یەکێتی زانایان سەردانی چەند کونسولخانەیەك دەکات

به‌ مەبەستی هەماهەنگی زیاترو گەیاندنی پەیامی زانایانی ئایینی کوردستان، یەکێتی زانایان لە رۆژانی (16و17 /8 / 2016) سەردانی کونسولخانەی هەر یەك لە وڵاتانی (ئوردەن، سعودیە، سودان) کرد، لە سەردانەکاندا بە جیاوازی لەگەڵ هەر یەك لە (هیثم أبو الفول) کونسولی ئوردەن لە هەولێرو (عبد المنعم عبد الرحمن المحمود) کونسولی سعودیە لە هەولێرو (یاسین عوض إسماعیل) کونسولی سودان لە هەولیر کرد.


لە دیدارەکاندا هەدوولا تەئکیدیان لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی هاوبەش کرد بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ زانایان و دامو دەزگا ئاینییەکانی ئەم وڵاتانە بە بەردەوامی هەبێت.


لە سەردانەکاندا دکتۆر عەبدوڵا سەعید سەرۆکی زانایان باسی مێژووی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و کاروچالاکییەکان کرد، بەتایبەتی تیشکی خستە سەر رۆڵی زانایانی ئایینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فیکری تووندڕەوی کە ئەمڕۆ بۆتە بەڵایەکی گەورە بۆ سەر موسڵمانان بە گشتی، ئەمەش ئەرکی زانایانی ئایینی گرانتر کردووە، بەڵام خۆشبەختانە زانایانی ئایینی کوردستان بە متمانەو هیممەتێکی زۆرەوە توانیان بەرەنگاری فیکری تووندڕەوی ببنەوەو، شان بە شانی پێشمەرگە دیفاع لە خاك و وڵات و نیشتیمان بکەن، چونکە ئەوان ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن و، دڵنیان شەڕی درێژخایەنی ئەوان لە شەڕی چەکداری بەهێزترەو هەوڵ و بەرخۆدانی زئاتری دەوێت.


هه‌روه‌ها سه‌رۆکی زانایان سوپاس و پێزانینی زانایانی ئایینی پێگه‌یاندن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بواری شه‌ڕی تیرۆر.


لەلایەن خۆیانەوە کونسوڵی وڵاتان سەرسامی خۆیان بە رۆڵی زانایان دەربڕی و ئاگاداری هەنگاوەکان بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و پارێزگاریکردن لە پەیامی رەحمەتی ئیسلام و، هێشتنەوەی کوردستان بە جوانی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی.


هەردوولا کۆکبوون لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی و ئاگا لە یەکبوون.


شایانی باسە شاندی یەکێتی زانایان پێکهاتبوو لە سەرۆکی زانایان و مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و مه‌لا محه‌مه‌د وه‌رتی و شێخ عه‌بدولباسیت بالیسانی، دکتۆر ئه‌حمه‌د شافیعی، مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی ته‌نفیزی و مه‌لا دڵشاد گه‌ڵاڵی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی زانایان.