مامۆستای گردەسۆری کۆچی دوایی کرد

ئێوارەی دوێنێ 21/5/2016 مامۆستا شێخ عەبدوڵڵای گردەسۆری کۆچی دوایی کرد.


مامۆستا ئەندامی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی عالم و دیاری ناو زانایانی ئایینی بوو، هەمیشە زانایانی ئایینی رێزو حورمەتێکی تایبەتییان بەرامبەری هەبوو، مامۆستا بەردەوامیش تا ئەو کاتەی توانای بڕا لە تەدریس و وانەگووتنەوە بەردەوام بوو، لە لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی کارای هەبوو، هەمیشە تێبینی و سەرنجی وردی هەبوو، لەلایەکی تریشەوە مامۆستا کەسێکی رووخۆش و خاوەنی نوکتەی جوان بوو.


مامۆستا لە مەراسیمێکی شایستەدا بە خاك سپێردراو، مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی زانایان بەشداری مەراسیمەکەی کردو، وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا رۆڵی بەرزی مامۆستای باس کردو، باسی لەوەش کرد کە لە دەستدانی ئەو زانا مەزنانە بۆشاییەکی گەورە دروست دەکەن.


بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی زانایانی ئایینی، بەتایبەتی لە خانەوادەی بەڕێزی مامۆستا دەکەین، خوای گەورە سەبووریان بدات و، داواکارین لە خوای مەزن مامۆستای رەحمەتی غەرقی رەحمەتی خۆی بکات.