لەماوەی حەوت مانگی رابردوو 45 زاناو مامۆستای ئایینی وەفاتیان کردووە

 بەپێی ئاماری فەرمی یەکێتی زانایان لە حەوت مانگی رابردوو نزیکەی 45 زاناو مامۆستای ئایینی بە هۆکاری جیا وەفاتیان کردووەو سەرۆکی یەکێتی زانایانیش دەڵێت: وەفاتی زانایان خەسارەتێکی گەورەیە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید لەو بارەوە گوتی: لەساڵی 2020 رێژەیەکی زۆر زاناو مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە، ئەمە وێرای رازی بوون بە قەدەری خوای گەورە بەڵام خەسارەتێکی گەورەیە لەناو کۆری زانایان، چونکە ئەوان پێشەنگی میللەتن لەرووی دینداری و گەیاندنی پەیامی ئیسلام.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: هۆکاری وەفاتی ئەو مامۆستا بەرێزانە زۆربەیان بەهۆکاری تەمەن و نەخۆشیەوە بووەو هەندێکیشیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.


هەروەها گوتیشی: لەخوای گەورە داواکارم ئەو مامۆستا بەرێزانەی هەموو تەمەنیان لە خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان خەرج کردووە خوا بە بەهەشتی بەرین شادیان بکات و تەمەندرێژیش بەو زانایانە ببەخشێت کە لە ژیان ماون و لەخزمەتکردن بەردەوامن.