سەرۆکی یەکێتی زانایان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی یەکێتی زانایان دەکات

 ئەمرۆ 16ی9ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان  سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی یەکێتی زانایان کرد.


ئامانج لەو کۆبوونەوە گەنگەشەی نوێترین بابەتە هەنووکەییەکان و ئەرک و ئەدای لقەکان و گفتوگۆی چالاکیەکانی رابردوو و چۆنیەتی پێشوازی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان و چەند پرسێکی دیکە بوو.


سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان سۆپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی بەرپرسی لقەکان کرد، کە لە ماوەی رابردوو لەرێی هەماهەنگی لە گەڵ دەزگاو یەکە ئیداریەکان هەماهەنگی باشیان هەبووە، بەتایبەت لە پرسی کۆرۆناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو پابەندی بە رێنماییەکان.


دواتری بە وردی تیشکی خستە سەر کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان لەو بارەوە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا تا ئێستا، ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرجەم هەوڵەکان توانیوە وەک دیکۆمێنت لە دوو توێی کتێبێک چاپ و بڵاو بکرێتەوە.


لە تەوەرێکی تردا باسی لە بابەتی فەتواو ئاریشەکانی بەردەم ئەنجومەنی باڵاو لێژنە فەرعیەکان کردو بە پێویستی زانی لە پێناو باشتر بەرێوەچوونی کارەکان و رەچاوکردنی هەستیاری پێگەی فەتوا هەماهەنگی پتر لە نێوان لێژنە فەتوای لقەکان و ئەنجومەنی باڵای فەتوا هەبێت، بۆ ئەوەی وردتر کێشەکان حەسم بکرێن و بزاندرێ کامە پرس و کێشە ئاراستەی ئەنجومەن دەکرێت.


سەرۆکی زانایان تیشکی خستە سەر بواری راگەیاندن بەتایبەت لە پرسی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و گەیاندنی پەیامی هێورکەرەوەو هاوکاری بۆ پاڵپشتی پابەندی رێنماییەکان و لەو نێوەشدا رۆڵی راگەیاندنی بەرز نرخاند.


خاڵێکی تری دانیشتنەکە پەیوەست بوو بە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان کە لە هەفتەی ئایندە پێشوازی یادە دەکرێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە ناتواندرێ هیچ جۆرە چالاکی و مەراسیمێک بەرێوە بچێت.


شایەنی باسە دواتر لەلایەن بەرپرسی لقەکانەوە گفتوگۆی تێرو تەسەل لەبارەی بابەتەکان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە کاروباری زانایان و دۆخی ئێستاو کاری پیشەیی و رێکخراوەیی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.