زانایانی ئایینی بەردەوامن لە پاڵپشتی کردنی کەمپینەکان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی و هاوکاری بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە

 


دوای راگەیاندنی کەمپینی هاوکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتوواتی بوومەلەرزە لە باکورو رۆژئاوای کوردستان، یەکێتی زانایانی ئایینی لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان و لەرێی لقەکانی یەکێتی زانایان بەردەوام لە هەوڵی پاڵپشتی کردنی کەمپینەکان و کۆکردنەوەی هاوکاری کۆمەکین بۆ کەس و کاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە.


لەپەیامی هاوخەمی خۆیدا بەبۆنەی بوومەلەرزەکە لە رۆژی 6ی2ی2023 یەکێتی زانایان رایگەیاند: هاوکاری کردن و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لەم جۆرە کارەساتانە خێرێکی مرۆیی و ئەرکێکی ئایینی گەورەیە.


هەروەها رۆژی 8ی2ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی لە پەیامێکدا رایگەیاند: هاوکاری کردنی ماددی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکورو رۆژئاوای کوردستان ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی و خێرێکی گەورەیە.


لە وتاری هەینی رۆژی 10ی2ی2023 مامۆستایانی ئایینی لە وتارەکانیان جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە وەکو موسڵمان و کورد و هەستی بەرپرسیارێتی مرۆیی لەرێی خێرو کۆکردنەوەی هاوکاری یارمەتی کەس و کاری قوربانیان بدەین و بەخێرێکی گەورەی بزانین، هەر هەمان رۆژ لە کوردستان نوێژی مردوو بە غائیب لەسەر قوربانیانی بوومەلەرزە کراو دوعای شیفا بۆ برینداران خوێندرا.


لەلایەکی تریشەوە بەشێکی هاوکارییە ماددی و پێداویستیە سەرەتاییەکان گەیێندرانە شوێنی کارەساتەکەو هەر ئەمرۆش لقی زاخۆی یەکێتی زانایان لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەرپەرشتی کاروانێکی هاوکاری کرد کە بریتی بوو لە یازدە تڕێڵەی کەل وپەل و پێداویستی لە چادرو خواردەمەنی و ئاوو و جلوبەرگ و سۆپاو دەرمان و شتی تر.


شایەنی باسە یەکێتی زانایان بەردەوام دەبێت لە بانگەو پاڵپشتی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەکی چونکە پێی وایە ئەمە ئەرکێکی ئایینی و هەنگاوێکی مرۆیی گەورەیە.