يەکێتی زانایان کۆبوونەوەی فراوانی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 15ی12ی2021 بەسەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی پێزانینی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان و سەرجەم زانایانی کوردستان کرد، کە رۆڵی دیارو بەرچاویان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەو بلاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و کوردستان هەیە.


دواتر بڕگەو تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خرانە روو، کە بەشێکیان پەیوەست بوون بە کاری پیشەیی و زانایان و رەوشی ئایینی و دوا پرس و پێشهاتەکانی هەنووکەیی و گەنگەشەی هەندێ بابەتی گرنگی یەکێتی زانایان لە ساڵی 2021دا.


لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە باس لە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان، کە لەسەر خواست و پێشنیاری یەکێتی زانایان لە رۆژی 29ی9ی2021 لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو، هەر لەو سۆنگەوە کۆبوونەوە بە سوپاس و پێزانینەوە بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی بەرز نرخاند، کە بۆتە مایەی دڵخۆشی و جێی ئومێدی زۆری زانایان، بۆ ئەو مەبەستە گەنگەشەو گفتوگۆی تێرو تەسەل بە ئامانجی دیاریکردنی میکانیزم و ستراتیژی پەیوەست لەو بارەوە کرا.


لە تەوەرێکی تر باس لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەو بابەتی سوکایەتیەکان بەرامبەر ئایین و سۆشیال میدیا و ئەرکی پیشەیی و بەرپرسیارێتی زانایان لەگەڵ رووداوەکان و مەسەلی خوێندینی ئیسلامی و گەڕانەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان و بابەتی پرسەو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکان کرا، هەروەها باس لە بابەتی فەتواو چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم بابەتەو ئەرکی زانایان و هۆشیاری کۆمەڵگە لەو بارەوە تاوتوێ کرا.


شایەنی باسە لە دانیشتنەکەدا لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان وێڕای راو و بۆچوونیان لەسەر پرسەکان، چەند سەرنج و پێشنیارو بابەتی جۆراوجۆریان تەرح کردو دواجار کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتووانە کۆتایی هات.