکتۆر عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆکی زانایان و جێگری و چەند ئەندامێکی زانایان ئامادەبوون.

ئەمەو وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی بەڕێزیان، هەردوولا گفوگۆیان کرد دەربارەی رەوشی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی باسی رەوشی ئایینی و ئەو کارانەی بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە دەکرێت، لە کاتێکدا پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە، بۆیە هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی وشیاری تەواوی ئایینی بڵاوبکرێتەوە لەم بارەوە.
کونسولی هەنگاریا سەرسامی خۆی دەربڕی بەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان سەرجەم ئاین و مەزەبو نەتەوە جیاوازەکان هەیە، خۆشحالیش بوو کە ئەم پێکەوەژیانە لە رێگەی مامۆستایانی ئایینی هەمیشە قوڵتر دەبێتەوە، لەم بارەوە پێزانینێکی زۆری بۆ مامۆستایانی ئایینی هەبوو.

لە تەوەرێکی تردا باس لە هەماهەنگی بەردەوام کرا لە نێوان یەکێتی زانایان و دامو دەزگا ئایینییەکانی هەنگاریا بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە کاری هاوبەش بکەن، هەروەها هاوکاری جددی بن تا رێگە لەو کارەساتە مرۆیییانە بگیرێت کە لە ئەنجامی شەرو شۆر دێنە سەر هاوڵاتیان و ئاوارەبوون و پەڕاگەندەبوون.