یەکێتی زانایان دوو کتاب بەناونیشانی (چەمکی جاهیلیەت)و (چەمکی خیلافەتی ئیسلامی) بڵاو دەکاتەوە

لە پرۆژەیەکی گرنگ و تازەیدا یەکێتی زانایان بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی راستەقینەی ئیسلام و روونکردنەوەی چەمکە ئیسلامیەکان، پرۆژەی وەرگێرِانی هەردوو کتابی (چەمکی جاهیلیەت)و (چەمکی خیلافەتی ئیسلامی) رادەگەیەنێت.


ئەم دوو کتێبە هی پرۆفیسۆر د. عەبدولفەتاح ئەلعەواری مامۆستاو راگری کۆلێژی بنەماکانی ئایین لە زانگۆی ئەزهەرە، کە بەرێز د. موحەممەد عەبولفەزیل ئەلقوسی جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر پێداچوونەوەی بۆ کردووەو پێشەکی بۆ نووسیوە.


لەم دوو کتێبە بە شێوەیەکی زانستی و خستنەڕووی ئایەت و فەرموودە هەردوو چەمکی (جاهلیەت) و (خیلافەتی ئیسلامی) روون کراوەتەوە، کە زۆر جار لەلایەن گروپە توندرِەوەکانی وەک داعش و هاوشێوەکانی تەفسیری هەڵەی بۆ کراوەو دونیایەک ماڵوێرانی و کوشتن و کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوەو، لەجیاتی خزمەت بە کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی، سومعەو پێگەی ئیسلام و موسڵمانانیان زیانمەندو ناشیرین کردووە.


ئامانج لەو پرۆژەیە هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و به‌رچاو ڕوونی گه‌نجان‌و روونكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌ ئیسلامیه‌كانه‌ بە شێوەیەکی زانستی و بەپێی تێگەیشتنی گەورە زانایانی ئیسلام له‌لایه‌ك‌و، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ نه‌زۆك‌و نامۆكانی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان و تەفسیری هەڵەیە بۆ دەقەکان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌.


لێرەوە سوپاسی هاوکاران بەتایبەتی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، کە پاڵپشتی و ئەرک و ماندوو بوونی زۆری کێشا بۆ تەواوکردن و سەرخستنی پرۆژەکە، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتێک بە کۆمەڵگەو بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی و هۆشیاری ئایینیەوە.


 


بۆ بینین و دابەزاندنی هەردوو کتێبەکە دەتوانن کلیک لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکەن:


http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=165&scheme=


http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=166&scheme=