ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوکمی تەشریحکردنی لاشەی مرۆڤ روون دەکاتەوە

لە دوا فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوا کە ئەمرۆ 29ی11ی2022 دەرچووە، باس لە حوکمی شیکاری و تەشریحکردنی جەستەی مرۆڤ دەکات، ئەنجومەنی باڵای فەتوا رایدەگەیەنێت: دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد سەبارەت بە پرسی تەشریح و شیکارکردنی لاشەی مرۆڤ دوای مردنی، بۆمان دەرکەوت تەشریحکردن دروستە بەپێی ئەو مەرج و رێسایانەی لە درێژەی فەتواکە روونمان کردۆتەوە.


ئەنجومەنی باڵای فەتوا دەشڵێت: گرنگترین مەرجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە، کە زەرورەت و پێویست بێت یاخود بە ئامانجی فێرکاری و دەرخستنی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری و وەرگرتنی مۆڵەتی کەس وکار بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رەچاوی ئادابی رێزگرتنی لاشەکەو ئەندازەی پێویستی تەشریحکردنەکە بکرێت.


ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئەوەشی روون کردۆتەوە، کە دروستە ئاژەڵ و باڵندەش بۆ مەبەستی دیاری کراو تەشریح بکرێت.


شایەنی باسە ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەدرێژەی فەتوایەکە کە خۆی لە حەوت لاپەرە دەبینێتەوە، بە شێوەیەکی وردو زانستی و لەچوارچێوەی خستنە ڕووی بەڵگەکانی پەیوەست و رای گەورە زانایانی مەزهەب ئەم بابەتەیان روون کردۆتەوە.