وەزیری گواستنەوەو گەیاندن سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات و کۆمەڵێک قورئان  بەدیاری پێشکەش دەکات

ئەمرۆ 26ی1ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی بەرێز ماۆمستا مەلا تەها خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازیان لە بەرێز ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندن کرد.


لەدانیشتنێکدا هەردوولا باسیان لە گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو رۆڵی زانایان لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پەیامی میانڕەوی و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی کردو دوا کردەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەنی کەسێکی سویدی کە بە ئایینی مەسیحی بووە جێی ئیدانەو سەرکۆنەکردنەو بریندارکردنی هەستی موسڵمانانە.


لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی یەکێتی زانایانئاماژەی بەوە کرد ئەم کردەیە کارێکی پێچەوانەی ئایین و یاساو بنەماکانی پێکەوەژیانەو ئیدانەی دەکەین، بەڵام ئەم کردە نادروستە کار ناکاتە سەر هەرێم لەوەی توندوتیژی لێ بکەوێتەوەو پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێک بدات.


وەزیری گواستنەوەو گەیاندنیش وەک ئاماژە بە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئەم کارە جێی قبول و ویستراو نیەو دەبێ بەهەمووان رێگری لەم کارانە بکەین، لەو سۆنگەوە وەک پیشاندانی ناڕەزایی و پشتیوانی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەهەرێم کۆمەڵێک نوسخە لە قورئانی پیرۆز وەک دیاری پێشکەشی یەکێتی زانایان کرد.