دەستەی دەستپاکی هەرێم سوپاسی رادیۆی زانایان دەکات

رۆژی دووشەممە (23/11/2015) دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان سوپاسنامەیەکی ئاراستەی رادیۆی زانایان کرد لە بەرامبەر بەردەوامی بڵاوکردنەوەی وشیاری دەستپاکی و رێگرتن لە گەندەڵی.

لە سوپاسنامەکە کە ئیمزای د. ئەحمەد ئەنوەر محمد سەرۆکی دەستەی ناوبراوی پێوەیە هاتووە:
(رێزو سوپاسی خۆمانتان ئاراستە دەکەین بەهۆی بڵاوکردنەوەی دروشمەکانی تایبەت بە رووبەرووبونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکی بەردەوام و هاوکاریتان بۆ سەرخستنی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان).
مەلا دیندار باڵەکی بەرپرسی رادیۆی زانایان لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی زانایان گووتی: لە مەراسیمی رێزلێنانەکە دەستەی دەستپاکی سوپاسی تایبەتیان بۆ رادیۆی زانایان هەبوو، ئێمەش لە بەرامبەردا بەڵێنمان پێدان لەسەر ئەم کاروانە بەردەوام بین، چونکە ئێمە لە ئیسلامەوە فێری ئەوە بووینە کە نە تەنها رادیۆ بەڵکو لە مینبەرو هەموو شوێنێك پشتیوانی دەستپاکی بین و هەموو هەوڵێك بدەین بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.