شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان دامەزراوەیی ئایینی و ئیداری پارێزگای دهۆک بەسەر دەکاتەوە

ئەمرۆ 20ی1ی2021 شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان بەسەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامانجی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و بەسەرکردنەوەی دام و دەزگا ئایینی و ئیداریەکانی سنوری پارێزگای دهۆک چەند دامەزراوەو یەکەی ئیداری شارەکەی بەسەر کردەوە.


لە پەیڤێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە رۆڵی زانایانی دهۆک کرد، کە لە ماوەی رابردوو خزمەتێکی دڵسۆزانەیان لەرووی ئایینی و نەتەوەیی پێشکەش بە کۆمەڵگە کردو لەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەورێکی باڵایان هەبوو، هەروەک جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە زانایانی بەهەمان نەفەس و لە پێناو هەماهەنگی و بەرژەوەندی گشتی درێژە بە خزمەتەکانیان بدەن.


دواتر شاندەکە سەردانی بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆکی کردو لەلایەن مامۆستا رێبەر نێروەیی بە گەرمیەوە پێشوازی کران و لە دانیشتنێکدا چەند پرس و بابەتێک قسەو باسی لەبارەوە کرا.


هەروەها بەمەبەستی پیرۆزبایی دەست بەکاربوون شاندی سەردانی بەرێز محمد خالد محمد بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک کردو لە چەند پەیڤێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان ويڕای پیرۆزبایی جەختی لە پێویستی هەماهەنگی ئەوقاف و یەکێتی زانایان لەپێناو خزمەتی مامۆستایانی ئایینی کردەوەو هیوای سەرکەوتنی بۆ بەرێوەبەری گشتی خواست و خەڵاتی پیرۆزبایی پێشکەش بە بەرێزیان کردو دواتر هەر بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانی مامۆستا عبدالرزاق کۆڤلی جێگری بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک کرد.


هەر لە درێژەی سەردان و دیدارەکان شاندی باڵای یەکێتی زانایان سەردانی لقی 1ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردو لەلایەن بەرێز سەربەست تروانشی بەرپرسی لق بە گەرمیەوە پێشوازی کران و لەدیدارەکە کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە سنوورەکەو رەوشی ئایینی و خزمەتی زانایان و هەماهەنگی جەختی لێ کرایەوە.


پاشان شاندی ناوبراو بەمەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکار بوون سەردانی بەرێز د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆکیان کردو بەگەرمیەوە لەلایەن بەرێزیانەوە پێشوازی کران لە دانیشتنێکی دۆستانەدا بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن باسی لەرەوشی ئێستاو ئەرکی هەمووان لە پێناو پاراستنی سەقامگیری کوردستان و ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ئایینی و ئیداریەکان و لەبەر چاوگرتنی خزمەتی زانایان و دڵسۆزیان بەرامبەر هاوڵاتیان و کوردستان و چەند بابەتێکی تر کرد.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک وێرای سوپاس و پێزانین تەئکیدی لە پەیامەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان کردەوەو ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەو کاریگەری زانایان کردو پاڵپشتی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک لە پێناو خزمەتکردنی زانایان و رەوشی ئایینی و ئاسایشی کۆمەڵگەو پرسی پێکەوەژیان دەربڕی، هەروەها چەندین تەوەرو باسی تر لە دانیشتنەکە قسەو باسی لەبارەوە کرا.


شایەنی باسە لە سەرجەم وێستگەکانی سەردانی شاندی یەکێتی زانایان خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان دەربڕی بەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەو رۆڵ و کاریگەری و هەڵوێستەکانی یەکێتی زانایانیان بەرز نرخاند.