سەرۆکی یەکێتی زانایان: وتاری هەیینی ئەنجام دەدرێت و مزگەوتەکانیش کراوە دەبن

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامنەدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان بەهۆی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆتە باسێکی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت بەشێک لە نوێژخوێنان.


لەو بارەوە بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە سایتی (زانایان)ی راگەیاند: سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی لە زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت لە وڵاتە دراوسێیەکانمان، ئەگەری بڵاوبوونەوەی لێ دەکرێت، پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو تەندروستی بن و بە تەواوەتی هاوکار بن بۆ هەر ئەگەرێک لەو بارەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: سەبارەت بە دەنگۆی داخستنی مزگەوت و ئەنجام نەدانی وتاری هەینی بەو هۆیەوە، هاوڵاتیان و موسڵمانان دڵنیا دەکەینەوە، کە لە ئێستادا نوێژی هەینی ئەنجام دەدرێت و هیچ بڕیارێک بۆ نەکردنی نوێژی هەینی لە ئارا نیە، ئەگەر خوانەخواستە دۆخی کوردستان کەوتە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە  ئەوە مەسەلەیەکی ترەو (لکل حادث حدیث)، بەڵام داوا لە وتاربێژانی بەرێز دەکەین کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستاو هاوکاریەک بۆ هەڵمەتی خۆپارێزی و سەلامەتی نوێژخوێنان رەچاوی کات بکەن و وتارەکانیان کورت بکەنەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: گرنگە وتاربێژان لە وتارەکانیان ئاماژە بە گرنگی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و پاکوخاوێنی بکەن، هەروەک گرنگیشە خەڵک هۆشیار بکەنەوە کە بە ورەیەکی بەرزو دوور لە دڵەڕاوکێ و نانەوەی دەنگۆی نادروست و بڵاوکردنەوەی ترس و بیم لەناو خەڵک خۆیان رابێنن، وە نزای خێرو سەلامەتی بۆ کوردستان بکەن.


سەرۆکی زانایان گوتیشی:  خۆشبەختانە کوردستان تا ئێستا سەلامەتە، بەڵام رێکاری خۆپارێزی شتێکی پێویستەو ئیسلامیش لەچەندین دەق هۆشیارمان دەکاتەوە لەوەی لەو جۆرە حاڵەتانە هەم خۆپارێز بین هەمیش خەڵک بپارێزین