مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکات

 ئەمرۆ 13ی11ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن خۆشناو ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی، پێشوازیان لە بەرێز زێندین مەولود بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز مامۆستا فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە شاندەکە خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایانيان کردو باسيان لە رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی لەخزمەتکردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای خۆشحاڵی بە سەردانی شاندەکە، جەختی لە رۆڵ و کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و خزمەتی زانایان لەبەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەو پاراستنی سەقامگیری و گەیاندنی پەیامی ئیسلام و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی کردەوە.


هەر لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەردوولا لە چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و خزمەتی زانایان و کارکردن بۆ بەرەو پێشبردنی رەوشی مزگەوت و گوتاری ئایینی تاوتوێ کرا، هەروەها چەند گیروگرفتێکی بواری ئایینی و پەیوەست بە رەوشی ئیدارەدانی ئایینی و سەرپەرشتی کردنی مزگەوتەکان لە کوردستان گفتوگۆی لە بارەوە کرا.