یەکێتی زانایان بە بۆنەی ساڵیادی ئیسراو میعراج پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی ئیسراو میعراجی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی لە موسڵمانان دەکات و خوازیارە ئەم یادە ببێتە مایەی تێپەڕاندنی ناخۆشیەکان و سەلامەتی کوردستان لە مەترسی ئەو پەتایەی بڵاوبۆتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


((سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ)) الإسراء:1.


بە بۆنەی هاتنەوەی ۲۷ی رەجەبی ۱٤٤۱کۆچی ساڵیادی شەوڕۆیی پێغەمبەری سەروەرمان (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە موسلمانان دەکەین و خوازیارین بە رامان و وردبوونەوە لە واتاو دەرسەکانی ئەو یادە مەزنە، خەرمانێکی تازە لە پەرێزی ئیمان و پابەندی بە رێبازی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر بێنینە کایەوە.


ئیسراو میعراج کۆمەڵێک وانەی گرنگ و گەورەی تێدایەو کۆی روداوەکەش تەعبیرە لە رێزلێنان و گیرابوونی نزاو پشتیوانی و دڵنەوایی پێغەمبەری پێشەوا لەلایەن خوای میهرەبانەوە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی ئازیزانی و تەحەمول کردنی ئەزیەت و ئازار لەسەر بانگەوازی بۆ دینی خوا لە تائیف و هەموو ئەو ناخۆشیانەی لەو پێناوە هاتنە رێگەیەوە.


لە کاتێکدا ئەو یادە بەرز رادەگرین، کە وڵاتەکەمان و جیهان بە گشتی رووبەڕووی پەتاو مەترسی ڤایرۆسی (کۆڕۆنا) بویتەوە، کە سوپاس بۆ (خوای گەورە)و هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم و رێنمایی و رێکارە تەندروستیەکانی وەزارەتی تەندروستی، بە بەرواورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی نەخۆشیەکەی لێ بڵاو بۆتەوە هەرێمەکەمان زۆر باشترو سەلامەتترە.


وێرای جەختکردنەوەمان لە پێویستی پابەندی بە رێنماییە تەندروستیەکان، گەشبینین ئەو دوعاو خۆراگری و هەماهەنگی و گیانی هاوکاری و خۆپارێزیەی میللەتەکەمان، دەبێتە ئومێدو دڵنەوایی و ئاسۆی سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر ئەو نەخۆشیە، وەک چۆن خوای گەورە دەرگای دڵنەوایی و سەلامەتی و پاڵپشتی بەهۆی ئیسراو میعراجەوە لە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کردەوە، ئاوایش دەرگای خێرو خۆشی لە گەلی کوردستان دەکاتەوەو ژیان ئاسایی دەبێتەوەو ئاوەدانی دەکەوێتە شارو وڵاتمان.


جارێکی تر ئەو یادە بەرزو شکۆدارە پیرۆز دەکەین و هیوای سەلامەتی و تەندروستیەکی باش بەتایبەت لەو پەتایە بۆ هەموو لایەک دەخوازین، هەروەك گرنگە ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ پتر زیندووكردنەوەی سوننەتەكانی  پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، بەتایبەت لەو قۆناغە هەستیارەی مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕ دەبێت.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


26ی رەجەبی 1441کۆچی


21ی نەورۆزی 2020کوردی