سەرۆکی یەکێتی زانایان بە توێژینەوەیەکی زانستی بەشداری دیدارێکی زانایانی کۆڕبەندی فیقهی عیراقی دەکات

 


رۆژی 15ی1ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەیاوەری مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی؛ بەشداری کرد لە خولێکی زانستی زانایان عیراق کە کۆڕبەندی فیقهی عیراقی بەناونیشانی (صناعة المفتي والفتوى المعاصرة- مراحل وضوابط) لە ئوتێل دارین لە شاری هەولێر بۆ 60 زانای ئایینی شارە جیاجیاکانی رێکی خستبوو.


لە دەسپێکی دیدارەکە بەرێز دکتۆر تەها ئەلزەیدی ئەندامی کۆڕبەندی فیقهی عیراقی و سەرپەرشتیاری دیدارەکە، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی باسی لە پێگەو کەسایەتی سەرۆکی یەکێتی زانایان کردو رۆڵی بەرێزیانی لە خزمەتی زانایان و پەیوەندی نێوان کوردستان و بەغداو لەبورای هەڵوێست و نووسین و بەرهەمی زانستی بەرز نرخاندو خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوونی بەرێزیان دەربڕی.


پاشان بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان توێژینەوەیەکی زانستی بەناونیشانی (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و پەیڕەوی فەتوا) پێشکەش کردو تێیدا پوختەیەکی لە مێژووی شێوازی فەتوا لە هەرێمی کوردستان لەکۆن و سەردەمی نوێ خستە ڕوو.


سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە رۆڵی زانایانی کورد لەخزمەتکردنی فیقهی ئیسلامی و مەزهەبە دیارەکانی گەورە زانایان کردو شێزازو پەیڕەوی زانایانی کورد لە سەردەمانی پێشوو بەتایبەت لەسەدەی رابردوو تا دەگاتە دامەزراندنی یەکێتی زانایان و لێژنەی فەتوا بەرز نرخاندو چەندین نمونەی هێنایەوە کە مەلای کورد بە چ پێوەرو ئاستێکی باڵای زانستی خزمەتی ئەم بوارەی کردووە.


لە بەشێکی تری قسەکانی باسی لە لێژنەی فەتوا لەسەردەمی یەکێتی زانایان تا دەگاتە دوایەمین کۆنگرەی یەکێتی زانایان و هەموو ئەو قۆناغبەندی و پێشوەچوون و گۆڕانکارییەکانی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، باسی لە قۆناغی پەرەپێدانی فەتواو گۆڕینی ناوی لێژنە بۆ ئەنجومەنی باڵای فەتواو شێوازی فەتواو چۆنیەتی دەرکردنی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای فەتواوە کرد.


شایەنی باسە دواتر زانایانی بەشدار بوو بە پرسیارو سەرنج و ئاڵوگۆڕی بۆچوون دیدارەکەیان دەوڵەمەند کردو ئامادەبووانیش خۆشحاڵبوون بە توێژینەوەکەو ئاگاداربوون لە رەوشی فەتوا و رۆڵی زانایانی کورد لە نزیکەوە.