دهوك: سەرۆکی یەکێتی زانایان لە زانکۆی ئەمریکی بەشداری کۆنفرانسی ئازادی ئایینی و رەتکردنەوەی رقەکاری دەکات

ئەمرۆ سێشەممە ١٤⁄ ١٢⁄ ٢٠٢١ بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی زیندین مولود بریکاری وەزارەت، بەشداری کۆنفرانسی ئازادی ئایینی و جیاکاری و وتاری رقەکاری كرد، كە وەزارەتی ئەوقاف بەھەماھەنگی زانکۆی ئەمەریکی و رێکخراوی کایسید رێکی خستبوو.


هەر لەو کۆنفرانسەدا هەر یەک لە بەرێزان د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایین و بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتاریان پێشکەش کرد.


وەزیری ئەوقاف دەستخۆشی لە لەزانکۆی ئەمەریکی و رێکخراوی کایسید کرد بۆ رێکخستنی چالاکیەکە، خۆشحاڵی خۆی بەبەشداری نیشانداو وتی کوردستان شوێنی دێرین و ئایینی و پێکەوەژیانی ئایینەکانە، مەڵبەندی ئارامی و تەناھیە بۆ ناوچەکە بەگشتی، ئەم پێکەوەییە مێژوویەکی درەو شاوەی ھەیە بەتایبەتی  لەشۆرشەکانی کوردا و بەنمونە شۆرشی ئەیلولی مەزن بەڕێبەرایەت" مەلامستەفای بارزانی" کە ھەموو ئایینەکان تێیدا رۆڵیان ھەبووە لەپاڵ براکانی تریان بەرگریان لەکوردستان کردووە.


دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان ويرای دەستخۆشی سازکردنی کۆنفرانسەکە جەختی لە گرنگی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان کردەوەو روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی لەو بارەوە خستە روو، هەروەک لە بەشێکی تری قسەکانی رایگەیاند، کە ئیسلام لە گەڵ گوتاری توندو تیژی نیەو پاڵپشتی میانڕەوی و لێبوردەیی و رێزگرتنە لەناو کۆمەڵگە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بکەین و کەراهیەت و یەکتر شکاندن و وتاری رقەکاری وەلاوە بنێین، کە هیچ خزمەت بە کوردستان ناکات.


جێگەی ئاماژەیە کۆنفراسەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی دەبێت چەندین پەنێڵ پێشکەش دەکرێن.