کونسوڵی گشتی وڵاتی ئیمارات لەهەرێم سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 14ی9ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، بەئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر مرۆ و د.حسن خۆشناو و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا مەلا عمادالدین فائز ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازیان لە بەرێز ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزەواهیری کۆنسوڵی گشتی ولاتی ئیماراتی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان کرد.


لەدانیشتنێکی دۆستانەدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان، تەئکیدی لە گرنگی پەیوەندی نێوان زانایانی کوردو ئیماراتی عەرەبی کردو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەزمونی ئیمارات لە دەستەبەری مافی هاوڵاتیبوون و قبوڵکردنی یەکتری بەجیاوازی فەرهەنگ و نەریت و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی لەکاری بانگەوازی و پەیامی زانایانی ئایینی و گیانی پێکەوەژیان دیارو بەرچاوە، ئەمەش رەنگدانەوەی گرنگی لە سەقامگیری کۆمەڵگەو ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە.


هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی زانایانی کورد دا کە توانیویانە خزمەتێکی گەورە لەو بوارانە پێشکەش بکەن و نمونەی جوانی ئیسلامپەروەری و مرۆڤدۆستی پیشانی دونیا بدەن و لە لایەکی تریشەوە رێگریان لە بیری توندڕەی و تیرۆر کردووە.


لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی گشتی وڵاتی ئیمارات وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان، باسی لەگرنگی ئەم جۆرە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزمونی زانستی و رۆشنبیری لە نێوان زانایانی کوردو وڵاتی ئیمارات کردو هەماهەنگی و کاری پێکەوەی لە ئایندە بە گرنگ زانی.