شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کۆبوونەوەیەکدا گەنگەشەی چەند پرسێک دەکەن

ئەمرۆ 20ی12ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بەرێزان د. حسن موفتی و د.عومەر مرۆو د.عیرفان رەشیدو د. انس دۆسکی و مامۆستا مەلا حسن خۆشناو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیان کردو لەلایەن بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و زێندین مەلود بریکاری وەزارەت بە گەرمیەوە پێشوازی کران.


ئامانج لە دانیشتنەکە گفتوگۆی چەند پرسێکی پەیوەست بەهەردوولاو دوا پێشهاتەکانی ئێستای رەوشی ئایینی و دۆخی زانایان و بابەتی خوێندنی ئیسلامی  بوو، هەروەها تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەت بوو بە گەنگەشەی بریاری دیراسەتکردنی کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی  لە کوردستان، کە سەرۆکی حکومەت لە نوسراوێکی فەرمیدا هەریەکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی پلاندانان و یەکێتی زانایانی بۆ ئەم مەبەستە راسپاردووە.


خۆشبەختانە هەردوولا وێڕای خۆشحاڵیان بەو هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت و پێویستی کردنەوەی زانکۆیەکی لەم شێوە بە ئامانجی برەودان بە خوێندنی ئیسلامی لە کوردستان بە گرنگ وەسف کردو بە ئامانجی دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو چەند رێکارو بڕیارێکیان تاوتوێ کرد، بۆ ئەم مەبەستە هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی هەماهەنگی و راوێژی هاوبەش بۆ سەرکەوتنی هەنگاوەکان.