یەکێتی زانایان پێشوازی لە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات

رۆژی یەکشەممە (28/8/2016) مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە یاوەری چەند ئەندامێکی باڵای یەکگرتوو، سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیان کردو، لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی زانایان و جێگرەکەیی و چەند ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزی بە گەرمی پێشوازی کران.


لە سەرەتای دیدارەکەدا دکتۆر عەبدوڵا سەعید سەرۆکی زانایان بەخێرهاتنێکی گەرەمی کردو، جەختی لە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی کردەوە لەم قۆناغەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی فیکری تووندڕەوی، روونی کردەوە هەرێمی کوردستان قوربانی زۆری داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو فیکری کافرکردن، پێویستە هەوڵ و کۆششەکان زیاتر یەکبخرێن بۆ رێگرتن لەم جۆرە تووندڕەوی و تیرۆرە، چونکە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو کارە تووندڕەویانەی تیرۆرستانی داعش دژی گەلی کوردستان ئەنجامیان داون لە کوشتن و دەربەدەرکردن و خوێنرشتن و هەتکردنی نامووسی خەڵك و رووخاندنی مزگەوت و مەزارە ئایینییەکان هیچ پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نییە.


هەروەك رۆڵی بەرخۆدانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند، لەوەی هەموو شتێکی گرانبەهای خۆیان پێشکەش کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرووپە سەرلێشێواوو لادەرە، لەمەش رۆڵی شەرەفمەندانەی زانایانی ئایینی کوردستانی روونکردەوە بۆ روونکردنەوەی چەمکە شێوێندراوەکان و، رێگیرکردنی بەردەوام بۆ ئەو فەتوا گومڕاو قسە پووچانەی رێکخراوی تیرۆریستی پشتی پێ دەبەستێت، چونکە تەنها لە رێگەی ئەمنیەوە ناتوانین بەسەر تیرۆرو تووندڕەوی زاڵ بین، بەڵکو دەبێ بە رێگەچارەی فیکریش بەرەنگاری ببینەوە، بۆ ئەمەش دەرگاو پشتگیری تەواوی یەکێتی زانایان بە سەرجەم لقو لێژنە فەتواکانی دەکەینەوە لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی بیری تووندڕەوی و ئاراستەکردنی گوتاری ئایینی بۆ بلاوکردنەوەی وەسەتیەت و فیکری میانڕەوی لە سەرتاسەری کوردستان.


لەلایەن خۆیەوە مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەو پەڕی سوپاسو پێزانینی خۆی ئاراستەی یەکێتی زانایان کرد بۆ ئەم ثێشوازییە گەرمە، تەئکیدی لەسەر رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و پارێزگاریکردن لەسەر پەروەردەکردنی گەنجان بە رێبازێکی دروست و بیرێکی میانڕەوی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئوممەتی ئیسلامی ئوممەتی وەسەتیەتە، هەروەك جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.


هەر لە میانەی دیدارەکەدا باس لە دواترین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بەتایبەتی بابەتی قەیرانی دارایی کە لەم قۆناخەدا هەرێمی کوردستان بە دەستییەوە دەناڵێنێت، هەروەك هەردوولا جەختیان لەسەر زەرورەتی گفتوگۆکردن کردەوە بۆ دەرچوون لە کێشە جەقبەستووەکانی هەرێمی کوردستان.