لە سەر لافاوەکەی هەولێر یەکێتی زانایان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بەهۆی لافاوەکەی دەرەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمرۆ 17ی12ی2021 کە بووە هۆی لێکەوتنەوەی زیانی زۆری گیانی و ماددی، یەکێتی زانایان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


(وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى) المائدە:2


دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە بە خوڕەی رووی لە ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت هەولێری پایتەخت کرد، بەداخەوە بووە هۆی لافاو و زەرەرو زیانی زۆری گیانی و ماددی و تێکچوونی زۆر شوێنی گشتی و تایبەتی.


بەو بۆنەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی بەرکەوتووانی لافاوەکە دەکەین و ئومێدمان وایە خوای گەورە پلەی شەهادەتیان پێ بدات و دڵنەوایی بە کەس و کاریان ببەخشێت، ئەوانەشی زیانی ماددیان بەرکەوتووە، خوای گەورە بەخێر بۆیان قەرەبوو بکاتەوە.


هەر لێرەشەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدارو خواپێداوان و خێرخوازان و رێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو لایەک دەکەین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی بەپێی توانا هاوشانی حکومەت بە پیر لێقەوماوانەوە بچن و بە گیانی هاوکاری و کۆمەکی کردن خەم و خەسارەتی زیانلێکەوتووان کەم بکەنەوە.


هەر لێرەشەوە داوا لە زانایانی بەرێزی ئایینی دەکەین بەردەوام بن لە هاندانی خەڵک بۆ پشتیوانی پرۆسەکەو کۆمەکی کردنی لێقەوماوان و زیان لێکەوتووان.


خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێت و کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش پارێزراو و دوورە بەڵا بێت.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


17ی12ی2021