یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف لەسەر پرسی رێکخستنەوەی خوێندنی ئیسلامی لە کوردستان کۆدەبنەوە

ئەمرۆ 16ی1ی2024 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێزان مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی و د.عومەر مرۆو د.حسن خۆشناو و د.دلشاد گەڵاڵی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازیان لە مامۆستا فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و بەرێز د.دیار جەباری راوێژکاری وەزارەت کرد.


لەدانیشتنێکدا وەک دووەم دانیشتنی تایبەت بە رێکخستنەوەو بایەخدانی پتر بە رەوشی خوێندنی ئیسلامی لە کوردستان و چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی خوندنی حوجرەو مەدرەسە ئەهلیەکان و دانانی میکانیزمێکی هاوبەش و دیاریکراو تاوتوێ کرا.


لەدیوێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە گرنگیدان بە مزگەوتەکان و مەراسیم و بۆنە زانستی و تایبەتەکان و بەردەوامی لێژنەی پێداچوونەوەی پڕۆگرامە زانستیەکان بۆ پێشخستنی حوجرەکان و بواری پڕۆگرامەکانی قوتابخانە و خوێندنی ئایینی و پشتیوانیکردنی قوتابیانی ئەم بوارەو نەهێشتنی گرفتەکانیان کرایەوە.


خۆشبەختانە هەردوولا رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ستراتیژێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستەو تەئکیدیش لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرایەوە.