شێخی ئەزهەری شەریف د. ئەحمەد طیب پێشوازی لە شاندی زانایانی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 11ی12ی2019 لەدیوانی تایبەتی خۆیدا رێزدار د. شێخ ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەری شەریف پێشوازی لە شاندی زانایانی کوردستان کردو دیدارێکی تایبەت لەنێوان هەردوولا بەرێوە چوو.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز شێخی ئەزهەر خۆشحاڵی خۆی بۆ زانایانی کوردستان دەبڕی و تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی پەیوەست بە زانایان و جیهانی ئیسلامی و پەیوەندی نیوان کوردو ئەزهەرو ئاستی خول و خوێندنی نێوان هەردوولا.


شێخی ئەزهەر لەبەشێکی قسەکانی لە دیداری زانایانی کورد گوتی: زانایانی ئایینی سیمبولی ئاشتی و چاکسازی کۆمەڵگەن، کە بتوانن وێنایەکی جوانی لێبوردەیی و وەستیەتی ئیسلام و میانڕەوی بگەیەنن، بۆ ئەوەی پەیامی یەکتر قبوڵکردن بەرجەستە بکەن و کلتوری رق و یەکتر نەخوێندنەوە رەت بکەنەوە، چونکە ئەوەی لە هەندێ وڵات روو دەدات بەلای منەوە جێگەی نیگەرانیە.


هەروەها گوتی: زانایان کۆڵەگەی پەیامی میانڕەوی و ئاشتی و ئیسلامی راستەقینەن، کە رێگە لە هزری توندڕەوی و تێکدەرانە دەگرن، وە ئەرکی سەرشانیانە پارێزگاری بکەن و لە هەڵوەشاندنەوەی بیرو هزری گروپە توندڕەوەکان رۆڵ ببینن، کە هیچ پەیوەندیەکی بە ئیسلامەوە نیە، ئەرکی سەرەکیمان ئاشتی جیهان و نەهێشتنی توندڕەویە.


گەورە زانای ئەزهەر گوتیشی: ئێمە هاوکار دەبین بۆ کردنەوەی خولی پترو چاودێری قوتابیانی کوردو حەزیش دەکەم لە نزیکەوە بیانبینم و دڵخۆشم کە پەیمانگای ئەزهەر لە کوردستان هەیەو هەقی خۆیەتی نوێنەریان لەنێو دەرچووانی ئەزهەر هەبێت.


هەروەها دواتر بە نوێنەرایەتی شاندی ناوبراو بەرێز مامۆستا فەرمان چۆمانی وتارێکی خوێندەوەو کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگی باس کردو پەیامێکی پوخت و بەجێی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کردو ويڕای دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین، جەختی لەوە کردەوە کە کوردو میسڕ مێژوێکی شکۆمەندیان هەیەو هەردوو ئاستی زانستی و هزری مانڕەوی دوو خاڵی هابەشی دیاری نێوان زانایانی کورد و مەشیخەی ئەزهەری شەریفن.


شایەنی باسە ئەو دیدارەی زانایانی کورد لە دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانایان و مەشیخەی ئەزهەر دێت و بە دیدارو پەیەوەندیەکی مێژوویی هەژمار دەکرێت.