یەکێتی زانایان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی رێککەوتنێک بۆ خزمەتی چاکسازییەکان واژۆ دەکەن

 


ئەمرۆ 27ی3ی2023 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز ئیحسان عبدالرحمن بابان بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی، یەكەمین ڕێككەوتنی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئەنجامدرا.


ئامانجی ئەم رێککەوتنە زیاتر بۆ خزمەتی چاکسازییەکان و سزادراوانە کە لە ئایندە بتواندرێ لەژێر سەرپەرشتی هەردوولاو بە شێوەیەکی بەردەوام سیمینارو بابەتی پەیوەست لەرێی مامۆستایانی ئایینی لەناو چاکسازییەکانی گەوران و ژنان و منداڵان لە شارەكانی (هەولێرو سلێمانی و دهۆك)  پێشکەش بکرێت لە پێناو ئیسلاحکردن و دووبارە شیاندنەوەی سزادراوان بۆ ناو کۆمەڵگە.


دوای چەندین دانیشتن و دانانی بەرنامەی پەیوەست بەم هەنگاوە گرنگەو گەیاندنی پەیامی ئایینی و هۆشیاری و پەروەردەیی بە سزادراوان، دواجار رێککەوتنێکی گرنگی لەنێوان هەردوولا بەدوای خۆیدا هێناو، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی  زانایان و بەرێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی ناوەرۆک و گرنگی رێککەوتنەکەیان بۆ رای گشت  راگەیاندو هەردوولا ئاماژەیان بە پێویستی و بایەخی رێککەوتنەکە کردو رۆڵ و کاریگەری و پێگەی زانایانی ئایینی لەبەرقەرارکردنی ئاشتی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو کەمکردنەوەی تاوان و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و ئیسلاحکردنی تاک لەناو کۆمەڵگەدا بەرز نرخاندو هیوان خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی خزمەتکردن بە چاکسازییەکان و کەمکردنەوەی سەرپێچی و دیاردە خراپ و نەشیاوەکان.


شایەنی باسە لەم دانیشتن و واژۆکردنی رێککەوتنە هەر یەک لە بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. حسن موفتی و د. حسن خۆشناو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشدار بوون.