بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان مەراسیمی پێشوازی لە میوانان بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 21ی9ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەرپرس و کارگێرانی لقی هەولێری یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان مەراسیمی پێشوازی لە میوانان بەو بۆنەوە بەرێوە چوو.


لەو مەراسیمە هەر یەک لە بەرێزان نوێنەری مەکتەبی سەرۆکی هەرێم و، بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەنوێنەرایەتی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و پارێزگاری هەولێرو نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و بەشێکی زۆر لە بەرێوەبەرو نوێنەری دام و دەزگا حکومی و حزبیەکان و کەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی و ریش سپی و پیاو ماقوڵانی شاری هەولێر بەشداری مەراسیمەکە بوون..


لەکۆی دانیشتنەکان بەشداربووان پیرۆزبایی 52 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانیان ئاراستەی سەرۆک و مەکتەبی تەنفیزی و زانایانی ئایینی کردو تەئکیدیان لەو کردەوە، کە رۆڵی یەکێتی زانایان گرنگ و پڕ بایەخەو هەمووان بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانن.


لەلایەن خۆشیەوە د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان تەئکیدی لەوە دەکردەوە، کە یەکێتی زانایان رێکخراوێکی پیشەییەو بۆ خزمەتی مامۆستایانی ئایینی و گەیاندنی پەیامی ئایینی و ئاشتی و خزمەتی کۆمەڵگەی کوردستان دامەزراوەو سەربڵندە بەوەی تا رادەیەکی زۆر توانیویەتی لەئاست ئامانجەکانی خۆی ببێنێتەوە.


شایەنی باسە بەشێکی بەشداربووان بە نوێنەراتی سەرۆک و کەسایەتی و لایەنەکان پەیامی پیرۆزبایی تایبەتیان ئاراستەی یەکێتی زانایان کردو بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە کۆتایی هات.