با جه‌ژنی ره‌مه‌زان بکه‌ینه‌ هه‌وێنی ئاشتبوونه‌وه‌

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی ره‌مه‌زان یه‌کێتی زانایان پیرۆزباییه‌کی گه‌رم له‌ موسڵمانان ده‌کات و په‌یامێکیش ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌کات، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی پیرۆزبایه‌که‌یه‌:


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان


به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی ره‌مه‌زان پیرۆزباییه‌کی گه‌رم له‌ ته‌واوی موسڵمانانی جیهان و کوردستان ده‌که‌ین، به‌تایبه‌تی پیرۆزباییی له‌ برا پێشمه‌رگه‌کان و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌که‌ین، له‌ خوای گه‌وره‌ داواکارین رۆژی و خواپه‌رستی هه‌موو لایه‌ك قبوڵ بکات و، ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ جه‌ژنی ئاشتی ته‌بایی و برایه‌تی. له‌ کاتێکدا ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ کوردستان به‌ کۆمه‌ڵێك کێشه‌و گرفت تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌وانه‌ شه‌ڕی نه‌گریسی تیرۆریستان و قوڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌و ململانێ ناوخۆییه‌کان، بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌که‌ین مکوڕتر بن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان، هه‌ر یه‌که‌مان له‌ ماڵ و مزگه‌وت و ناوه‌نده‌کانی خوێندن و شوێنه‌کانی تر هاوکارێکی جددی برا پێشمه‌رگه‌کانمان بین تا بتوانین به‌ر له‌ چه‌کداری له‌ رووی فیکرییه‌وه‌ تێکیان بشکێنین. هه‌روه‌ك لێره‌وه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین واز له‌و ململانێ نه‌خوازرانه‌یان بێنن و، له‌ بری گیانی رق و ململانێی ناشه‌ریفانه‌، ئاشت ببنه‌وه‌و، هه‌موو لایه‌ك به‌ یه‌ك ده‌ست پشتیوان بن بۆ رزگارکردنی خاکی کوردستان و هاوڵاتیانی له‌ ده‌ست شه‌ڕی تیرۆرو قه‌یرانی ئابووری، چونکه‌ خه‌ڵك زۆر ماندوو بووه‌و، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئاشتی و ئاشتبوونه‌وه‌ بکه‌نه‌ جه‌ژنانه‌ بۆ خه‌ڵکی شه‌ره‌فمه‌ندی کوردستان. دووباره‌ جه‌ژنی هه‌موو لایه‌کتان پیرۆز بێت.


یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان


1 شوال 1437


6/7/2016