یەکێتی زانایان جەژنی رەمەزان لەهەموو لایەک پیرۆز دەکات

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


موسڵمانانی بەرێز


کوردستانیانی ئازیز


بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی خۆشەویستی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، خوای گەورە تاعەت و خواپەرستی و رۆژووی هەموو لایەک قەبوڵ بفەرموێ و جەژنیش بکاتە مایەی خێرو خۆشی و نەمانی مەترسی نەخۆشی کۆرۆنا لەسەر کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.


جەژن واتای دەربڕینی خۆشی و هەست کردن بە ئارامی رۆحی دوای کۆکردنەوەی زەخیرەیەکی باشی عیبادەت و چاکەو خێر لە مانگی رەمەزان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەو نیەتخێری و ئاشتبوونەوەو برایەتی و خۆشی و خۆشەویستیە، بۆیە گرنگە هەمووان بەو پەڕی شکۆوە لەو دروشمە گەورەی ئیسلام بڕوانین و هەست و ناخمان بەرامبەر یەکتری پاک کەینەوەوە، هەروەک دەشخوازین ئەم جەژنە ببێتە وێستگەی ئاشبوونەوەی پتری نیشتمانی و هەماهەنگی و یەکریزی نێو ماڵی کوردو لایەنەکان.


ئەگەرچی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە جەژن دەکەینەوەو ماوەی پتر لە دوو مانگە دۆخێکی تایبەت دەگوزەرێنین، بەڵام ئومێدمان وایە خوای گەورە لەگەڵ ئەم جەژنە شادی و خۆشی زیاتر بڵاودەکاتەوە.


جارێکی تر پیرۆزبایی لە موسڵمانان و بەتایبەتی زانایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت بکات.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


23ی5ی2020ز


30/رمەزان/1441هـ