پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی زانایان بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ


(ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ)


بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی خۆشەویستی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، خوای گەورە تاعەت و خواپەرستی هەموو لایەک قەبوڵ بفەرموێ و جەژنیش بکاتە مایەی خێرو خۆشی و نەمانی نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.


جەژنی قوربان یەکێکە لە دروشمە گەورەکانی ئیسلام و تەعبیرە لە ئەنجامدانی فەریزەی حەج و دەربڕینی خۆشی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەو نیەتخێری و ئاشتبوونەوەو برایەتی، بۆیە دەبێ هەمووان بەو پەڕی گەورەییەوە لەو دروشمە گەورەی ئیسلام بڕوانین و بیکەینە وێستگەی ئاشبوونەوەی پتری نیشتمانی و هەماهەنگی و یەکریزی نێو ماڵی کوردو لایەنەکان.


بەداخەوە ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە جەژن دەکەینەوە، بەڵام ئومێدمان وایە خوای گەورە لەگەڵ ئەم جەژنە شادی و خۆشی زیاتر بڵاودەکاتەوەو ئەو دۆخە سەختەمان لەسەر سووک بکات.


جارێکی تر پیرۆزبایی لە موسڵمانان و بەتایبەتی زانایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت بکات.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


30ی7ی2020ز


9/زیلحیجە/1441هـ